چارەسەركردنی كێشەی كورد بۆ ئێوەی عەرەب گرنگترە
January 15, 2019
وتار و بیروڕا
لیرەوە ئەگەر بە قووڵایی سەیری مێژووی سەد ساڵی رابردووی عێراق بكەین، هەر لە مەلیك فەیسڵ-ەوە تادەگاتە كابینەكەی د.حەیدەر عەبادی، هەموویان رێگەچارەی هێزیان بۆ تێكشكاندنی خەڵكی كوردستان بەكارهێناوە، لە هەمان كاتدا نەشیانتوانیوە بچووكترین خزمەتگوزاری بۆ شارە عەرەبییەكانی عێراقیش دابین بكەن، لەمەش زیاتر ئێستا گەورەترین كێشەی شارێكی وەك بەسرا كە دووەمین گەورە شاری عێراقە و دەوڵەمەندترین شاری جیهانە لە سامانی سرووشتی و تاكە رێڕەوی دەریایی عێراقە و خاوەنی دوو بەندەری زۆر گەورەیە، بەڵام ئێستا ئەم شارە لە ئاوی خواردنەوەی پاك و لە هەموو خزمەتگوزارییەكی سەرەكی بێ بەشە، بۆیە ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆتان بكەن، ئایا چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی پاك و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ شارێكی وەك بەسرا چەندە؟ ئەوا وەك هاوینی رابردوو لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق خەمڵاندنی بۆ كردووە، نزیكەی 3 ترلیۆن دینارە كە دەكاتە نزیكەی 2.5 ملیار دۆلار، لە بەرامبەر ئەمەدا ئەگەر لەوە گەڕێن كە رۆژانە بەسرا زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و، تەنیا پارەی پترۆدۆلاری بۆ سەرف بكرێت، ئایا بەسرا هیچ كێشەیەكی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزاری سەرەكیی دەبێت؟ بێگومان نەخێر، بەڵام بۆ حكومەتەكانی پێشووی عێراق نەیانتوانیوە پارەی پێویست بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی خزمەتگوزارییەكانی هەموو عێراق دابین بكەن؟ بێگومان وەڵامەكەی ئاسانە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بە سنگفراوانی وەری بگرن و دان بە هەڵەی رابردوودا بنێن، ئەویش ئەوەیە: بە دریژایی 100 ساڵی رابردوو هەر كەس و لایەنێك حوكمڕانی كردبێت، خۆی بە عێراقی نەزانیوە، بەڵكو هەوڵی داوە عێراق وەك كاڵایەك بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار بهێنێت، ئەمەش بەو مانایەی هەوڵیداوە لە كاتێكدا سوننە لە حوكمڕانیدا بووە، لە بری ئەوەی هەوڵبدا جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیەكانی عێراق بپارێزێت، هەوڵیداوە لە ژێر پەردەی قەومیەی عەرەبیدا دژایەتی كوردستان بكات و ناسنامەی مەزهەبی عەرەبی شیعە بسڕێتەوە، لەدوای ساڵی 2003شەوە كە عەرەبی شیعە حوكمڕانیی كردووە، لەبری ئەوەی هەوڵبدات هەڵەكانی حوكمڕانی 100 ساڵی رابردووی هەموو حكومەتە یەك لە دوایەكانی عێراق راست بكاتەوە، كەچی بەداخەوە هەوڵیداوە تۆڵەی رابردوو بكاتەوە و هەمان هەڵەكانی حكومەتەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە، هەر بۆ نموونە فاكتەری سەرەكی سەرهەڵدانی رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش، سیاسەتی هەڵەی حوكمڕانیی حكومەتی عێراق بووە، سەرنج بدەن لە ساڵانی 2006-2008، عەرەبی سوننەی عێراق خۆیان هێزەكانی سەحوەیان پێكهێنا و رێكخراوی قاعیدەیان تێكشكاند. بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئەی بۆچی لە ساڵی 2014 بەشێكی زۆری عەرەبی سوننە پێشوازییان لەداعش كرد؟ لێرەدا دیسان ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا دەوڵەتی عێراق لە دوای سەرهەڵدانی داعش چەند زیانی لێكەتووە، بێگومان تەنیا ئەو چەكانەی لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ داعش بە جێ هێڵدران، بایی 22-25 ملیار دۆلار بووە، لەماوەی 3 ساڵی شەڕی دژی داعشدا لانیكەم 100-200 ملیار دۆلار خەرجی شەڕەكە بووە، لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەر لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەڵمانیا، یان فەرەنسای دوای شەڕی دووەمی جیهانی بە چەند دووبارە بونیاد نرانەوە؟ ئەوا بەپێی ئەو پارەیەی لە پلانی مارشاڵ بۆیان تەرخانكراوە، ناگاتە تەنیا بڕی ئەو پارەیەی كە لەماوەی 3 ساڵی شەڕی دژی داعش بەفیڕۆ دراوە.
لەدوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش، ئێمە وەك گەلی كوردستان لەو بڕوایەدا بووین كە حكومەتی عەبادی پەندی لە مێژوو و لە كارەساتی شەڕ وەرگرتووە، بۆیە ئێمە رای گەلی كوردستانمان وەرگرت بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عەبادی بە دیالۆگ كێشەكانی نێوان كوردستان و بەغدا چارەسەر بكەین، بەڵام لەبری زەمینە خۆشكردن بۆ دیالۆگ، حكومەتی عەبادی هێرشی سەربازی كردە سەر كوردستان، واتە عەبادی خۆشحاڵ بوو بەوەی ئیرادەی بەشێك لەگەلەكەی خۆی تێكبشكێنی، بەڵام نەیزانی زەلكاوێكی دیكە بۆ خۆی دروست دەكات و توانای ئەوەی نابێت ئاوی خواردنەوە بۆ شارەكانی دیكەی عێراق دابین بكات.
لە ئێستادا كە ژینگەیەكی تازەی سیاسی لە عێراقدا هاتۆتەئاراوە، زۆر گرنگە لەم خولەی پەرلەمان دیبەتەكان بەوشێوەیە بەڕێوە بچن، كە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق لەبەر چاو بگێرێت و حكومەت و پەرلەمان عێراقییەتی خۆی بسەلمێنێت، ئینجا داوای عێراقیبوون لە كوردستان بكات .