گشت هەنگاوەكان بەئاڕاستەی قۆناخێكی نوێ‌ گەشەسەندی سیاسی،دیپلۆماسی و ئابووری ..

گشت هەنگاوەكان بەئاڕاستەی قۆناخێكی نوێ‌ گەشەسەندی سیاسی،دیپلۆماسی و ئابووری ..
بە درێژایی مێژوویی خەباتی گەلی كورد لە پێناو گەرٍاندنەوەی مافە زەوتكراوەكان ، هەر لە شۆڕشەكانی بارزان و ئەیلوول و دواتر شۆرشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك قوتابخانەی كوردایەتیی و كۆڵنەدان لەگەڵ ئەوەی بەردەوام تێكۆشاوە و خەباتی بێ‌ وچانی كردووە لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان و بەدەستهێنانی مافەكانی ئەم گەلە، بەڵام هیچ كات رێگای گفتوگۆی رەت نەكردووەتەوە و هەمیشە هەوڵی داوە لە رێگەی دیالۆگ و رێككەوتنەوە بگات بەم ئامانجە.لە دوای كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانیی مستەفا رەتیكردەوە بگەڕێتەوە عێراق، بەڵام دوای سەركەوتنی شۆڕشی تەمموز و گۆڕینی سیستمی حوكم لە عێراق، بارزانیی باوك گەڕایەوە بەغدا و لە نێو ئاپۆرای پێشوازیی گەلانی عێراقدا مافەكانی گەلەكەی بیر نەچوویەوە و بە هەوڵەكانی توانی دەستوورێك بۆ عێراق بنووسرێتەوە، كە بۆ یەكەمجار كورد و عەرەبی كردە هاوبەش لە عێراق و میللەتی كوردیش بۆ ماوەیەك لە شەڕ و كوشتار دوور كەوتەوە.كاتێك مستەفا بارزانیی سەركردایەتیی شۆرشی ئەیلوولی كرد، گەورەترین شۆڕش لە مێژووی كورد،ئەنجامدا و رژێمی ئەو كاتەی عێراقی ناچار بە دانوستان كرد لە پێناو بەدەستهێنانی مافی گەلەكەیدا، بۆ ئەوی بیسەلمێنێ كە گەلێكی میانڕەو و ئاشتیخوازین و ئامادەی دانوستان بوو كاتێك رژێم ئامادەیی دەڕبری، لە دەرەئەنجامدا ڕێككەوتنی ئاداری ۱۹۷٠ی لێ كەوتەوە، رێككەوتنێك بۆ یەكەم جار وڵاتێكی داگیركەر دانی نا بە بوونی كورد لە ولاتەكەیدا، هاوكات توانی بۆ یەكەم جار دەسەڵاتی كوردی لە ناوچەكەدا بكاتە واقع و سنووری كوردستان دیاری بكات.لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ۲٠٠۳وە، پارتی دیموكراتی كوردستان دووبارە گەڕایەوە بەغدا، بە هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان زۆرینەی مافەكانی كورد لە دەستووری عێراقیدا جێیان كرایەوە و پێشمەرگەش گەڕایەوە گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و لە رێگەی وەزیری دەرەوە توانرا پێگەی كورد لە ئاستی جیهاندا بە شێوەیەك بەرەو پێش بچێت و وڵاتان كوردستان وەك نموونەیەكی سەركەوتوو سەیر بكەن، سەردانی بەردەوامی وەزیران و سەرۆكوەزیرانی وڵاتان بۆ كوردستان، ئەو راستیە دووپات دەكاتەوە.دوای پەراوێزخستنی گەلی كورد و بڕیاری بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەران لەلایەن دەسەلاتدارانی ئەو كاتەی بەغدا و دواتر هاتنی داعش بۆ عێراق و دوایین هەولێ پیلانگێری و بەكارهێنانی هێز لە رووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەر، پارتی بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانیی بەشداری لە هەڵبژادنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەوا بوو جارێكی تر بە هێزەوە گەڕایەوە بەغدا و سەردانەكەی سەرۆكی بەدوادا هات، كە ئەنجامەكەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان و پەسەندكردنی بودجە لە بەرژەوەندیی كورددا بوو، دواتر بە سەردانی وەزیرانی وزەی ئەمەریكا و ئینجا سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و دواتر ،دەستپێكردنەوەی بانگهێشتە فەرمییەكان ، پەیوەندییەكانی كورد و رەوشی كورد چووە قۆناغێكی نوێیەوە ، كە بە دڵنییاییەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا چاوەڕوانی زیاتر دەكرێت، بە پێشكەوتنە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان ..گشت رووداو و پێشهاتەكانی چوارساڵی ئایندە و لە پاڵیشدا پیلانگیری و گەمارۆكانی سەر گەلی كورد و هەرێمی كوردستان گوشارێكی زۆری لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری لە سەر هەرێمی كوردستان بە ئاراستە لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان هەنگاویان نا بوو ، بەڵام هەر دوای ئەو پیلانگێریانە ، بە هەوڵ و هیمەتی سەرۆك بارزانیی و سەرۆكی حكومەتی كوردستان و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە گرتنەبەری سیاسەت و دیپلۆماسییەكی ژیرانە و حەكیمانە ، توانییان بەربەست و گەمارۆ و پیلانەكان هەنگاو بە هەنگاو تێكبشكێنن و هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بەرەو كەنارٍی دڵنییایی و سەقامگیری ببەن . بەدڵنییاییەوە ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا دەستی پێ کردووە بەرھەمی سەردانی سەرۆک بارزانین بۆ بەغدا و ئەگەر سەردانەکە نەکرایە، بێگومان زۆر زەحمەت بوو ھەردوولا بگەنە ئەنجامێکی ئەوتۆ، بەڵام ئەوەی ڕوو دەدات دڵخۆشکەرە و جێی ئومێدە بۆ عێراقییەکان بەگشتی.ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقەوە ڕووی دا پێشتر زەمینەسازیی بۆ کرابوو، لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسییەکان لە پشت کوتلەکانی خۆیانن لە پەرلەمان، ئەگەر لایەنەکان نیەتیان نەبێت ناھێڵن نوێنەرانیان لە پەرلەمان دەنگ لەسەر ماددەیەک بدەن لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا بێت.پێشتر نووسینگەی عەبادی پڕۆژەیاسای بودجەی ڕەوانەی پەرلەمان کردبوو بێ ئەوەی مافە داراییەکان و خواستەکانی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، کەچی عادل عەبدولمەھدی پڕۆژەکەی گەڕاندەوە و دەستکاریی کرد، ئەمەی ڕووی دا لە پەسەندکردنی بودجەدا جێگەی دەستخۆشییە، جگە لەوەی دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش دەکەین و نکۆڵی لە یەکھەڵوێستییان ناکرێت، بەڵام حەقیقەتێکیش ھەیە نابێ لەبەرچاوی نەگرین، کاتێک پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، واتە چارەسەرکردنی کێشەکانیش ئاسانە، بە پێچەوانەوە، ئەگەر پارتی بەھێز نەبێت، بەغدا ئامادە نییە بێتە ژێر باری داواکاریی ھەرێمی کوردستان.سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق ئەزموون لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی وەردەگرێت، کە باوەڕی لای بەغدا دروست بووە ھیچ سەرۆکوەزیرێکی عێراق بەبێ پشتیوانی و ھاوکاریی سەرۆک بارزانی سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت و داواکاریی کورد بەرچاو نەگیرێت، ئەو عێراقەی ئێستا بوونی نامێنێت. هەروەها بانگهێشت و سەردانە فەرمییە بەردەوامەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان ئاماژەیەكی روون و ئاشكران بە بایەخ و گرنگی پێگەی هەرێمی كوردستان . پێشهاتەكانی چوار‌ ساڵی رابردوو ، هێرشی داعش بۆ سوریا و عێراق و دواتر هەرێمی كوردستان ، ئینجا پیلانگێری و خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەرو گەمارۆدانەكانی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ،كەسایەتی و رێبەرایەتی پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی سەڵماند كە چۆن لە ناخۆشترین بارودۆخەكان و قەیرانەكان بە باشترین پلان بەرێوە ببات و رێگە لە تێكدانی سەقامگیری بگرێت ، لە هەمانكاتیشدا چۆن ئیدارەی نزیكەی دوو میلیۆن ئاوارە و قەیرانی دارایی و ئەو چەكە نامرۆڤانەیەی بەغدا ببێتەوە كە لە دژی میللەتی كورد بەكارهێنرا .لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، بارزانی ئەو رێبەرەیە كە دەتوانێت گەلی كوردستانی باشوور كۆبكاتەوە و رێبەرایەتییان بكات بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵا كە سەربەخۆییە. سەرۆك بارزانی متمانەی لە نێو خەڵكی كوردستان بە جیاوازی بیروبۆچوونی ئایدیۆلۆژی و ئایین و ئایینزاكان هەیە، بۆتە هۆكارێكی دڵنیایی دەروونی لە لایەن هاووڵاتییانی كوردستان و ئەو پێشمەرگە و گیانفیدایانەی كە بەرگری لە خاكی كوردستان و سەرجەم پێكهاتەكانی دەكات.دۆخی خراپی عێراق و سووریا كە هۆكارەكەی چارەسەرنەكردنی كێشە نێوخۆییەكان بووە لە رابردوو، هیچ كەس ناتوانێت گەلی كورد تاوانبار بكات، بەتایبەت لە عێراقدا كە گەلی كورد هەموو سیستەمەكانی پاشایەتی و كۆماری، دیكتاتۆریەت و دیموكراسی، یەك دەوڵەت و ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی تاقی كردەوە، بەڵام كێشەكان هەر چارەسەر نەكران و دۆخەكان هەر ئاڵۆزتر دەبن و ئەمەش رەوایی دەداتە داواكاری كورد بۆ سەربەخۆیی.سەرۆك بارزانی جگە لەوەی مەرجەعێكی سیاسییە و مێژوو و شەرعییەتێكی شۆڕشگێڕانەی هەیە، لە هەمان كاتدا وەكو ناوچەكە و عێراق و جیهان وەك كەسایەتییەكی كاریگەر و مەرجەع بۆ پرسە ستراتیژیی سیاسی و دیپلۆماسییەكان دەرووانە سەرۆك بارزانیی كە ئەمە هێزێكی تری داوەتە رۆڵی بارزانی بۆ بەرەو پێشڤەبردنی دۆزی گەلی كوردستان.لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، سەرۆك مەسعود بارزانی ئەو رێبەرەیە كە دەتوانێت گەلی كوردستانی باشوور كۆبكاتەوە و رێبەرایەتییان بكات بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵا كە ئەویش پاراستنی دۆزی كورد و بە هەنگاو نانە بەرەو ئامانجە گەورەكەمان . هەموو ئەوانە وایانكرد كە دیدی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و پشتیوانیكردنی میللەتی كورد زیاتر ببێت و پێگەی كوردستان بەهێزتر بكات و ببێتە جێی متمانە ..
Top