زیاتر لە حەوت دەیە بەردەوامی كاروانی خەبات و تێكۆشانمان و شازنەكردن لە سەر بستێك خاك و پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەكان ئەو ستراتیژییە كوردانەیە كە تەنها خۆی لە رابەرایەتی كەسایەتییەكی دڵسۆز و كوردەپەروەر دەبینێتەوە كە گشت ساتەكانی تەمەنی لە پێناو ناساندنی دۆزی كورد و چەسپاندنی مافەرەواكانی فیدا كردووە تا گەلی كورد خاوەنی كیان و ئازادی خۆی بێ ..دوای سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی كورد، بەسەرپەرشتی و سەرۆك مەسعود بارزانی، بینیمان بەڕێزیان چۆن بە كارێزمایی و لێهاتوویی خۆی ڕووبەڕووی ئەنجامەكانی پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بووەوە، خەمخۆری و دڵسۆزیی جەنابیان بووە هۆی ئەوەی، قەوارەی هەرێمی كوردستان لەو پیلانگێڕییە هەمەلایەنەیە، كە لەلایەن گرووپی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر و هاوپشتەكانیانەوە بەرنامەداڕێژی بۆ كرابوو لە ناوچوون بپارێزێت! بەڵێ، جەنابیان بە هێمنی و حیكمەتی خۆی توانی شكست بە پیلانی پیلانگێڕان بێنێت و لەگەڵیشیدا كێشمەكێشی نێوان بەغدا و هەرێم بە تێڕوانینی حەكیمانە و دووربینی خۆی بەرەو ئاقاری هێوركردنەوە و ئارامی بەرێت، واقیعبینی و خوێندنەوەی ڕاست و دروستی بەڕێزیان بۆ ئەو كاتی دۆخەكە، بووە هۆی ئەوەی، زووبانی گفتوگۆ و دیالۆگ زاڵبێت و هەمدیس وڵاتان بێنەوە پێشەوە و پشتگیری لە جەنابیان و هەوڵە ئاشتیخوازانەكانی بكەن، هەر ئەمەش وایكرد لە پای شەڕ و تانك و تفەنگ و چاوسووركردنەوە كوشتن و ماڵوێرانی، زمانی دیالۆگ و ئاشتی و لێكحاڵیبوون سەركەوێت، ئەم هەوڵە دیبلۆماسییەی جەنابیان ئامانجی تەواوی خۆی پێكا، ئەمڕۆش هەمووان بەرهەمی ئەو دووربینییەی جەنابیان لەسەر ژیانی یەكە یەكەی هاووڵاتییانی عێراق و كوردستان و ناوچەكەش دەبینن. لە ڕووی وزە و ئاوەدانییەوە، هیچ گومان لە ڕۆڵی جەنابیان نییە، ئەو پێشكەوتنانەی ئەمڕۆ لە هەرێمەكەمان لەم ڕووەوە بە دەستهاتوون، بە هەوڵ و هیمەت و دووربینی جەنابیان بووە، بەڵێ هەر سیاسەت و دووربینی جەنابیان و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وای كرد، هەرێمی كوردستان بچێتە نێو نەخشەی وزەی جیهانییەوە، ئەوەتانێ ئێستا ڕۆژ دوای ڕۆژ، كۆمپانیا گەورەكانی وزە و ئاوەدانی ڕوو لە هەرێمەكەمان دەكەن، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لەم لایەنەوە بەرهەمی ئەو سیاسەتە ڕاست و درووست و بەرچاو ڕوونییەی بەڕێزیان بووە بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی هەرێمی كوردستان، سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ كوردستان بووەتە خاوەن وزەی خۆی و ڕۆژ دوای ڕۆژ هەنگاوەكان لە خاسەوە بەرەو خاستر ئاستەنگییەكان دەبڕن. لە ماوەی حوكمڕانێتی جەنابیاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی كابینەی هەشتەمدا، زۆر ئاستەنگ و كێشەو پیلانگێڕی بۆ دروستكرا، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و پیلانگێڕیانەی دژ بە حكوومەتەكەی و خودی خۆشی وەكو كادیرێك و سەركردەیەكی لێهاتووی پارتی دروست دەكران، بەڕێزیان توانی ئەم دۆخەش بە لێهاتوویی تێپەڕێنێت. شەڕی داعش و بڕینی مووچە و پیلانگێڕی نێوخۆیی و دەرەكی و كشانەوەی هەندێك لایەن لە كاتێكی زۆر ناسك و هەستیاردا لە حكوومەتەكەی، نەبوونە هۆی ئەوەی جەنابیان لە ئەركە نیشتمانییەكەی ساردبكەنەوە و سەرئەنجام لە ڕووبەڕوبوونەوەی هەموو ئەو گرفت و كێشانەدا سەركەوتوو بوو، هەر ئەمەش وایكرد جەنابیان بە حیكمەت و هێمنی خۆی، بەسەر كۆی ئەو پیلانگێڕیی و پیلانگێڕانەدا زاڵ بێت و دۆخەكەی هەنگاو بە هەنگاو لە گرژی و ئاڵۆزیی و نائومێدییەوە گۆڕی بۆ هیواو و ئومێد و بڕوا بەخۆبوون. بێگومان لەم جیهانەدا هیچ حكوومەت و دەسەڵاتێك بێ كەمووكوڕی نییە و ناشبێت، جێی داخە لە سەردەمی كابینەی هەشتەم هەندێك بەرپرس لە ئاست متمانەی بەرێز نێچیرڤان بارزانی دا نەبوون، بەشێوەیەك لە شێوەكان بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان وەپێش بەرژەوەندی میللەت و حزبەوە خست، بوونە جێی ڕەخنەی زۆری هاووڵاتییان بەگشتی و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی. ئێستاش كە جەنابیان نزیكە لەوەی پۆستەكەی بگۆرێت و و بەرپرسیارەیتی ئەركێكی نیشتمانیانەی گەورەتر وەربگرێت، دەبێت هەمیشە ستایشی خۆڕاگری و ماندووبوونی بەڕێزیان بكەین، چونكە ئەوەی جەنابیان لەم چەند ساڵەی دواییدا كردی و ئەنجامی دا كاری گەورەبوون، بەرانبەر ئەو پیلانگێڕییە زۆرانەی كە دژ بە بەڕێزیان و كابینەكەی لە ئارادابوون. ئەوەی پەیوەستە بە كابینەی نۆیەمیشەوە، هەر بۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێت، كە بە دروستبوونی ببێتە یەكێك لە كابینە هەرە سەركەوتووەكان، هەر لە ئێستاشەوە ئەم كابینەیە بووەتە جێگای ستایش و دڵخۆشی زۆری هاونیشتمانیان، بەتایبەتی كە پاڵێوراو بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت، بەرێز مەسروور بارزانییە، كە دەرچووی هەمان قوتابخانەی بارزانیی نەمر و ڕۆڵەی بە ئەمەكی جەنابی ڕێبەری گەلی كوردستان هێژا سەرۆك مەسعود بارزانییە، لە هەمان كاتیشدا بەو پێیەی بەڕێزیان لە ئەركی پێشووتری وەكو ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتووانە كارەكانی خۆی بە جێ گەیاندووە، هەر بۆیە ئەم دەستنیشانكردنەی بەڕێزیان لەلایەن سەركردایەتی پارتییەوە، بووەتە جێگای ستایشی زۆربەی هەرە زۆری هاووڵاتییان، لە ئێستادا ئومێدەكان بە كابینەی داهاتوو بۆ بەجێ گەیاندنی دروشمەكەی پارتی بەرەو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز كە برا گەورە سەرپەرشتی دەكات زۆرن. بێشك ئەوەی لە بەرێز مەسروور بارزانی چاوەڕوان دەكرێت ئەوەیە، كە بە دەستێكی پۆڵایین لە هەموو گەندەڵكار و كەمتەرخەمان بدات و ڕێگای ئەوەیان پێ نەدات، یاریی بە چارەنووسی گەلەكەمانەوە بكەن و سەروەت و سامان و داهاتی میللەتەكەمان بە تاڵان ببەن، بەشێوەیەك هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو جۆرانەدا بكات، كە نێو دام و دەزگاكانی حكوومەت جێگایان نەبێتەوە، بۆ ئەوەی نەبنە بەڵاو دوژمنی خۆخۆر بۆ حكوومەتەكەی جەنابیان، نابێت ئیدی ڕێگا بە هەندێك بدرێت یاریی بە چارەنووسی گەلەكەمانەوە بكەن.