وەفادارییەك لە ساڵیادی ئیدریس بارزانی-ی هەمیشە لەیاددا
February 3, 2019
وتار و بیروڕا
رۆژی 31/1/2019 سی و دوو ساڵ بەسەر كۆچی ناوادەی سەركردە ئیدریس بارزانی تێپەڕی، لەكاتێكدا كە لە بەخشش و خەباتدا هێشتا بەردەوام بوو، گەلی كوردستان و پارتی و شۆڕش ئەوپەڕی پێویستییان بەو تێكۆشەرە بوو، كە هەر لە سەرەتای ژیانیەوە هاتە نێو كۆڕی خەبات و بەرخۆدانەوە، ئەو لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕی كوردپەروەر بوو، لە سایەی بارزانی-ی باوكەوە درێژەی بە خەبات دا، بۆیە مافی ئەم سەركردانەیە بەسەرمانەوە، تەنانەت ئەركی سەرشانیشمانە بەرامبەر گەلەكەمان، بەتایبەتیش نەوەی تازە، كە راستییەكانی مێژووی بزووتنەوەكەمانیان بۆ روون بكەینەوە، هەروەها ئەوانەی كە رۆڵی ئەرێنییان هەبوو لە بەهێزكردنی ئەو بزووتنەوەیەو لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلدا قوربانییان داوە، كاكە ئیدریس-یش یەكێكە لەو سەركردانە.
ئاشنایەتیم لەگەڵ كۆچكردوو دەگەڕێتەوە بۆ ئایاری 1967 لە كۆنفرانسی سیاسی و سەربازیی (كانی سماق)، كە من لە سەردانێكی فەرمیدا بووم بە سەرۆكایەتیی شاندێك لە(حزبی پارتیی چەپ)ی ئەوكاتە، كە سەركردەی نەمر مستەفا بارزانی وتارێكی گرنگی تێدا خوێندەوە، لەم وتارەیدا باسی لە لایەنە سەرەكییەكانی رێبازەكەی كرد لەهەمبەر كێشە سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەكان و بارودۆخی شۆڕش و پێشمەرگەو رەوشی حزب دوای جیابوونەوەكەی 66، هەروەها پەیوەندیی پارتی لەگەڵ میللەتدا و مەسەلەی دیموكراسی لە عێراق و مافەكانی گەل لە كوردستاندا، دیداری دووەمم لەگەڵیدا لە حاجی ئۆمەران بوو لە ساڵی،1970 دوای رێكەوتننامەی 11ی ئاداری ئۆتۆنۆمی، لەنێو خێوەتێكدا كە وەك نووسینگە و شوێنی كۆبوونەوەكان بوو، لە دەرەوەی شارۆچكەكە بە خزمەتی گەیشتم، كە لەوێ بووم، سەرۆك مسعود بارزانی تازە لە بەیروت گەڕابۆوە، ئاگاداری كردمەوە كە هەڤاڵانمان لەوێ بە تەواوی ئەركی خۆیان جێبەجێ كردووە. لە ماوەی نزیكەی مانگێك لە مانەوەمدا لە دووەمین سەردان، میوانی بارزانیی نەمر بووم لە حاجی ئۆمەران، بەردەوام چاوم بە كاك ئیدریس دەكەوت و پێكەوە باسمان لە كێشە هاوبەشەكان و بارودۆخی كوردی هەموو پارچەكانی كوردستان دەكرد، بەتایبەتیش لە سووریا و توركیا، كاك ئیدریس ئاگاداری وردەكاریی رووداوەكان بوو، بۆچوونە فیكری و سیاسییەكانی روون و بەرچاو بوون، جیاوازیی فیكری لەنێوانماندا گرفت نەبوو لەوەی كە كۆك بین لەسەر زۆر كێشەی سەرەكی و بزووتنەوەی كوردایەتیدا، ئەو لە زۆر بۆنەدا سوپاسی دەكردین كە پشتیوانی بارزانیی نەمرو شۆڕشی ئەیلوول و پارتی بووین، كاتێكیش ناكۆكییەكان روویانداو دابەشبوون هاتەئاراوە و شەڕی ناوخۆ بەرپا بوو، ئێمە هەر زوو هەڵوێستی خۆمان وەك چەپی نەتەوەیی دیموكراسی لە سووریا لەپاڵ ئەوان دووپات كردەوە، بەپێی توانا یارمەتیماندان، بەم جۆرە رووبەڕووی نەیارەكانمان بووینەوە لە سووریاو ئەوروپاو توركیا، لەمەشدا سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان باش ئاگادارن.
لە سۆنگەی وەفادارییەوە بۆ ساڵیادی ئیدریس مستەفا بارزانی، پێویستە بڵێین هەروەك ناسیومە كە كاك ئیدریس خەباتگێڕو مرۆڤێكی خاكی و پڕ چالاكی و تێگەیشتوو و زیرەك بوو، تەواوكەری رێبازەكەی باوكی بوو، چاكترین هاریكاری بوو، لەبەر ئەوەی بەرپرسی پەیوەندییە نەتەوەییەكان بوو، بۆیە بەردەوام پەیوەندیمان پێكەوە هەبوو، بە تەواوی دەركی بە كێشەی بەشەكانی دیكەی كوردستان دەكرد، پشتیوانی خەباتی براكانی بوو، دواجاریش كە چاوم پێی كەوت لە تەڕابلوسی لیبیا بوو لە ساڵی 1983، دوای دابڕانێكی چەند ساڵە بەهۆی نسكۆی 1975 و نەخۆشی و وەفاتی بارزانیی نەمر، لەوێ بەشداریمان كرد لە (كۆنگرەی میللی گشتی) لەگەڵ نوێنەرانی هێزو حزبە سیاسییەكانی وڵاتانی عەرەبی، خەم و خەفەت و داخ و كەسەر بە روویەوە دیار بوو، هاوشێوەی ئامادەبووان لە كوردانی دیكەی عێراق و سووریا لە دوادانیشتنی كۆنگرەكەدا، كاتێ نوێنەرانی سووریا (محەمەد حەیدەر) و جەزائیر (عەبدولقادر حەجار) رەتیانكردەوە كە بەندێك بخەنە نێو بەیاننامەی كۆتایی تایبەت بە دۆستایەتیی كوردو عەرەب، تا رادەی هەڕەشەو كشانەوە، بۆیە بەیاننامەكە وێڕای هەوڵێكی زۆری جەللودو نوێنەرانی رێكخراوی رزگاریخواز و یەمەنی باشوور بێ ئاماژەكردن بە وشەی (كورد) بڵاوكرایەوە.
پێش بەستنی كۆنگرە بە رۆژێك لە كافتریای ئوتێلی (ئەلزیوف) لە تەڕابلوس بە رێكەوت چاوم بە كاك فازڵ میرانی كەوت، دوای چاكوچۆنی هەواڵی دامێ كە كاك ئیدریس لێرەیە، پێكەوە چووینە ژوورەكەی و زۆر بە گەرمی و بەم دەستەواژەیە بەخێرهاتنی كردم: (سەڵاح بە خوا غەدرمان لێت كرد) مەبەستی لەمەدا مەسەلەی كۆنفرانسی ناوپردان بوو بۆ یەكخستنی كوردانی سووریا، كە هەردوولای كردە یەك (چەپڕەو كە لەگەڵ شۆڕش بوو)و (راستڕەو كە نەیار بوو)، منیش سوپاسم كرد كە تێگەیشتم مەبەستی چی بوو، من بە مافی خۆم گەیشتم، چونكە واتایەكی زۆر لەم قسەیەدا هەبوو، دواتر باسی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانمان كرد بۆ دۆخی جاران بە ئامادەبوونی بەڕێزان: فازڵ میرانی و دكتۆر رۆژ نوری شاوێس و سەعید بارزانی و پیرۆت ئیبراهیم، جارێكی دیكە هەستم بە راستگۆیی و راشكاوی و رێزگرتنی ئەم سەركردە گەورەیە كرد لەهەمبەر هەڤاڵانی كە ئەمەش هەڵقوڵاوی خەسڵەتەكانی بارزانیی نەمرە.
بۆیە من پێموایە كە كەسانی ناودار، نموونەی ئیدریس بارزانی شایانی ئەوەن لە ئاست رێبازی خەبات و تێكۆشانی هەڵوەستە بكەین، كۆڕو سیمینار دەربارەی سەرجەم قۆناخەكانی ژیانی سازبكەین، هەموو بەڵگەنامەكانی هاوسەردەمانی ئەو كۆبكرێنەوە، بۆ ئەوەی نەوەی تازە سوودیان لێ ببینێت، دواجار لە هەموو شوێنێكدا لاپەڕە پرشنگدارەكانی مێژووی خەباتمان هەمیشە بەپاكی و بێگەرد بمێنێتەوە.