لە قەیراندا پیاوە مەزنەکان دەردەکەون

لە قەیراندا پیاوە مەزنەکان دەردەکەون

بەر لە دەرکەوتنی بارزانی نەمر بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد تووشی قەیرانی هزر و بیری نەتەوەیی ببوو, بارزانی نەمر بە هێزی شۆڕشگێڕی و بڕوای کوردایەتی سنوورە دەستکردەکانی تێکشاکاندن, بەو سنوور شکێنیەش توانی ئەو قەیرانە تێپەڕێنێ و درووشمی (کوردستان یان نەمان) بکاتە وێردی سەر زمانی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
دوای ئەوەی شیعە لە عێراق دەسەڵاتی گرتە دەست, دەیانویست وەک حزبی بەعس و خراپتریش خۆیان بەسەر عێراقدا بسەپێنن، بۆ ئەو مەبەستەش کەوتنە سنوور دانان بۆ کورد و هەوڵیاندا چۆن ئەو دەستکەوتانە لە کورد بستێننەوە کە بە خوێن و خەبات بەدەستی هێناون، رۆژێک هێزیان کۆدەکردەوە و هەڕەشەی هاتنەوە هەولێر و سلێمانیان دەکرد، رۆژێک بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان دەبڕی، بەوەش توانییان قەیران بۆ حکومەتی هەرێم درووست بکەن و بە هۆی ئەو قەیرانەشەوە لە چاوەڕوانی ئەوە دابوون حزب و لایەنە سیاسیەکان خۆیان بە دەستەوە بدەن، لەناو ئەو قەیرانەدا سەرۆک بارزانی دەرکەوت و بە ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان، نەک هەر ئەو قەیرانەی تووشی قەیران کرد، بەڵکو تاپۆی رەشی دایە دەست کوردو قەیرانچیەکانی تووشی شۆک کردن.
لە دوای ریفراندۆم و ئەو خیانەتەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ئیرادە و دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان کرا، حکومەتی هەرێم خرایە ناو قەیرانی دیبلۆماسی، لەناو ئەو قەیرانەدا نێچیرڤان بارزانی دەرکەوت و پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان توانی شکست بەو قەیرانە بخوات.
ئێستا گەندەڵی بۆتە گەورەترین قەیران و هەموو خەڵکی کوردستان چاوەڕووانن پیاوی ئەو قەیرانەش دەرکەوێ، وەک دیارە مەسرور بارزانی کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت، گومان لەوەدا نییە مەسرور بارزانیش قەیرانی گەندەڵی کۆتایی پێ دێنێ و ئەو سەروەریە دەخاتە پاڵ هەموو ئەو سەروەریانەی لە رابردودا بەدەست هێنراون.
Top