ئیدریس بارزانی و ھێمایەک بۆ ئاشتی

ئیدریس بارزانی و ھێمایەک بۆ ئاشتی
مرۆڤەکان کە لە دایک دەبن ھەموویان بە سروشت ئاسایین بێ ئەوەی پەروەردەی خێزان و بنەماڵە کاریگەری بخاتە سەریان و ھەندێک لەم مرۆڤانە ھەر چۆن ھاتوون وا گەورە دەبن و ھەندێکیشان ناتوانن ھەر وا بە ئاسانی لەگەڵ ژیان ھەڵبکەن و خۆیان بدەنە دەست قەدەری ژیان و رۆژگار ، بەڵکو بیر لە داھاتووی خۆیان و گەلەکەیان دەکەنەوە و دەبنە سمبول و رابەر و سەرکردەیەک بۆ گەلەکەیان .کاتێک دەتەوێت باس لە ژیانی کەسێک وەک سەرکردە و کەڵە پیاوانی گەلەکەت بکەیت دەبێت ئەو کەسە چەندین رەوشت و سیفاتی تێدا بێت جیاوازتر لە کەسی ئاسایی بۆ ئەوەی ببێتە کاریزمایەک .
کەواتا ئەوەی دەمەناوێت باسی ژیانی سەرکرد و سمبولێکی گەلی کورد بکەین لەم چەند دێرەدا ، لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت بە چەندین نووسین و لێکوڵینەوە باس لە ژیان و رۆڵی سەرکردەی ھەمیشە لە یاد کاک ئیدریس بکەین . بەڵام لە ساڵی ١٩٤٤ وەک ھەر منداڵێکی دیکەی کوردستان لە دایک دەبێت ، بەڵام جیاوازتر پەروەردە دەکرێت و ھەر لە مناڵیەوە دەبێتە قوتابیەکی زیرەک و چاوکراوەی قوتابخانەی شۆڕش و بەرخودانی بارزانی باوک و گۆش دەکرێت بە بیرکردنەوە لە ئازادی و سەربەخۆیی و پێکەوە ژیان لە کوردستان ، بۆیە ھەر زوو لە تەمەنی لاوێتیدا و کاتێک کاک ئیدریس تەمەنی دەبێتە ١٧ ساڵ بە تەواوی تێکەڵاوی شۆڕش و قوربانیدان دەبێت بۆ گەلەکەی و ھاوشان لەگەڵ بارزانی باوک لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەبێتە پێشمەرگە بۆ پاراستنی کوردستان ، کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لەقۆناغەکانی ژیانیدا چەندین رۆڵی گرنگی بینیووە لە ناو شۆڕشی چەکداری کوردستان و سەرکردایەتی کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ، لەبەر ئازایەتی و لێھاتووی بارزانی نەمر سەرکردایەتی داستانەکانی زۆزک و ھەندرێن دەسپێرێت بە کاک ئیدریس بارزانی و رۆڵی ئازایانە دەگێڕێت لەم داستان و نەبەردیانە، ھەم لەبەر ئەوەی کۆڕی بارزانی باوک دەبێت و ھەم لەبەر ئازایەتی و لێھاتووی و نزیکی و خەمخۆری لە پێشمەرگە .
خوێندنەوە و لێھاتووی سەرکردە وایکرد رۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە دانووستانەکانی نێوان سەرکردایەتی شۆڕِش و رژێمی ئەو کاتی عێراق کە ئاکامەکەی رێکەوتنامەی ١١ی ئاداری لێکەوتەوەو کە بۆ یەکەم جار بوو رژێمی دەسەڵاتداری عێراقی دانان بە مافی ئەتۆونۆمی بۆ کوردستان بنێت ، کە ئەمەش بۆ سەردەم و کاتی خۆی گەورەترین دەسکەوتی شۆڕشی کوردستانی بوو ، چونکە حکومەتی عێراقی دەیزانی بە سەرکووت کردن و چەوساندەوە و شەڕ لەگەڵ کوردا ناگاتە ھیچ ئامانجێک بۆیە بە ناچاری ملکەچی دانان بە مافی رەوای کوردستان بوو .
لە دوای نسکۆی شۆڕش و پلانی ناحەزان جارێکی دیکە ئیدریس بارزانی رۆڵی بەرچاوی گێڕا لە دووبارە دەستپێکردنەوەی چەخماخەی بەرخودان و ھەڵسانەوە بەرەو ئاسۆ ، ئەوانەی کە سەردەمی شۆڕشی گوڵان دەیگێڕنەوە باس لە چۆنێتی بیرکردنەوە و ھەنگاوەکانی کاک ئیدریس دەکەن بەوەی زۆر وردبین و واقیع بینیانە بڕیاری دەدا ھەر بۆیە زوو و بە ھاوکاری و پاڵپشتی سەرۆک مسعود بارزانی توانیان ئەو بیرکردنەوانە بگۆڕن کە باسیان لە کۆتایی ھێنانی شۆڕشی کوردستان دەکرد و بە ھەڵیگرسانەوەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز جارێکی دیکە ھیوایان بۆ میللەت و گەل گێڕایەوە و دووژمنیان تووشی ھیستریا کرد .
کاتێک باسی بەرەی کوردستانی دەکەین رۆڵی کاک ئیدریس بارزانی وەکو ئەندازیاری ئاشتی و پیکەوە ژیانی حزبەکانی کوردستان بەرز دەنرخێندرێ ، چونکە ھەوڵ و کۆششی سەرکردە لەو قۆناغە ھەستیاری کوردستان و ھەبوونی ململانێ و شەڕی نەویستراوی ناوخۆی پارت و لایەنە کوردستانیەکان کاریگەری نەگەتیفی کردبووە سەر شۆڕش و بە پێچەوانەوە بوبووە ھۆی بە ھێزی دووژمنانی کوردستان ، بۆیە یبرکردنەوە و ھەوڵ و کۆششی کاک ئیدریس لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان بە ئامانجی نەھێشتنی دووبەرەکی لە نێو ماڵی کورد بەرز دەنرخێندرێت و ھەر کاتێک باسی دروستبوونی بەرەی کوردستانی دەکرێت رۆڵی کاک ئیدریس وەکو ئەندازیار و مامۆستا و سەرکردەی بیرمەند دێت .
چەندین خەسڵەتی دیکەی وەکو ( سادەیی ، نزیکی لە پێشمەرگە و خەمخۆری ھەژار و لێقەوماو ئاوارەکانی کوردستان و یەکسانی و دادپەروەری ... ھتد ) لەم زاتە پیرۆزە بەدی دەکرا ، ھەر بۆیە کاتێک باس لە ژیان و مێژووی سەرکردەی ھەمیشەلە یاد دێت چەندین رەوشت و ئاکاری کاک ئیدریس وایکردووە وەکو کاریزما و سەرکردەیەک ھەمیشە بە زیندووی بمینێتەوە لە مێژووی خەباتی کوردایەتی و بەرخودانی گەلێک و ببێتە سیمبولی ئاشتی و تەبایی نێو ماڵی کوردی و باشترین بەڵگە و شاھێدی دان بۆ کاک ئیدریس بارزانی وەسفەکەی سەرۆک بارزانیە کە دەفەرمووێت : "دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی نەمر بوو " ، کەواتا لێردەدا بۆمان دەردەکەوێت کاک ئیدریس بە سادەیی لە دایک بوو بووە سەرکردەیەک و کاریزما و سمبولێک بۆ نەتەوەی کورد ، بۆیە دوایی ٣٢ ساڵ کۆچی دوایی بە شانازییەوە یادی دەکرێتەوە.

.
Top