ئیدریس بارزانی پەیامی لێکبووردن و قبوڵکردنی جیاوزیی

ئیدریس بارزانی پەیامی لێکبووردن و قبوڵکردنی جیاوزیی
لاپەڕەکانی مێژوو گەواهیدەری ئەو ڕاستیانەن کە سەرکردە و جوامێر(ئیدریس بارزانی) نموونەی باڵایی مرۆڤی کوردپەروەر و خاکەساری و ئاشتەواییخواز و مرۆڤدۆستیبوون. سەکردەیەک لە هەناوی خەڵکەوە هاتوو، هوشیار و بە ئاگا لە خەم و مەینەتیەکانی خەڵک، تێکۆشا و خەباتیکرد لە پێناوی بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکدا.
بە خوێندنەوەی ڕووپەڕیی لاپەڕەکانی مێژوو، بە ڕامان لە بەڵگە زیندووەکان، بە گێڕانەوەی پێشمەرگە دێرین و سەرکردە سیاسییەکان، کاک ئیدریس بارزانی خاوەنی دونیابینی شارستانی و هەڵگریی پەیامی ئاشتی و پێکەوە هەڵکردنبوو، خەباتی دەکرد بۆ ئەوەی زەمینەی بیروبۆچوونی جیاواز و گفتووگۆ و دیالۆگ و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بێتەبوون. سەرکردەیەک پشتیوانی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیرانبوو، هانی نەوجەوان و گەنجانی کوردی دەدا بۆ خوێندن و خوێندنەوە و خۆپەروەردەکردن، کاک ئدریس سەرباری نەهامەتی و ئاوارەیی و نەبوونی و زەروورەتی خەباتی چەکداریی، هەمیشە پشتیوانی پەروەردە و رۆشنبیریبوو.
ئیدریس بارزانی وەک مرۆڤێکی هاوچەرخ، خەونی سەربەخۆیی و بەدیهێنانی قەوارەیەکی کوردستانی لەخوێنیدا، لە قوڵایی باوەڕیدا، لە ئەندێشە و لە زەینیدا بوو، گیانی ئازدیخوازییو پەرۆشی بۆ سەربەخۆیی پاڵنەری خەبات و گیانفیدایی، خاوەنی بیرۆکە و دەستپێشخەری ئاشتی و بەستنی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان بوو، ئەو بە فیکریی نەتەوەیی و ئازادیخوازی بۆ دۆزیی ڕەوای گەلی کوردستانی دەڕوانی.
لە قوڵایی ئەو ڕەوشە ئاڵۆزو تەمومژاوییەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیبوو، لە ساتەوەختی ڕەشەبای مەرگدۆستی و سەپاندنی ئایدۆلۆژیا و دیین و مەزهەب و ناوچەگەریدا، ئەگەر دۆخی ناوچەکە جارێک بۆ گەلانی خاوەن دەوڵەتی ئەم ناوچەیە سەختبووبێت، ئەوا بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەک گەلی کوردستان گەلێکی بێ دەوڵەت چاند قات سەختربوو، لێ ڕێبازیی بارزانی و هەستی مرۆڤدۆستی گەلی کوردستان خەباتی مەدەنیانەو ئازادیخوازانەی خۆی بەردەوامیپێدا، کاک ئیدریس بارزانی هەمیشە دووپاتی یەک گوتاریی و یەکڕیزیی هێزوو لایەنە سیاسییەکانی کردۆتەوە لە گرتنەبەری ڕێگایی ئاشتەوایی و مرۆڤدۆستی و گرتنە بەری خەباتی شۆڕشگێرانەی ئازادیخوازانەی دوور لە توندوتیژیی.
لە ساڵیادی ژیانئاوایی سەرکردەو شاسواری گەلەکەماندا (ئیدریس بارزانی)، جوانترین و باشترین وەفا بۆ ڕێبازی بارزانی و گیانی ئازادیخوازی کاک ئیدریس بارزانی،دەستگرتنە بە میرات و کەلەپوری ئازادیخوازیی و مرۆڤدۆستی کاک ئیدریس و یەکگوتاریی و یەکڕیزیی هێز و حیزبە سیاسییەکان، لە پێناو هێنانەدیی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا.
Top