ئیدریس بارزانیی، ئەندازیاری ئاشتی و هەمیشە هیوا وئومێد
January 31, 2019
وتار و بیروڕا
شەهید ئیدریس بارزانی ، ئازایەتی و چاونەترسی و تێكۆشەری و خوێندەواری و خاونی دڵێكی زۆر پاكی هەبوو، (ئیدریس بارزانی) بەس بە تەنیا كورد نەبوو، ئەو كاری بۆ مرۆڤایەتی دەكرد كوردپەروەر بەڵام مرۆڤدۆست بوو، پێداگری لەسەر مافەكانی گەلی كورد دەكرد، بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك دەیگوت دەبێت خۆمان گرفتەكانی خۆمان چارە بكەین، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ كەسێكی دیكە ببەین.دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئەو ڕۆڵی باڵای بینی، مەفرەزە سەرەتاییەكانی رێك خستەوە و ناردنی بۆ پێشمەرگایەتیی شۆڕشی گوڵان، ئەو كوردپەروەر بوو.. ئەو سەرباری ئەوەی كوردپەروەر بوو، مرۆڤدۆست بوو، هەركەسێك ڕووی لەو بكردبا درێغی نەدەكرد و هاوكاریی دەكرد. شەهید (ئیدریس بارزانی) مرۆڤناس بوو و دەیزانی چۆن دڵی خەڵك رابگرێت، چۆن گرفتەكان چارە بكات.
شەهید ئیدریس بارزانی" ئەو سەركردە ناسراوەی كوردستانە كە لە چەند قۆناغێكی گرنگی بزاڤی ئازادیخوازیی گەلەكەمان رۆڵی كارا و بەرهەمداری گێڕاوە و، بەو سیفات و رەفتارە جیاكارییانەی لە كەسایەتی و سەركردەییەكەیدا هەیبوو توانی لە ژیان و خەباتیدا ئاستێكی نمونەیی بەرجەستە بكات، ئەم پێگە مێژووییەش جگە لە فاكتەرە خودییەكانی ژیری و تواناداری خۆی ئەوا هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پەروەردە كراوو دەرچووی ئەو قوتابخانە مەزنە بووە كە شیخ" عەبدولسەلامی" گەورە بەردی بناغەی بۆ داناوە و نەمرانی وەكو شێخ "ئەحمەد و مستەفا بارزانی نەمر" تیایدا قاڵبوونەتەوە و درێژەیان پێداوە، كە هەموو ژیانیان تەرخانی شۆرش و راپەرین و ئامانجی رزگاریی و ئاسودەیی گەلی كوردستاندا كردو لەم پێناوەدا ماندوو بوون لە فەرهەنگیاندا نەبووە.
ئیدریس بارزانی، لە دروستكردنی بەرەی نیشتیمانی كە لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان و عێراقییەكاندا دروست بوو، دەوری باڵای هەبوو، جگە لەوە لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیدا، لە ئاشتبوونەوەی پارتی و یەكێتیدا دەوری باڵای هەبوو.شەهید ئیدریس بارزانی نەك هەر بەتەنیا كە ئەندازیاری ئاشتی بوو، بەڵكو ڕۆحی كوردایەتی بوو، بۆ هەموومان فریادڕەسی ئاشتی بوو، ماندووبوونی نەبوو،.هەروەها دەورێكی باڵایشی هەبوو لە نزیكبوونەوەی لایەنە عێراقی و كوردستانییەكان بەتایبەت لە بەرهەڵستكاریی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان لەوانە (سەددام)، دەوری باڵای هەبوو لە ئاشتەوایی نیشتیمانیدا، سەرپەرشتیی لایەنی سەربازی هێزی پێشمەرگەی دەكرد، لەهەمان كاتدا دەیزانی چۆن كاری دیپلۆماسی بكات، چۆن داوای مافی گەلی كورد بكات، ئەو رێكخەرێكی زۆر باشی هزری نەتەوەیی بوو، بە چوونی خەسارەتێكی گەورە بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و رێبازی بارزانی
شەهید ئیدریس بارزانی گشن تواناكانی ئەو بۆ ئاشتی و خەباتی كوردایەتی لە ئاستێكدا بوو كە نەیارەكانی پێی سەرسام بوون، لە هیچ مافێكی كورد سڵی نەكردووە، ئەندازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بوو، خاوەنی یەكێتی و یەكڕیزیی حزبەكان بوو . ''كاك ئیدریس لە خێزانێك دروست بوو راستەوخۆ كاریگەری هەبوو لەسەر كەسایەتی، چونكە لە خێزانێكی شۆڕشیگێڕ و خەباتكارادا پەروەردە كرابوو، خانەوادەی شەهید (ئیدریس) وانەی نەتەوە و نیشتیمانی و كوردایەتی و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی پەروەردە بووە، بۆیە كەسێكی كاریزمایی لێ دەرچوو، بەپێی بۆچوونی شارەزایان، هاوتەمەنەكان كاریگەریی زۆر دەخەنە سەر چینی خۆیان، بۆ ئەوكاتە كاك ئیدریس هەموو ئەو كەسانەی لێیەوە نزیك بوون و لە قوتابخانەكەی بوون، توانییان جێدەستی خۆیان لە داهاتووی كوردستان بچەسپێنن.''
ئیدریس بارزانی كەسێك بوو بۆ هەموو شوێنە سەختەكان ئامادە بوو، لەگەڵ پێشمەرگە بوو خەباتی بۆ كوردایەتی بوو، زۆر كەسێكی راشكاو بوو.. ئەو كاتەی (بارزانیی نەمر) لە ئەمەریكا بوو نەخۆش بوو، ئەو هەمیشە ئەو بارە قورسەی لەسەر شان بوو، لە لایەك نەخۆشكەوتنی (بارزانیی نەمر) لە لایك رێكخستنی ئاوارەكان لە لایەك رێكخستنەوەی پێشمەرگە، باری سەرشانی (ئیدریس بارزانی) زۆر قورس بوو، ئەو ڕۆحی بەرخودان و كوردایەتی لەناو كادیران پەروەردە دەكرد.ئیدریس بارزانی ئەندازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بوو، راسپاردەی پێویستی دەدا بە جەماوەر لە دەنگی كوردستانەوە بۆ شۆڕش، بۆشایی زۆری دروست كرد. دەشڵێ ''تایبەتمەندیی كەسایەتیی (ئیدریس بارزانی) تایبەت بوو، لەكاتی پێویست (ئیدریس بارزانی) تووند بوو، لەكاتی ئاشتیدا كەسێكی ئاشتیخواز بوو. خۆی دەبێت سەركردە ئەم دوو مەرجەی تێدا بن، كە (كاك ئیدریس) سەرجەم ئەو تایبەتمەندیانەی تێدا بوو كە سەركردەیەك هەیبوو.'ژیان و هەڵوێستەكانی شەهیدی هەمیشە لە یاد"ئیدریس بارزانی" پڕن لە نمونەی زیندووی وەفاداری بەرامبەر گەلەكەی و رێبازەكەی و دۆست و پێشمەرگە و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی. سەرراستانە ژیاوە و دڵسۆزانە بە تەنگ هەركەسێكەوە بووە كە پێداویستی و گرفتەكانیان رووبەڕووی ئەوكردۆتەوە و ئەوەی قابیلی دابینكردن و چارەسەر كردن بووبێت درێغی نەكردووە.مخابن ئەم كەسایەتییە ژیر و سیاسەتمەدارە سەر راست و شۆرشگێرە هەڵكەوتووە زوو مەرگ لە گەل و نیشتمانەكەی دوور دەخاتەوە كە بوون و مانەوەی ئەو پێویستییەكی مێژوویی و نیشتمانی گرنگ دەبێ بەتایبەتی لەو هەلومەرجە هەستەوەر و ئاڵۆزەی ئەو كات كە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان تێدابووە. ئەمساڵ لە كاتێدا یادی 32 ساڵەی شەهیدی سەركردە ئیدریس بارزانیی دەكەینەوە كە ناوچەكە و عێراق تێدەپەرێت و لە سەروبەندی دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستانە و گشت نیگاكان و هیواكان لە سەر هەر دوو سەركردە و میراتگری قوتابخانەی كوردایەتیی و بارزانیی ، بەرێزان نێچیرڤان بارزانیی و مەسروور بارزانیی وەك سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت ی كوردستان هەڵچنراوە لە پێناو جێبەجێكردنی خزمەتگوزاری و بەرەو پێشڤەبردنی پرۆسەی گەشەسەندن و ئاوەدانی و پێشكەوتن لە گشت بوارەكاندا بەرەو كوردستانێكی بەهێز ..