دیاری کردنی ئامانج لە پەروەردە و فێرکردن

دیاری کردنی ئامانج لە پەروەردە و فێرکردن
ھەروەکو دەلێن" بەسەربردنی حەوت کاتژمێر لە پلان ودیاری کردنی ئامانجی روون باشتروچاکترە لەو ئەنجامەی کە بەدەستی دەھێنی، لە حەوت رۆژ بەسەربردن بێ دیاری کردنی ئامانج".
بێگومان دیاری کردنی ئامانج بڕینی نیوەی ھەنگاوەکانە بە تایبەتی گرنگی دیاری کردنی ئامانج لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن خۆی دەبینێتەوە لە دڵسۆزی و ئارەزوو خواستی راستگۆیانە. بۆ گەشە کردن و پێشکەوتنی پەروەردە و فێرکردن و گواستنەوەی بۆ ئاستی ووڵاتە پێشکەوتووەکان لەو بوارە ، ھەر بۆنموونە دیاری کردن و بەدەستھێنانی ئامانج بەو کەسانە ناکرێ ئەگەر حەز و خولیا و خۆشەویستی و دڵسۆزیان بۆ پیشەکەیان نەبێت، بەڵکو ئەو کەسانە دەتوانن ئامانجەکان بەدەست بھێنن کە راستگۆیانە و خۆنەویستانە لە خزمەت بەرەووپێش چوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن درێغی و کەمتەرخەمی نەنوێنن، بەڵکو بەردەوام و ھەمیشە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و پەروەردە و فێرکردن لە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیان ببینن بە کردار نەک بە قسە، ھەڵسەنگاندنیش لەلایەن خەڵکانی بێ لایەن نەک خۆیان، بۆیە دیاری کردنی ئامانج خالێکی گرنگی پێشکەوتن و گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە، کە دەبێ لە ناخەوە بڕوای تەواومان پێی ھەبێت، نەک نواندن و نمایش بکەین یانیش بە زۆر لە سەرمان بسەپێنن گرنگە لە ناخەوە ئەو ھەستە بوونی ھەبێت و راستگۆیانە ھەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی بۆ بدەین تا بەدەستی دەھێنین، بۆیە گرنگە ھەموومان لە پەروەردە و فێرکردنەوە فێر ببین ئامانجی روون دیاری بکەین. ئەویش بێگومان پێویستمان بەکەسانی شارەزا و دڵسۆز ھەیە لە ئاستی کارامەیی و داھێنان و دڵسۆزی نەک ھەڵگری ھەندێ بڕوانامەی خاو و دوور لە پسپۆری و لێزانی.
کاتێک ژاپۆن و ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیھان دۆڕان ئامانجێکیان بۆ خۆیان دیاری کرد کە ببنە ھێزێکی گەورەی ئابوری، گەیشتە ئەو ئامانجە لە ماوەی کەمتر لە پەنجا ساڵ.
ھەروەھا ئیرلەندە کە یەکێک بوو لە ھەژارترین ووڵاتەکانی ئەوروپی، ئامانجێکی بۆخۆی دیاری کرد کە ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ووڵاتانی ئەوروپی، بێگومانە ھەموو توانا و ووزەی خستەگەر و ئامانجەکەی ھاتەدی لە ماوەی نزیکەی سی ساڵ. لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو ئەمریکا تووشی شۆک بوو کاتێک زانی روسیا کەشتی ئاسمانی رەوانی بۆشاییەکانی ئاسمان کردووە ئەوە بوو (جاک کنیدی) سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا بەلێنی دا کە دوای دەساڵی تر دەبێ ئەمریکا یەکەم ووڵات بێت بگاتە سەرمانگ ئەوە و بەلێنەکە ھاتە دی، چونکە ئامانجەکە دیاری کرابوو ئەویش لە ھەوڵ دانی بەردەوام لە ئەنجامی گەشەکردنی فێربوون گەیشتنە ئامانجەکەیان، بۆیە ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان دوای ئەو ھەموو ساڵە دەبێ ئامانجەکانمان لە پەروەردە و فێرکردن دیاری بکەین ، دەمانەوێ چی بکەین ؟ و چی ئەنجام بدەین؟ ھەر تەنھا دڵ رازی کردنی کەسانێک نەبێت کە ھیچ خاڵی ھاوبەشیان لەگەڵ پرۆسەکە دا نییە و بە ئارەزوو خواستی کاتی خۆیان تەراتێنی تێدا بکەن و بەرژەوەندییەکانی خودی خۆیان لە پێش ھەموو پرس و بەرژەوەندییەکانی گشتی بێت، بەڵکو گەر دڵسۆز بن دەبێ رەتی بکەنەوە، چونکە لێی نازانن و پسپۆڕنین. درەنگیشە بەڵام دەبێت لە داڕشتنی پرۆگرامەکان بە ووردی و راھێنان و ئامادەکردنی مامۆستایان بەباشترین شێوە و دانان و ھەڵبژاردنی کەسانی پەروەردەیی و لێھاتوو و دڵسۆز بۆ کۆی پرۆسەکە لە بەرێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەرانی پەروەردە و بەرێوەبەرانی گشتی و راوێژکاران و تا خودی وەزیری پەروەردە کەسانی پیشەیی و دڵسۆز و خەمخۆری پرۆسەکە بن و بە ئەمانەتەوە بیپارێزن، چونکە بەرپرسیاریەتی مێژوویی کۆمەڵگە و کوردستان لە ئەستۆی ئەوانە دایە.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top