پیلانەکەی سەر کۆماری کوردستان و وەڵامی بارزانی نەمر

پیلانەکەی سەر کۆماری کوردستان و وەڵامی بارزانی نەمر
رژێمی شای ئێران بە پیلان و پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران توانی کۆتایی بە کۆماری کوردستان بێنێ و لەو قۆناغەدا دەرگای ئومێد بەڕووی کوردانی پارچەکانی تریش دابخات، بارزانی نەمر بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و بڕوا بە خۆبوون توانی وەڵامی ئەو پیلانە بداتەوە و رێڕەوە مێژووییەکەی رووباری ئاراس بکاتە خەڵاتی مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوە چوونی پیلانەکە و هەڵوێست وەرگرتنی بارزانی نەمر هەردوو داگیرکاری باکوور و باشووری کوردستانیش بۆ لەناوبردنی بارزانی نەمر و ئەو پۆلە شۆڕشگێڕەی لەگەڵی بڕیاری مردنیان دابوو هاتنە ناو پیلانەکە، وەرگرتنی هەڵوێستێکی وا ئازایانە لەناو گەلەکۆمە و پیلانگێڕیەکی وا نەخشە بۆ کێشراو لوتکەی بڕوا بە خۆبوون و بەرگری کردن بوو لە بوون و مانی نەتەوەیەکی ژێردەستە.
دوای ئەوەی پیلانەکەی ئێران و سۆڤیەت بۆ لەناوبردنی کۆماری کوردستان سەری گرت و پێشەوا قازی خۆی بە دەستەوە دا، چۆن بارزانی نەمر بەرگری کردنی لە کۆماری کوردستان خستبووە سەر شانی خۆی و بارزانیەکان، لەوەشدا وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی ئەرکی وەڵامدانەوەی ئەو پیلانەشی گرتە ئەستۆ، لەولاشەوە هەر سێ داگیرکاری تورک و فارس و عەرەب بارزانی نەمریان بە تاکە بەربەستی بەردەم ئامانجی داگیرکاری خۆیان دەزانی، بۆیە هەر سێ داگیرکاری دوژمن بە ماف و ئازادیەکانی کورد بۆ لەناوبردنی چوونە ناو هاوپەیمانییەکی سەربازی سێقۆڵییەوە.
لێرەوە بەرککەوتنەکە درووست بوو، هەرچی رژێمەکانی تورک و فارس و عەرەب بوون کەوتنە بەرەیەک، بارزانی نەمریش بە پێج سەد پێشمەرگەی گیان لەسەر دەست و بڕوا بە خۆ بوو کەوتنە بەرەبەک و شەڕی یەکلاکەرەوە و ئەوەی لە مێژوودا بە رێڕەوە مێژووییەکەی رووباری ئاراس ناسراوە روویدا، ئەوەش بە شکستی هەر سێ رژێمە داگیرکارەکەی فارس و تورک و عەرەب و سەرکەوتنی بارزانی نەمر و بارزانیەکان کۆتایی هات، ئەو داستانە ئەوەمان پێدەڵێ کە کورد ئەگەر یەک بێ و لەناو خۆیدا خیانەتی پێ نەکرێ سەرکەوتوو دەبێ, رێڕەوی رووباری ئاراس و سەرکەوتنی بارزانی نەمر و هاوەڵەکانی ئەوەشمان پێدەڵێ کە لە رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەگەر خیانەت لێگەڕابا و چاوساغی بۆ حەشد و سوپای عێراق نەکرابا، رووداوەکان پێچەوانە دەبوون و داستانەکانی پردێ و سحێلاش بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەی سەرەوەن.
Top