کۆچی ئیدریس و ئەرکی سەرۆک
January 30, 2019
وتار و بیروڕا
داگیرکارانی کوردستان و ئەو بەشەی کە لە بەرپرسیارێتی رایان دەکرد و ئەو بەشەش کە جوانکاریان بۆ خۆیان دەکرد، لە خاڵی دوور خستنەوەی ماڵباتی بارزانی نەمر لە شۆڕش و بەرخودان یەکتریان دەگرتەوە، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان کاک ئیدریس و سەرۆک بارزانی بە شاندانە بەر بەرپرسیارێتی جیا لەوەی گەمارۆی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستانیان کردە پێخوستی شۆڕشگێڕی، چاوەڕوانی نەیارانی ناوخۆشیان کردە خەونێکی بەدی نەهاتوو و بە دۆست و دوژمنیشیان گوت: ئەوە ئێمەین خاوەنی بەرپرسیارێتی راستەقینەی هەستانەوەی دوای شکست و جوانکاری راستەقینەش بەردەوام بوونە لەسەر بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان.
هەر کەسێک بۆ تەنیا جارێک بە دیداری ئەو زاتە شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرە گەیشتبێ و ئامۆژگاری و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی بێنێتەوە پێش چاوی خۆی، دەزانێ کۆچی دوایی کاک ئیدریس لە رۆژی ٣١ــ١ــ١٩٨٧ جیا لەوەی بۆشاییەکی گەورەی لەناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد جێهێشت، ئەرکی سەرۆک بارزانیشی کردە دوو بەرامبەر، بەڵام ئەگەر دوور لە سۆز و رقی سیاسی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی بە بێژینگی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەریدا بکەین، دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی کە سەرۆک بارزانی بە پابەند بوونی بە رێبازی بارزانی نەمر، هەم توانی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە کۆچی دوایی کاک ئیدریس خستیە ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد، هەمیش ئەرکە دوولایەنیەکە سەرکەوتووانە ئەنجام بدات، بۆیە لە ساڵیادی کۆچی دوایی کاک ئیدریس دەڵێم: باشترین وەفا و رێز گرتن لە خەبات و ئامانجەکانی ئەو زاتە شۆڕشگێڕە، پابەند بوونە بە رێبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی.