دوا رۆژی عێراق و چارەنووسی عێراقچیەکان
January 15, 2019
وتار و بیروڕا
عێراق بۆ ئێران وەک گەرووی هورمز وایە، لەو گەروەوە دەستی دەگاتە هەموو ئەو وڵات و ناوچانەی کە خۆی مەبەستیەتی, گواستنەوەی هێزی زیاتری ئەمەریکا بۆ عێراق ئەو ستراتیژە دەردەخات کە ئەمەریکا دەیەوێ ئەو گەروە بە رووی ئێراندا دابخات، جا ئەگەر ئەمریکا ئەو گەروە لە ئێران دابخات ئێران تووشی ئەو مەترسیە دەبێت کە لێی دەترسێ.
ئێران و ئەمەریکا ناتوانن دەستبەرداری پێگەی خۆیان ببن لە عێرقدا, هەرچی ئێرانە بە هۆی بوونی زۆرنەی شیعە عێراق بە بنکە و پێگەی سیاسی و سەربازی خۆی دەزانێ, هەرچی ئەمەریکاشە رژێمی بەعسی رووخاندووە و وا بە ئاسانی عێراق بۆ ئێران لێناگەڕی، بۆیە ئەمەریکا و ئێران شەڕی بردنەوەی عێراق لەناو خاکی عێراقدا دەکەن, لێرەوە ئەو پرسیارە درووست دەبێ کە لەو گۆڕانکاریە کورد چی دەست دەکەوێ و چارەنووسی عێرقچی و دژە ریفراندۆمەکان چۆن دەبێ؟
کورد لە ئێستادا بەسەر دوو بەرەی ریفراندۆمچی و سەربەخۆخواز و دژە ریفراندۆم و عێراقچیدا دابەش بووە, دژە ریفراندۆم و عێراقچیەکان بەرژەوەندی تایبەتی و هێز و پێگە و مانەوەی خۆیان لە هەژموونی ئێران و پەرپووتی دەسەڵاتێکی وەک ئێستای عێراقدا دەبینی، بۆیە لە گەڵ سەرهەڵدانی بیرۆکەی ریفرادۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان, ئەو بەرەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق بوونە حەسحەسی دەربار و سیستەمێکی (بەغایی) و دیموکراتیە نموونەییەکەی عێراقیان کردە دوا خواست و ئامانجی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش لە دژایەتی حکومەتی هەرێم و جاسووسی و پاڵپشتی بۆ حکومەتی بەغدا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دامەزراندنی حکومەتێکی (ئینقاز)و هەوڵدان بۆ دابەش کردنی حکومەتی هەرێم و بە هەرێم کردنی سلێمانی، ئەوەی لە دەستیان هات کردیان و درێغیان نەکرد، تەنانەت ئەو دژایەتی کردنە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر گەیشتە لوتکەی خیانەت و وڵاتفرۆشی.
ئەو بەرەیە زۆریان لەسەر ریفرادۆم گوت و ریفراندۆمیان وەک تاوان دەدایە پاڵ سەربەخۆخوازان و داوای دادگایی کردنی ریفرادۆمچیەکانیان دەکرد، بەوەش رەواییان بە هەموو ئەو تاوانانە دەدا کە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان لەگەڵ کوردیان دەکرد، ئێستا کە لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک چەکی بەهێزی دەستی کورد ریفراندۆمە، دەبێ عێراقچی و دژە ریفراندۆمەکان چی بڵێن و چۆن وەڵامی خەڵکی کوردستان و خوێنی شەهیدان بدەنەوە؟