شھید ھۆجام سوورچی: سیمبۆلی ستەمدیدەیی کوردستان (تراژێدییا و سایکۆلۆژیای سەربڕین لە فەرھەنکی تیرۆردا)

شھید ھۆجام سوورچی: سیمبۆلی ستەمدیدەیی کوردستان (تراژێدییا و سایکۆلۆژیای سەربڕین لە فەرھەنکی تیرۆردا)

لە بیرەوەری (٢٥/١/٢٠١٥)، یادی یەکێک لە ئەستێرەکانی شەھیدی مرۆڤایەتی، کە بە بۆێرییەوە دەبێ بە خەمناکترین تراژێدیای چەرخی بیست و یەکەم ناوزەد بکرێت، دەبێ پرسیار لە فەلسەفەی سەربڕین و پیرۆزییەکەی و نھێنییەکانی ئەو پیرۆزییە لە مرۆڤایەتی بکرێت، ئەو رەفتارەی کە لە لای ھەندێ تاک و ھەندێ لە کۆمەلگەکانی دواکەوتوو بە رەفتارێکی بەنرخ لە قەڵەم دەدرێت، "بڕی ژَنبٍ قُتلت"؟ ئەو پرسیارە دەبێ بابەتی سەرەکی توێژینەوەکانی فەلسەفەی زانست لە چەرخی نوێ، چەرخی "ئاورێک لە خۆ دانەوە و بە خۆداچوونەوە و خۆگۆڕینەوە" بێ، چونکە بە پێچەوانەوە دەبێ چاوەڕێی رۆژانێکی سەختتر لە جاران بین.
***
دکتۆر سەدیق بوورکەیی، مێژووناسی کوردستانی رۆژھەڵات لە پەرتووکێکی بەنرخ لە بارەی دیرۆکی نەتەوەی ئاریایی، و لە میانەی گێڕانەوەی مێژوو باس لە رابردووی نەتەوەی یەھوودی لە نەژادی سامی دەکات، و لە بەرگی یەکەم، ئەشعیای، بە یەکێک لە پەیامبەرەکانی زانا و لێھاتووی ئەو نەتەوەیە وەسف دەکات، و ئەو زاناییەی لەوە دەردەکەوێ کە لە گۆتارێکی خۆیدا بەم جۆرە روو لە نەتەوەکەی دەکات و دەڵێت:"خواوەند دەفەرمووتن ئەم ھەموو قۆربانییە بۆ چییە؟ ئیتر لەو ھەموو قۆربانیکردنەی مەڕ و چەوری گیانەوەرەکانتان تێربووم. من لە خوێنی گامێش و بەرخۆڵە و بزنەکانتان ھیچ تام و چێژ وەرناگرم. چ کەسێک ئەو قۆربانیانەی لە ئێوە داوا کردووە؟ من رقم لەو بۆن گۆڵاو و شاییەکانتان دەبێتەوە. بۆیەش کاتێک لێم دەپاڕێنەو و داواکاریم لێدەکەن گۆێی پێنادەم چونکە خوێن لە دەستەکانتان دەچۆرێتەوە. بڕۆن خۆتان بشۆنەوە و خاوێن بکەن. ھزری خراب لە مێشکتان فڕێبدەن. دەست لە خراپە ھەڵگرن. فێری چاکەکردن بن. بەدوای راستیدا بگەڕێن. پشتی ستەملێکراوان بگرن. مافی ھەتیو بدەنەوە. بێوەژنان لە ئامێزی خۆتان بپارێزن. ئەو کات وەرنە لای من و باسی خۆتانم بۆ بکەن. ئەو کاتەیە کە من لە گۆناھانتان خۆش دەبم و ئەگەر چی گۆناھەکانتان وەک ئاگر شوور بن وەک بەفر سپیی دەکەم(واتە دەیانسڕمەوە"[٢ :ل.١٣٤]. سەربڕینی ئاژەڵان وەک دابونەریتێکی پیرۆز، کە نەک تەنھا لە شارستانیەتەکانی کۆنی وەک میسرییە کۆنەکان بۆ خواوەندەی "ئاپیس"، و لە نێو ئارییەکان و نەتەوەکانیتری ناوچە و جیھان باو بووە، تەنانەت سەربڕینی مرۆڤەکانیش لای ھەندێکیان تا سەردەمێکی نە زۆر کۆن، بۆ نموونە "ئینکا"، ئەو ئیمپراتۆریەتەی بەر لە دۆزینەوەی لە لایەن ئیسپانیۆلەکان لە سەدەی شانزدەھەم لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەژیان، بوونی ھەبووە و بە شتێک و رەفتارێکی پیرۆز ھەژماردەکرا. ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەھاتووە مرۆڤەکان قۆربانی ئەو بیروباوەرانە نەبن؟ باشە ئایا لە خۆدی مرۆڤ پیرۆزتر، سووتاندن و سەربڕین و کۆشتنەکەیەتی؟ باشە چی لە پشتەوەی ئەو رەفتارانەی ھەندێ مرۆڤەکانن، تا بە ھۆیانەوە بازرگانانی سیاسی، ئابووری و ئایینی کەسانێک بە دەستی کەسانێکی دیکە سەربڕدراوکەن؟ چ ھێزێک ھەیە بتوانێ مرۆڤێک ئەوەندە دڕندە خوو بکات تا برا کوردەکەی خۆی، کە لە پێست و گۆشت و خوێنی خۆیەتی، بەو دڕندەییەوە بکوژێت؟ ئایا دەبێ چاوەرۆانی ھزاران تراژێدی لەو جۆرە بین، و دەکرێ ھەر یەکێک لە ئێمە رۆژێک وەک شەھیدی نەمر " ھۆجام سوورچی" خۆمان لە ژێر چەقۆی سەربڕێک ببینین، تەنھا و تەنھا بە ھۆکاری کوردبوون و ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری و بەرگریکردن لە خەڵک و خاک و خۆی؟ کێ وەڵامی ھزاران پرسیاری لەو بابەتە دەداتەوە؟ و کێ باجەکەی؟ کێ ئاگرەکەی خۆشدەکات و بە مەلیارھا دۆلاری بۆ گەرم و گۆرترکردنی دەداتە تیرۆریستان؟ کێ لە گۆشە و کەناری شار و گۆندەکان خەڵکی بۆ ھەڵدەخەڵتێنێ و کۆیان دەکات و روویان لە کوردستان و مرۆڤستانەکان دەکات؟ ئەو کەس و لایەن و رێکخراو و وڵاتانەی ئەم کارە دەکەن، بۆ نەسلەکانی دوای ھزار ساڵیتر چ وڵامێکیان پێیە؟ ئەوە چ جۆر حەز و خوولیایێکە، لای مرۆڤەکانی ئاسایی نیە و ئەوان بەپەڕی پڕ ڕووییەوە شانازیی پێوە دەکەن؟
حەز و خووڵیای خوێنڕشتن لە روانگەی زانایانی دەروونناسییەوە بە خاڵێکی رەشی مێژووی سایکۆسۆسیۆلۆژیای مرۆڤایەتی ھەژمارکراوە، و فرۆید و ئەوانیتر، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، بە شەرمەزارییەکی مەزنی پێکھاتەی کەسێتی مرۆڤەکانی دەژمێرن، و بە رەنگێک لە رەنگەکان لە بیردۆز و بەرھەمەکانیان، و لە میانەی شرۆڤە کەسێتی مرۆڤ و ھۆکار و ئەگەری سەرھەڵدانی جۆرەھای رەفتارەکانی، و بە تایبەت ئەوانەی کە دژی مرۆڤانەن، و زیاتر رێڕەوەیەکی کۆشندە و خراپکارانە و تێکدەرانەیان ھەیە، باسی لێوە دەکەن. بێگۆمان بەر لە ئەوانیش سەدان فەیلەسۆف و زاناش لێی دواون، و ئەمرۆکە و لە سەردەمی نوێی ژیانی مرۆڤایەتی و "لە خۆ وەربێ " چەرخە پێشکەوتووکەشی ھێشتان دەروونناسانی مەزن لێی بە گلەیی و گازندەن. ئەوەتا ئێریک فرۆم، سایکۆلۆژیستی بەناوبانگ، لە پەرتووکەکەی خۆیدا بەناوی "ئەناتۆمی وێرانسازی مرۆڤ"، بروای وایە شەھوەتی خوێنڕشتن زۆر کۆن و بنەچەیەکی زگماکی ھەیە، و یەکسانە لەگەڵ "خۆشەویستیی کۆشتن"، چێژوەرگرتنە لە کۆشتن، و خوێن تۆخمێکە لەگەڵ دوو تۆخمی (سپێرم و شیر)، و لە ھەردوویان باڵاتر و بەسامترە، و بەم ھۆیەوە زاڵە بەسەر ژیاندا، و ئەگەر شیر سیمبۆڵی مێینە و سپێرم سیمبۆڵی نێرینەیە، ئەوا خوێن ھی ژیانە [٣: ل. ٢٦٠]. بۆیە دەبینین خوێنڕێژ و کەسێکی سەربڕی تیرۆریست لای وایە خوێن شەربەتی ژیانە و بۆ بەردەوامیدان بە ناخە نەخۆشدەروونەکەی خۆی ھەست دەکات دەبێ ژیان لەوانیتر بستێنێ و لە خوێنەکەی دەخواتەوە. ھەمان ئەو رەفتارە نەشرینە نامرۆڤایانەمان بەو پەڕی دڕندەییەوە لە تیرۆریستانی داعش بینی و بە تایبەت کە کاتی گرتنی شاری مووسل و کەرکووک و شنگال و مەخموور و سەربازگەی سپایکەری سووپای عێراق و ...ھتد، بەو پەڕی دڕندەییەوە ئەو راستییەیان نواند کە ئەوان لەو سەربڕینە چێژێکی بێوێنە وەردەگرن، بۆیەش ئەوەندە بێباکانە ئەو کردەوە قێزەوەنەیان لەگەل ھزاران کورد و مەسیحی و عەرەب و شێعە و ئێزدی و سۆننە و کاکەیی و ...ھتد، بە ئاسایی ئەنجام دەدا، وەک ئەوەی کە مەڕ یان مریشکێک بکۆژن. ئەمەو جگە لە ھاوشێوەی ھەمان سەربڕین کە سووتاندن بوو، جگە لە رەفتارە نەشریناەکانیتریان بەرامبەر بە ژنان و کچان، و بە تایبەت کوردانی ئێزدی. ئەو رەفتارانەی کە شان بە شانی دڕندەییان جۆرە پیرۆزییەکیان پێوە دیارە، کە وەک فرۆم ئاماژەی پێداوە بنەمایەکی بۆماوەیی ھەیە، و لەوانەشە بۆ ھزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕیتەوە کاتێک کە "قابیل" بۆ و لە پێناو و بە ھۆکاری گەیشتن بە ھەندێ دەستەکەوت و لەژێر پاڵنەرە دەروونییە چەواشەکانی خۆیەوە دەست بۆ کوشتنی "ھابیلی" براکەی دەبات و لەوساوە کۆشتنی مرۆڤ بە دەستی برایەکەیەوە بۆوەتە بەشێک لە رەفتارەکەی ھەر رۆژە و چرکەیەک. ئەوەی لە فەلەستین، ئەفریقییا، چین، ئەمریکای لاتین، ئاسیای باکوور و باشوور و دوور و نزیک و رۆژھەڵات و ناوەراست، ئەورۆپا، ئەمریکا، و ...ھتد، و لە سەرووی ھەمووشیانەوە لە کوردستان و دژی کوردستانیان بێی جیاواز نەتەوەیی و ئایینی و باوەر و تۆخم و رەگەز و چین و توێژەکانیەوە دەکرێت، گشتی بەرھەمی ئەو کارەساتەن.
سەبڕینی ھۆجام سوورچی، قۆناغێکە لە قۆناغە درێژخایەنەکەی سڕینەوەی نەتەوەیی (Ethnic cleansing)، بەڵام ئەمجارەین نە بە دەستێکی بێگانە، بەڵکۆ بەدەستی خوێنمێژێکی کورد، ھاوشێوەی ھەمان تراژێدیایانەی لەسەردەمی رژێمی بەعسی شۆڤینی و سەدامی گۆڕبەگۆڕ و مەزنترین و دڕندەترین دیکتاتۆری ھاوچەرخ، بە ناو و نیشانی جیاواز لەگەڵ رۆڵەکانی قارەمانی ئەم کوردستانە دەکرا، ئەنجامدرا. ھەموو ئەو رەفتارە نەشرینانەی بەرامبەر بە گەلەکەمان دەکرێت بەشێکن لە تۆڵەسەندنەوەیەک کە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی لە وتارە بە نرخەکەی خۆیان لە ٢٠/٣/٢٠١٢ بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە دەفەرمووتن:" بەر لە ٢٥٠٠ ساڵ نەتەوەکەمان لە دژی دیکتاتۆریەت راپەری و قبوولێ نەکرد، خەبات و تێکۆشانی لە پێناو ئازادی و سەربەستی تا ئیمڕۆ بەردەوامە، و ئەوە واتای ئەوەیە کە نەتەوەیەکی زیندووین، و بندەستی و زۆرداری لە کەس قبووڵ ناکەین، و دەمانەوێ بە ئازادی و سەربەستی بژین"[١: ل.٥٥]، و جەنابیان لە یەکەمین کۆنگرەی کۆڕبەندی عەرەب بۆ سەرخستنی دۆزی کورد لە ٦/٥/٢٠١٢ دیسان دەفەرمووتن:" ...ئێمە ترسمان لە تۆپ و فڕۆکە نیە، بەڵکۆ ترسمان لە گەڕانەوەی کەلتووری کۆنە...[ھەمان سەرچاوە: ل.١٣٤]. ئەو کەلتوورەی دوای دوو ساڵ لەم وتارە جارێکیتر وەک سەدان جاریتری پێشوو سەرێھەڵدایەوە و بە بەھای گیانی ھزاران شەھید و برینداری پێشمەرگەی گیانفیدا و سەربەرز، و خەڵکێکی زۆرتری دیکە لە ناوچەکانی داگیرکراوی کورردستان کۆتایی پێھات، و کەلتووری "سەربڕین" تەنھا بەشێکی بچووکی تراژێدیایەکەی بوو، کە زمان و قەڵەم لە وەسفکردنی شەرمیان بەخۆیە. بەڵام ئێمەی کورد وەک ھەمیشە " بە لێبۆردەیی بەرەنگاری تۆڵە دەبینەوە"[ھەمان ژێدەر: ل. ١٣٤]. باشە دەبێ ئەو پرسیارە لە گشت جیھانیان، بە مۆسڵمان و نامۆسڵمانانیەوە، بکەین کە ئایا ئازادبوون و خۆشویستنی ئازادی تاوانە تا بە ھۆیەوە ھزاران ھۆجام لە سەردەمی بەعسی فاشیستی و ئێستاکەشی لەگەڵدابێ بە دەستی ھزاران کورد و ناکوردی نامەرد سەببڕدرێن و سەربڕینیان بە پیرۆزییەوە ھەژمار بکرێت؟ دەبێ ئێمە تا کەی باجی ئازادیخوازی و ئازادپەروەری بدەین؟
دووباەربوونی چیڕۆکی سەربڕین لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، وەک چۆن لە ھزاران ساڵی رابردوو بوونی ھەبووە، بەڵام بەوجیاوازییەی کە ئەم جارەیان بە پشت بەستن بە نوێترین تەکنەلۆژیای ھاوچەرخ ئەنجام دەدرێت، و ھەروەھا وێرای ھۆشداری ھەندێ لە سەرکردە و سەرانی وڵاتانی ئەورۆپا لە ئەگەری سەرھەڵدانی جەنگێکی نوێی جیھانی، و ھەڵگیرسانی ئاگرێکی نوێ، و سەر لە نوێ خۆ دووبارەکردنی مێژوو ھاوشێوە جەنگەکانی جیھانی یەکەم و دووھەم، و ھاوکاتیش بانگەشەی ھەندێ لە سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ چاندنی گیای سەرچاوەی مادە ھۆشبەرەکان و سڕکەرەکان و حەشیشەکان وەبەرچاوی دەزگاکانی راگەیاندن، لە کاتێکدا کە خۆیان بە ئیسلامگەرا دەناسێنن، بەڵام ئامادەن لە ڕق و کینی نەتەوەکانی کوردستان کە ھیچ تاوانێکیان نەکردووە تەنھا ئەوە نەبێ بە رێگەیەکی دیمۆکراسیانەی وەک ریفراندۆم دەربڕینیان لە خواستێک کردوو کە ھزاران نەتەوەی دیکە ھەیەتی، و بۆ کێبرکێ لەگەڵ ھاوبیرانی خۆیان لەم کارەدا، ئەم لێدوانانە دەدەن، و تەنھا بە بیانۆی نرخەکەی و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی تەسکی تاکی خۆیان، وەک سەرەتایەک بۆ تێکچوونی شێرازەی بەھاکانی مرۆڤدۆستی، و ھزاران رەفتاری ناوازەی لادراوی ھاوشێوە لە ناوچە و جیھان، ئاماژەن بۆ لێدانی ناقووسی سیمفۆنیای مەرگ لە جیھان و قۆربانیکردنی ھزاران ھۆجام سوورچی دیکەیە، کە ئەگەر گۆڕانی بەسەردا نەیێت، بێگۆمان سەرەتای کۆتاییەکە لەم جیھانەدا. بە واتایەکیتر و لە کۆتاییدا دەبێ دیسان بپرسین کە ئایا:"تاوانی ھۆجام سوورچی چییە"؟، بەڵام لە راستیدا ھێشتان نازانین ئەو پرسیارە بۆ کێیە و دەبێ ئاراستەی چ کەس و لایەن و وڵاتێک بکرێت؟ وێرای ئەوەی "سەرەبڕاوەکانی" ھۆجامەکانمان، و ھۆشیاری بەشێک لە سیاسەتوانان، و خۆڕاگری کوردستانیانی وریا و نیشتمانپەروەر لە بەرامبەر پیلانەکانی نێوخۆیی و دەرەکی، پشتیوانیان لە ریفراندۆمەکەی کوردستان و بە تایبەت کوردستانیانی گشت پارچەکان و ئەوەندەش کوردستانیانی تاراوگە، و لە سەرووی ھەمووشیانەوە قارەمانێتی پێشمەرگەی قارەمان و بە فەرماندەیی جەنابی سەرۆک بارزانی لە جەنگە نەخوازراوەکەی تیرۆریستانی داعش، دەرفەتێکی زێڕین بوو و ئیتر دۆزی رەوای ئەم نەتەوەیە لە پشتەوەی پەردە شاراوەکان بەدەرکەوت و لە دۆزێکی نێوخۆیکراو لەسەر دەستی دوژمنان، بوو بە راستییەکی حاشا ھەڵنەگر و زۆرداری و ستەمەکانی داگیرکەرانی کوردستان بۆ گشت جیھان روون و ئاشکرا بوو، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە ژێربەژێر پشتەوانی تیرۆریان دەکرد بەڕەیان بەدەرکەوت و ھەموو نھێنییەکانیان بەدیارکەوتن. لە سایەی ھزاران "ھۆجام" ئێستا دۆزی کوردی کەوتووتە سەر سکەی راستەقینەی خۆی. بەڵام شەرمەزارییەکان و روورەشی مایەوە بۆ ناحەزان و سەربڕانی، تینووی خوێنڕشتن.
سەرچاوەکان:[١] بارزانی، مەسعوود (٢٠١٨). مەسعود بارزانی... پێشمەرگەیەک لە پێگەی سەرۆکی ھەرێمدا: وتار و دیمانە و چاوپێکەتنەکانی رۆژنامەوانی، بەرگی ٥، چ. ١، دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ٣٣٤ل. [٢] (بوورەکەیی) ێفی زادە، ێدیق (١٣٨٥): تاریخ پنج ھزار سالە ایران، آرون، تھران. [٣]حوسێن، محەمەد تەھا (٢٠١٧): سایکۆلۆژیای کەسێتی: کەسێتیی کورد لەبەر رۆشنایی روانگە جوداکاندا، ناوەندی رۆشنبیری و ھۆنەریی ئەندێشە.
*ئەم بابەتە لە لاپەڕەی ٧ ی رۆژنامەی خەبات لە ٢٤/١/٢٠١٨ ژمارە ٥٦٧٩ بڵاوکراوە.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ






Top