به‌ر‌زکردنه‌وه‌ی فامی نه‌ته‌وه‌یی ڕێکارێ بۆ کردنه‌وه‌ی گرێکوێره‌ی کێشه‌ی کورد
January 28, 2019
وتار و بیروڕا
کورد هه‌موو فاکته‌کانی نه‌ته‌وه(خاک، مێژوو، زمان و کولتوری هاوبه‌ش)ی بۆ ده‌وڵه‌تداری هه‌یه، توێژینه‌وه‌کان سه‌لماندوویانه که شارستانییه‌ت له سه‌ر ده‌ستی کورد دامه‌زراوه. جوغرافیای کوردستان زێدی ئایین و ئایینزاکان بووه.. که‌چی به پێچه‌وانه‌ی عه‌ره‌ب که خاوه‌نی پتر له دوو جین ده‌وڵه‌تن، تا ئێستا کورد ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی نییه. کێشه‌ی سه‌ره‌کی و که‌ند و کۆسپی گه‌وره‌ی به‌رده‌م ئه‌م ئامانجه مه‌زنه‌ش ئه‌وه‌یه:
کورد، نه‌ک له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانی داگیرکراودا یه‌ک هه‌ڵوێست نین و ته‌نانه‌ت دژایه‌تیی یه‌کدی ده‌که‌ن، بگره له هه‌ر که‌رتێکی داگیرکراو و به باشووری ڕزگارکراو و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵییشه‌وه، تووشی په‌تای یه‌کدی قبووڵنه‌کردن بووه! له‌وه‌ش خراپتر، زۆربه‌ی حزب و لایه‌نه خاوه‌ن پێشینه‌کان، له ناوخۆیاندا تووشی لێکترازان و جیابوونه‌وه و باڵباڵێنه بوون! به‌داخه‌وه ئه‌وه واقعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر و که‌شێکی ناله‌بار و په‌نگخواردووه، که سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کورد به پێچه‌وانه‌ی خواست و داخوازییه‌کانی گه‌له‌که‌یان گیرۆده‌ی بوون!
ئه‌وانه‌ی حزبه‌کانی خۆیان دوو که‌رت و دابه‌ش کردووه، کاتێ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌ی دۆستان و لایه‌نگرانیان ده‌بنه‌وه، ده‌ڵێن: "سیاسه‌ت به سۆز و عاتیفه ناکرێ.." بێگومان مێرمنداڵێکیش که دوو پیتی له سیاسه‌ت خوێندبێ، به باشی ده‌زانێت "سیاسه‌ت به سۆز و عاتیفه ناکرێ"، به‌ڵام جیابوونه‌وه و لێکترازان و باڵباڵێنه‌ی حزبییش، ناتوانێ عه‌قڵییه‌تێکی خاوه‌ن لۆژیکی له‌پشت بێ، به‌تایبه‌تی ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی که پاش جیابوونه‌وه‌شیان هه‌ڵگری هه‌مان مێتۆدی فیکری و ئایدیۆلۆژی و ئامانجی سیاسین! ئه‌وان ته‌نیا بازاڕی پاساویان گه‌رمه و چێشتخانه‌ی دروستکردنی سیاسه‌تیان سارده و هه‌ر خۆراکی ماوه‌به‌سه‌رچووی هزری ده‌رخواردی شوێنکه‌وتووانی خۆیان ده‌ده‌ن!! له‌وه خافڵن که ناته‌بایی ناوخۆیی، باری کار و خه‌باتی پێکه‌وه‌یی لاسه‌نگ و لار‌و گێڕ کردووه!
ئه‌گه‌ر باشووری وڵات به فاکت وه‌ربگرین، که که‌رتێکی ڕزگارکراوی کوردستانی گه‌وره‌یه، ده‌بینین: پارتی دیموکراتی کوردستان، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، گۆڕان، نه‌وه‌ی نوێ و ئیسلامییه‌کان ته‌نیا خوایان یه‌کێکه!! پارتی دیموکراتی کوردستان، وه‌ک حزب له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یه‌که‌م بووه و زۆرترین ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێناوه، سه‌رۆکی پارته‌که‌ش وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی کاریزما که به‌شێکی زۆر له نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک سه‌رۆکی نه‌ته‌وه لێی ده‌ڕوانن، تا ئێستاش که هیچ پۆستێکی حکوومی نییه، له وڵاتانی گه‌وره‌ی جیهاندا وه‌ک سه‌رۆکی وڵات پێشوازی لێ ده‌کرێ و به‌رپرسانی پله‌باڵای وڵاتانیش سه‌ردانی ده‌که‌ن و بایه‌خ به ڕاوێژی ده‌ده‌ن.
سه‌رۆک بارزانی یه‌که‌م سه‌رۆکه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که به ئاسانی و به‌بێ خوێنڕشتن ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌که‌ی بووه، که‌چی که‌سانێکی کوردزمان به قورخکردنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی تۆمه‌تباریان ده‌کرد و له جه‌نگه‌ی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا به "سه‌رۆکی ماوه به‌سه‌رچوو" ناویان ده‌هێنا و هه‌موو هه‌وڵی خۆیان له‌وه‌دا چڕ ده‌کرده‌وه که به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی په‌رواێز بخه‌ن!
باشووری کوردستان به سه‌رکردایه‌تیی بارزانی و به قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ی وڵاتپارێز توانی لووتی تیرۆریستانی داعش و حه‌شد و سوپای عێراقی بشکێنێ و، به خۆڕاگریی گه‌ل، به‌رگه‌ی قه‌یرانی ئابووری و ئابڵۆقه‌کانی عێراقی به‌رفه‌رمانی ئێران بگرێ، به‌ڵام به هۆی چه‌ند سیاسیکاری کاڵفام و ڕق له‌دڵ و کینه‌بار و که‌سانی خۆفرۆش و ڕاسپێردراو و به‌کرێگرته‌ی سوپای قودسی ئێران، به‌شێکی به‌رچاوی خاکی ڕزگارکراوی باشووری کوردستان له ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه ده‌رهێندرا و به ئاسانی پێشکه‌شی سوپای داگیرکه‌ریان کرده‌وه! میدیای چه‌واشه‌کاری حزبی و پۆپۆلیسته تازه پێگه‌یشتووه‌کان وایانکرد، ئه‌و گه‌له خاوه‌ن خه‌بات و قوربانیدانه که له پێناوی ده‌سته‌به‌ری سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆییدا هه‌ر ده‌م گیانیان له سه‌ر له‌پی ده‌ست بووه، به‌شێکی به‌رچاویان به‌لاڕێدا بران و خواستی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی مووچه‌یان به سه‌ر خه‌ونی ده‌یان ساڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی شه‌که‌ت و شه‌ته‌ک دراودا زاڵ کرد! ته‌نانه‌ت سوپایه‌کی میدیاییان له دژی گه‌لپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی وه‌ڕێخست، دواتریش به‌شێک له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان بوون به که‌واسووری به‌ر له‌شکه‌ری داگیرکه‌ر و جگه له که‌رکووک که به دیاری پێشکه‌شی سوپای حه‌شدی شه‌عبی-یان کرد، به "ڕجا" و تکا و پاڕانه‌وه داوایان لێ کردن، هه‌ولێری پایته‌ختیش داگیر بکه‌ن و به‌ته‌واوی ئاسه‌واری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بسڕنه‌وه، که ئه‌وه‌یان بۆ نه‌چووه سه‌ر و له پردێ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه چۆکی پێ دادان..!
سه‌یری مێژووی کورد بکه‌ن، له سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه تا هه‌نووکه خۆخۆری و په‌رته‌وازه‌یی به‌رۆکی گرتووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش داری به ڕۆحی‌دا داوه.. چی ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه، به هۆی سیاسه‌تی خێڵه‌کی و ناوچه‌گه‌رایی و ململانێی ناڕه‌وا بووه به قاوتی به‌ر با.. به‌رده‌وام هه‌وڵ دراوه تاکی کورد له هزری نه‌ته‌وه‌یی و ئینتیمای نیشتمانی دابماڵن. کورد ڕابه‌ر و پێشه‌وای لێ هه‌ڵکه‌وتووه، پشتیان چۆڵ کردووه! قیاده‌شکێنی وه‌ک کورد له هێچ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا نییه و یه‌که‌می بێ ڕکابه‌ره بۆ سووکایه‌تیکردن به سه‌رۆک و پێشڕه‌وی خۆی! تا ئێستاش ژماره‌ی ئه‌و که‌سانی که‌م نین که به خراپه باسی سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانی وه‌ک شێخ مه‌حموودی حه‌فید و پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و مسته‌فا بارزانی ده‌که‌ن!!
داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر گێل و گه‌مژه‌ن، ده‌نا نه‌ک چوارپارچه‌ی کوردستان، به‌ڵکو یه‌ک که‌رتی کوردستانیش به کورد بده‌نه‌وه، کورد له ناوخۆیدا وڵاتفرۆشی زۆره هه‌تا خاک و سه‌رۆکه‌که‌شی هه‌رزانفرۆش بکه‌نه‌وه!
وڵات هه‌یه له هه‌موو مێژووی خۆیدا یه‌ک خائینی هه‌بووه، تاک به تاکی ئه‌و وڵاته هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ن، هه‌تا ئه‌و هه‌سته لای کورد دروست نه‌بێ، هه‌تا یه‌کڕیزی و هه‌وڵدان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی نێوماڵی کورد نه‌بێته به‌رایی(ئه‌وله‌وییه‌ت)ی کاری سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کورد، هه‌تا یه‌کدی قبووڵکردن و ته‌بایی ناوخۆیی و هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن و له‌خۆ تێگه‌یاندن شوێنی بوغزاندن و یه‌کدی سڕینه‌وه نه‌گرێته‌وه، سه‌رکه‌وتنی کورد له‌م هه‌ورازه سه‌خت و دژوار و به دوژمن ده‌وره‌دراوه، شتێکی مه‌حاڵه، بۆیه کاتی ئه‌وه هاتووه، له‌و حه‌قیقه‌ته تێبگه‌ین که: گرێکوێره‌ی کێشه‌ی کورد ته‌نیا به یه‌کڕێزی و به‌ر‌زکردنه‌وه‌ی فامی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کرێته‌وه..