ئەرک وبەرپرسیاریەتی قورسی رێزدار مەسروور بارزانیی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان ...

ئەرک وبەرپرسیاریەتی قورسی  رێزدار مەسروور بارزانیی لە  کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان ...
چارەکە سەدەی حوکمرانی ھەرێمی کوردستان بەرزی و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینیووە ،سەرٍەرایی گشت کۆسپ وبەربەستەکانی بەر رێگەی بونیاتنانی حکومەتی کوردستان توانیوێتی رێگەیەکی باش ببرێت بۆ پیشاندانی سیمایی دەوڵەتداری کە زۆرێک لە نەیاران و داگیرکەران پێیان وابوو کە گەلی کردنەتەوەیەکی شەرانگێزە و ناتوانێ حکومکرانی بکات .دەرەنجامی سەدەیەک بەرخۆدانی نەتەوەکەمان لە سەرتاسەری کوردستان - بە ھەموو بەشەکانیەوە -حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تاکە قەوارەی سیاسییە کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناخۆی عێراقدا دانپێدانانی فەرمی ھەبێت و جێگەی بایەخ بێت، ئەوەش بۆ خۆی دەستکەوتێکی ھەرە گرنگ و زۆر دڵخۆشکەرە،؛ چونکە دەبێت ھەردەم ئەوەمان لەبیر بێت کە خوشک و براکانمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە سەرەڕای خەباتی زۆر و قوربانیی فرەیان ھێشتا ھیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆیان دەستگیر نەبووە، بۆیە پاراستنی حکومەتی ھەرێم و ئەم دەستکەوتە مەزنە بۆ خۆی ئەرکێکی گەورەیە و دیسانەوە پێویستی بە جۆرێک لە خەبات و بەرخۆدان ھەیە، سەرەڕای ئەوەش حکومەتی خۆماڵی لە ماوەی تەمەنیدا لە بوارگەلێکی گرنگی وەکو تەنایی و ئاسایش و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و پەروەردەو خوێندنی باڵاو رێگەوبان چەندین بواری دی- ئەگەر وەکو پێویستیش نەبووبن - ھەنگاوی بەرچاوی ھاویشتووە، کە لەچاو بەشە عەربیەکەی عێراق و ھەندێک وڵاتی دراوسێی ھاوشێوەی سووریا گەلێک بەباشتر دەنرخێندرێت. چواردەورەی ئەم ھەرێمی کوردستانە ئارام و سەقامگیرە بریتیە لە ناوچەی جەنگ و ململانێ، بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگر لەوەی ئێمە باوەڕمان بەو تیۆریە ھەبێ، حکومەتێکی کارا کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات، تاک و کۆمەڵیش وەکو بکەر و بەرپرس ڕەفتار دەکەن، وەکو پسپۆڕ و بەرھەمھێنی سامان و زانیاری و خزمەتگوزاری و دەسەڵات، بە شێوەیەک بڕیارەکان لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕ و کارلێکی دوولایەنە دەدرێن.لە ماوەی رابردوودا بەداخەوە ھەندێ ڕەوت و لایەن مەبەستیانە ڕێڕەوی کاری سیاسی و حکومەت لە ھەرێمی کوردستان بشێوێنن و وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی حزبی یان وەکو کەسایەتی سەربەخۆ و خۆ بە ڕۆشنبیر زان ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیە قەیران بخوڵقێنن و کێشە بۆ یەکڕیزی نیشتمانی درووست بکەن، یان ئەو پێشکەوتنەی، کە ھەرێم لە زۆر بواردا بە خۆیەوە بینیوێتی، مایەپووچ بکەن. ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی ٣٠/٩/٢٠١٨ لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخساند وەکو براوەی یەکەم ٤٥ کورسی لەگەڵ براوەی دووەم ٢١ کورسی و براوەی سێیەم ١٢کورسی بکەوێتە گفتوگۆ.بە تایبەتی لەم قۆناغە ھەستیارە و لە پێناو ڕێگری کردن لەو ڕووداوانەی، کە ئەگەری ئەوەیان ھەیە ببنە مایەی ھەڕەشە لەسەر مانەوەی کۆمەڵگا و حکومەت پێکەوە، یان لەمپەر لەبەردەم ھاوکێشەی دیموکراسی درووست دەکەن و ناھێڵن پەرژەوەندی نیشتمانی سەردەست بێت، پارتی دیموکراتی کوردستان زەمینەسازی دەکات بۆ ھەبوونی ھاوبەشی و ھاوپەیمانێتی.بەدڵنییاییەوە گرینگترین پەرپرسیارێتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان، بە سەرپەرشتی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرکەوتووانە پێک دەھێنرێ، بریتی دەبێ لە چەسپاندنی سەروەری ھەرێم و سەپاندنی یاسا بەسەر سەرجەم ناوچە کوردستانیەکان و بەھێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنیە فەرمییەکان و بەدەستھینانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ پەرەپێدانی بەردەوام و ھەنگاونان بەرەو بنبڕکردنی گرفتە درێژخایەنەکان و پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی و لەھەمووشیان گرنگتر ھەوڵ وتێکۆشان و تیشک خستنە سەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستور لە لایەن حکومەتی بەغدا. بەدڵنییاییەوە ئەرک و بەرپرسیاریەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان قورس دەبێ کە بە ئەنجامدانی چاکسازی بنەڕەتی لە بواری دارایی و نەوت و پاراستنی سەقامگیری ئاسایشی و یەکبوونی نیشتمانی دەبێتە ھۆکاری بزاڤدنی ڕەوڕەوەی ئابووری و بووژانەوەی گەشتیاری و وەبەرھێنان و دەستەبەرکردنی ھەلی کاری نوێ و گەڕانەوەی تواناکان بۆ ھەرێم لە پێناو ھاوکاریکردن لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی بێ کاری و بەرز ڕاگرتنی ئاستی زانستی زانکۆکان و گرینگیدان بە پرسی ژینگە، کە لە پێناو پاراستنی پێویستمان بە دانانی کۆمەڵێ یاسای تایبەتە.ھەروەھا پێویستە کاببنەی نۆیەم و حکومەتی نوێ لە ناوەوە کار لەسەر ڕێکخستنی نێوماڵی کوردستانی بکات و تواناکان فراوانتر بکات بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی ھەرێم و زەمینەسازی بکات بۆ بەکارھێنانی فەرھەنگێکی ھزری، کە کار لەسەر پرۆژەکانی چاکسازی و وەرچەرخانی بونیادنەر بکات بۆ بەدەستھێنانی دیموکراسیەت.لە پێناو پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ھەموو ئەو ھەوڵانەی، کە مەبەستیانە دەستکەوتەکانمان لێ زەوت بکەن، پێویستە بەردەوام خوێندنەوەی سەردەمیانەمان ھەبێ بۆ ململانێ ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و ڕێگر بین لە دەستێوەردانی دەرەکی بۆ کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و زیاتر کار پێکەوە بکەین لەسەر ستراتیژی بەرگری نوێ و میکانیزمی ژمارەیی بدۆزینەوە بەڕێوەبردنی ململانێیەکان. بۆیە، لە سەر گشت ھێز ولایەنە نیشتیمانپەروەر و رۆشنبیر و سیاسییە و دڵسۆزانی گەلەکەمان پێوستە ھەمووان بە یەکدەنگ و یەکھەڵوێست پشتیوانی ھەنگاوەکانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان بین لە پێناو کوردستانێکی بەرھێز و پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر و پارێزگاری کردن لە گشت دەسکەوتەکان .
Top