لە پێناو كوردستانێكی بەهێز، دەبێ لە ئیدریس بارزانییەوە فێر بین

لە پێناو كوردستانێكی بەهێز، دەبێ لە ئیدریس بارزانییەوە فێر بین

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆر لە بارەی ئیدریس مستە‌فا بارزانییەوە گوترا و لە لاپەڕەكانی مێژوودا نووسرایەوە، ناوێك كە هێشتا توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتری گەرەكە بۆ ئەوەی لە حیكمەت و دانایی ئەو زاتە مەزنە تێبگەین، كە لە دوای نسكۆوە بەفری چیاكانی گڕ تێبەردا و دووبارە لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا شۆڕشیان هەڵگیرساندەوە و لە ساتەوەختی ناتەبایی لایەنەكاندا، دەرووی خێر بە ڕووی ئاشتی و تەبایی بوو.

بەڵێ ئەو ناوە داینەمۆی شۆڕشی گوڵان و خەباتی شاخ و كۆتری ئاشتی بووە، كە لە ڕاپەریندا گەیشتە ترۆپك، دەكرێ بگوترێ هیچ كەسێك وەك ئیدریس بارزانی نەبوو، ئەو لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا بە كار و فەرمان و هەڵوێستەوە، تەواو هاوشێوەی باوكی بوو و قاڵبووی مەیدانی خەبات و پێشمەرگایەتی و ئاشنای تەواوی شاخەكانی كوردستان بوو، پێشمەرگە و ڕۆشنبیر و ڕۆشنفكر و ئاشتیخواز بوو، بە جۆرێك گیانی تەبایی تێكەڵی خڕۆكەكانی خوێنی ببوو، ئەو داینەمۆی تەبایی ناو ماڵی كورد و شۆڕشگێران بوو، بە جۆرێك وەك سەرۆك بارزانی گوتی: (دەتوانم بڵێم كاك ئیدریس وێنەیەكی پاك و بێگەردی مستەفا بارزانی بوو، ھەموو سیفاتی لەودا كۆ ببوونەوە). بەڵێ شەهید ئیدریس بارزانی بە حەق پێشمەرگە و سەركردەی ڕۆژانی سەختی خەبات و خاوەنی دەسكەوتەكانی بەیاننامەی ئازاری ساڵی حەفتا و ژیانەوەی خەباتی كورد بوو لە شۆڕشی گوڵاندا.

ئێستا كە بە دروشمی (بەرەو كوردستانێكی بەهێز) پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی سەركەوتنی مەزن بەدەست بهێنێت، شەڕەفی سەرۆكایەتیی حكوومەتی لە ئیرادەی جەماوەر وەرگرتووە و خەڵك چاوەڕێن لایەنەكان بە گیانی برایانە و لێكتێگەیشتنەوە بێنە پێشەوە و وانەكانی تەبایی و ئاشتی لە ئیدریس بارزانییەوە فێر ببن و جێبەجێی بكەن، بە ئاڕاستەی هەرچی زووتر گەشانەوە و پێشخستن و نەجاتدانی هەرێمی كوردستان لەو كێشمەكێشانەی ئێستا لە ناوچەكەدا بوونیان هەیە.

بەڵێ پێویستە وەك چۆن لە بەغدا و لە تاوتوێكردنی بابەتی بەشەبوجە و مووچەی هاووڵاتیاندا دەستەكانمان لە یەكتر گرێ دا و سەركەوتنی گەورەمان بۆ ئەو قۆناغە بە دەست هێنا، بە هەمان شێوە پێویستە بە هەمان روحیەت كار بكەین بۆ قۆناغی داهاتوو، تاكو بەیەكەوە لە كوردستانێكی بەهێزدا بەرەو ئامانجی باڵاتر هەنگاو بنێین.
Top