ئەزموونی ژاپۆن لە پەروەردە و فێرکردن

ئەزموونی ژاپۆن لە پەروەردە و فێرکردن
ژاپۆنیەکان دەلێن " ئەگەر پرسیارت کرد لەوانەیە لەوکاتەدا شەرم بکەیت، بەڵام ئەگەر پرسیارت نەکرد ئەوا بە شەرم کردنەکە لەگەڵت دایە بە درێژایی ژیان".
بێگومان ژاپۆن لە ووڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانە لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و کوالێتی خوێندن بۆ چەندەھا ساڵە لە چوارگۆشەی یەکەمدایە، بە تایبەتی لە ریزبەندی دووەم یان سێ یەم ئەوەش بۆ ئەزموونی سەرکەوتووی ئەو ووڵاتە دەگەرێتەوە لە پەروەردە و فێرکردن بە شێوەیەک زۆربەی ووڵاتانی جیھان بە ئەزموونی ژاپۆن سەرسامن بە رادەیەک ووڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانی لە بواری ئابوری و پیشەسازی تێپەڕاند کە زۆرترین شارەزا و ئەزمووندەریان ھەیە لە زۆربەی بوارەکان و بگرە لە فێرکردنیش. لە پێش ھەموویان ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە شەرمی نەکرد لەوەی داوای کرد ئەزموونی ژاپۆن پیت بە پیت بگوازێتەوە بۆ ووڵاتەکەی و سوودی لێ ببینی، ھەر ئەوەش بوو داوای کرد تیمێک لە شارەزا و توێژەرانی سەر بە نوسینگەی توێژینەوەی پەروەردەیی، خوێندنەوەیەکی وورد بۆ ئەزموونی فێرکردن لە ژاپۆن ئامادە بکەن و ئەوە و ھەموو لایەنەکانی پەروەردە و فێرکردنی ژاپۆن و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ژاپۆن لە فێرکردن لە پەرتووکێکی (١٧٦)لاپەرە بە چاپ گەیاند، لەلایەن وەزیری پەروەردەی ئەمریکی مۆر و واژوو کرا و لەگەڵ ژمارەیەک لە راوێژکارانی واژوویان لەسەر ئەو پەرتووکە کرد. ھەر لە بەرگرنگی ئەو پەرتووکە لەلایەن ووڵاتی کوێت و میسریش وەرگێردراوەتەوە سەر زمانی عەرەبی بۆ سوود وەرگرتن.
بێگومان پێشکەوتنی ھەر ووڵات و نەتەوەیەک وابەستەیە بە گرنگی و بایەخ دان بە فێرکردن و پەروەردە و گەشەسەندنی پرۆسەی فێرکردن، ژاپۆنیش لەو ووڵاتانەیە زۆر گرنگی بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەدات، ھەر ئەوەش بوو ئەو ووڵاتەی بنیاتنایەوە دوای ئەوەی لە جەنگی جیھانی دووەم وێران ببوو، بە گرنگی دەزانم بە کورتی تیشک بخەمە سەر گرنگیدانی ژاپۆن لە پڕۆسەی فێرکردن، لە ژاپۆن مامۆستا مووچەیەکی زۆرباشی پێ دەدرێت کە پێویستی بە ھیچ شتێکی تر نییە و بە ھیچ شێوەیەک وانەی تایبەتی نالێتەوە و ھەر لە بنەڕەتدا سیستەمی وانەی تایبەت لە ژاپۆن نییە، مامۆستایانیان خاوەن توانا و بەھرە و پسپۆڕی بەرزن و ووردن لە پاپەند بوون بە دەوام و کات و سیستەمی فێرکردن ھەر پۆلێک و ھۆبەیەک مامۆستایەکی دیاری کراوی ھەیە کە پەیوەندی زۆر باش و نزیکی لەگەڵ قوتابییەکان ھەیە، کە بەردەوام چاودێری ھاتن و نەھاتن و زیرەکی و توانایی قوتابییەکان دەکات ، وە ئەگەر پێویست بکات پەیوەندی لەگەڵ کەس و کاری قوتابیش بەردەوام دەبێت ئەو مامۆستایە بەرپرس دەبێت لە قوتابییەکانی ئەو پۆلە وەک باوک و دایکی قوتابییەکان، لە ھەمان کاتدا قوتابیانیش قوتابخانەکەیان بە سەرچاوەی زانست و زانیاری دەزانن و پاک و خاوێنی رادەگرن و خۆیان پاکی دەکەنەوە و رێزی مامۆستاکان دەگرن و بەھیچ شێوەیەک دوا ناکەون لە قوتابخانە.
پرۆگرامەکانیان بە شێوەیەک دارێژراوە وا لە قوتابی دەکات فێر ببێت و بە ئاسانی زانیارییەکان وەربگرێت و وا لە قوتابی دەکات چۆن بیر بکاتەوە و چۆن ھەڵس و کەوت بکات، بەتایبەتی ووردی لە ھەڵس وکەوت و رەفتار و دڵسۆزی لە راپەراندنی کارەکان و گرنگی ئارام گرتن و بەرگە گرتن دان بە خۆدان. ھەروەھا لە پرۆگرامەکان دا کەسایەتی قوتابی بنیات دەنرێت کەسایەتیەک متمانە و دڵنیایی ھەبێت خاک و ووڵات و نیشتمانی خۆش بوێت و شانازی بە نیشتمان و ووڵاتەکەی بکات و بڕوای بە خۆی و تواناکانی خۆی ھەبێت.
بێگومان پرۆگرامەکانی خوێندن لە ژاپۆن پرۆگرامی چڕوپڕن گرنگی بە ھەموو لایەنەکانی ژیانی تاک دەدەن بە پەروەردەیەکی درووست پەروەردە دەکرێن، ماوەتەوە بلێم ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە بیری لەوە نەکردۆتەوە سوود لە ئەزموونی ووڵاتانی وەکو ژاپۆن و سەنگاپورە وکۆریای باشوور و مالیزیا و ووڵاتانی تری پێشکەوتوو وەربگرێت؟ ھەنگاوەکانمان چی بوون؟ بەتایبەتی لە پرۆگرامەکانیان گرنگە ھەندێ لە پەرتووکەکانیان وەربگێردرێتە سەر زمانی کوردی بۆ سوود وەرگرتن و گەشەسەندن و پەرەسەندنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان، یانیش تا چەند توانیومانە کەسانی پسپۆڕ لە ھەرێمی کوردستان وەکو شاند بنێرینە ئەو ووڵاتانە و پاپەندیان بکەین بە ئەنجامدانی سیمینارو کۆڕ بۆ کەسانی پسپۆڕ و مامۆستایان لە ھەرێمی کوردستان. یانیش تا چەند توانیومانە شارەزایانی ئەو ووڵاتانە بە فەرمی داوەت بکەین بۆ کوردستان بۆ باس کردنی ئەزموون و سەرکەوتنی ووڵاتەکانیان لە بواری پەروەردە و فێرکردن تا مامۆستاکانمان بتوانن سوود ببینن، گەر بمانەوێ پێش بکەوین و ویژدانمان ئاسودە بکەین و ئەمانەت بپارێزین دەبێ سوود لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو لە پەروەردە و فێرکردن وەربگرین.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top