وەک ئەوان هاتن چییان کرد و چی روویدا؟
January 21, 2019
وتار و بیروڕا
بۆ گواستنەوەی کێشەکان بۆ ناوماڵی کورد سەرەتا بەناوی سەرمایەدار و کرێکار دەستیان پێکرد، لە کاتێکدا کورد بە سەرمایەدار و کرێکارەوە گیرۆدەی دەستی داگیرکەرێک بوو کە لەناوبردنی کوردیان بە هەموو چین و توێژەکانەوە لە هەناوی شۆڤێنی خۆیاندا هەڵگرتبوو، دواتر بەناوی دەرەبەگ و جوتیار، کێ لەگەڵیان با جوتیار بوو، ئەوەی لەگەڵیان نەبا دەرەبەگ بوو، دوای ئەوە بەزمی شارچێتی و نانەوەی ئاژاوەیان لە نێوان بادینی و سۆرانی داهێنا و دواتر وردیان کردەوە بۆ هەولێری سلێمانی، لە کاتێکدا بادینییەک و سۆرانییەک، هەولێرییەک و سلێمانییەک بە یەک پەتی سێدار دەخنکێنران، لە ساز کردنی هەموو ئەو بەزمانەش وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد خۆیان لە ژێر فەرمانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دیموکراتخواز و دیکتاتۆریشیان دەدایە پاڵ هەڵگرانی ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان.
دوای ئەوەی ئەو هەموو سیناریۆ و چەواشەکاری و خڵەتاندنەی خەڵک دادی نەدان، کۆمەڵگەیان بەسەر دوو چینی گەنج و پیردا دابەش کرد و بۆ مەرامی تایبەتی و پاراستنی پێگەی خۆیان لە یەکتریان هاندەدان، لەوەشدا هیچیان دەست نەکەوت و کاتێکیان بە خۆیان زانی دەستیان لە بنی هەنبانەی پیلانگێڕی و ئاژاوە نانەوە دەرچوو، ئەوجار پەنایان بۆ توێژی گەندەڵ و توێژی گۆڕانخواز برد و هەر لەناو خۆیاندا کەوتنە رەنگ کرن و بەشێکیان ناونان گەندەڵ و بەشەکەی تریشیان کردنە گۆڕانخواز، دوای ئەو هەموو توێژ و توێژبازی و چین و چینبازی و دابەش کردنی کۆمەڵگە بەسەر ئەم چین و ئەو چین و ئەم توێژ و ئەو توێژ، سەرئەنجام لە بەرامبەر چینی وڵاتپارێز، چینی وڵاتفرۆش و لە بەرامبەر چینی شۆڕشگێڕ، چینی خیانەتکار و لە بەرامبەر چینی سەربەخۆخواز، چینی عێراقچێتیان بەرهەم هێنا و ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ.