بەبێ مسعود بارزانی كێشەی كەركووكچارەسەر نابێت

بەبێ مسعود بارزانی كێشەی كەركووكچارەسەر نابێت
لە دێرزەمانەوە كەركووك شاری پێكەوەژیانی ئاشتییانەیە، هیچ ناكۆكییەك لە نێوان پێكهاتەكانیدا نەبووە، بەڵام لایەنە سیاسییەكان لە عەرەب و توركمان هەوڵیانداوە ئاژاوەو دووبەرەكی لە نێوان پێكهاتەكان بەرپا بكەن و لەنێو ئاوی لێڵدا مەلە بكەن، لەپێناو وەدیهێنانی دەستكەوتی تایبەتی بۆ مانەوەی رەوشی كەركووك لە دۆخێكی ئاژاوەو بێ سەروبەریی ئابووریدا، ئەمەش لە رێی لەشكرێكی گەندەڵكارەوە بەتایبەتی بەقاچاخبردنی نەوت بە تانكەر، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە گۆڕینی دیموگرافیی شاری كەركووك دوای 16ی ئۆكتۆبەر كە كارەساتێكە بۆ خۆی، چونكە هیچ مەترێكیان لە كەركووك نەهێشتووە زێدەڕۆیی تێدا نەكەن بۆسەر موڵكی گشتی، وێڕای هاتنی چەندین خێزان لە بەغداو ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە تاكو رەوشی كەركووك بگەڕێننەوە بۆ پێش ساڵی 2003، ئەمەشیان بە پێی پلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ناكۆكی و ململانێی موڵكایەتی لە كەركووك دەبینین كە رێنمایی هەیە و فەرمان دراوە بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەتایبەتیش بە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەركووك كە گرێبەستەكانی جاران كە خاوەنی شەرعیی خۆیان هەبوو، پەكبخەن و تەنیا كاربكەن بە یاساكانی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی سەركردایەتیی شۆڕش.
دوای 16ی ئۆكتۆبەر هەموو شتێك لە كەركووك تێكچووە، تەنانەت لە بواری كۆمەڵایەتیش، ماددەی هۆشبەر بە ئەنقەست دەهێنرێتە ناو شارەكەوە تاكو شارەكە تێكبدەن، لە بواری دەستدرێژی و پەلاماردانیش هەندێ تاقمی گومڕاو بەكرێگیراو دەستیان چووە خوێنی كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، ئەمە وێڕای گەڕان و راونانی كادیرانی ئەو حزبە لە رێی بەكرێگرتنی كەسانێكی گومڕاوە، كێشەی كەركووك پێویستی بە هەماهەنگییەكی بەهێز هەیە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی رەوشی پارتی دیموكراتی كوردستان بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لەسەر حزبە كوردستانییەكان پێویستە واقیعییانەو بە جددی بڕواننە كێشەی كەركووك، بەرژەوەندیی تایبەتی و ململانێكانیان بەلاوە بنێن، بە یەك شاندی هاوبەش و دیدوبۆچوونێكی دیار و روون و بە یەك ئامانج هەموو لایەك پێكەوە رووبكەنە بەغدا، دۆسێی كەركووك تێكەڵ بە كێشە ناكۆكی لەسەرەكانی دیكە نەكەن، كێشەی كەركووك سەربەخۆ بێت، رێگە نەدرێت بە كەسانێك ئەم كێشە ناوخۆییانەی نێوان حزبە كوردستانییەكان بقۆزنەوە، بە مەرامی هێشتنەوەی دۆخی شارەكە هەر بەم شێوەیە، هەرچەند پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دوور بێت، كێشەو ئاژاوە لە بەڕێوەبردنی شارەكە زیاتر دەبێت، كێشەی كەركووك بەبێ دیالۆگی نێوان هەموو پێكهاتەكانی ئەم شارە چارەسەر نابێت، ئەم دیالۆگەش دەبێ بە سەرۆكایەتی كاك مسعود بارزانی بێت كە ئەندازیارو دیزاینەری سیاسەتە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی، بێ ئەمە ئەم كێشەیە چارەسەر نابێت، چونكە هەندێ لایەن هەن لەم دۆخە شڵەژاوە نایاسایی و نادەستوورییە سوودمەندن، ئەوانە رۆژانە سامانی كەركووك بەتاڵان دەبەن، بێ ئەوەی خەڵكی شارەكە سوودی لێ ببینن، ئێمە گەشبینین بە هاتنی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق تاكو دەست بكات بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، هەر لە سەرژمێرییەوە، تا دەگاتە راپرسی، بۆ ئەوەی كێشەی كەركووك بەپێی میكانیزمی دەستووری یەكلایی بكرێتەوە، لەسەر لایەنە سیاسییەكانیش پێویستە بە ویژدانەوە مامەڵە بكەن لەگەڵ ماددەی 140ی دەستوور و تەگەرە و بەربەست نەخەنە بەردەم جێبەجێكردنی وەك ئەوەی لە حكومەتەكانی پێشوو روویدا.
هەر دواكەوتنێك لە چارەسەركردنی دۆسێی كەركووك رەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات، رەنگە ئەنجامی خراپتری بەدوادا بێت، دەبێ هەموو لایەك بەرپرسیار بن لەئاست ئەم دۆسێیە، نەك بە تەنیا لایەنێك، هاتنی هێزێكی تازەش بۆ كەركووك رەوشە سیاسییەكە ئاڵۆزتر و سەختتر دەكات، چارەسەری راستەقینەی دۆسێی كەركووك گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ بارەگاكانی خۆی لە شارەكە، هەروەها گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ سەنگەرەكانی لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایش بۆ شوێنەكانی پێشوویان، دەبێت هەموو لایەك بە هاوكاریی پۆلیسی ئیتیحادی بەرپرسیارێتییەكە هەڵبگرن، بەم شێوەیە ئاسایش لە شارەكە بەرقەرار دەبێت، هەموو لایەك بێ جیاوازی دەپارێزرێن و سامانی كەركووكیش بەهەدەر ناڕوات، كە لەئێستادا كەسانێك بەتاڵانی دەبەن.

Top