ئەزموونی سەنگاپورە لە پەروەردە و فێرکردن

ئەزموونی سەنگاپورە لە پەروەردە و فێرکردن

دامەزرێنەری ووڵاتی سەنگاپورە لی کوان یو دەلێ" ووڵات بە فێرکردن دەست پێ دەکات، بۆیە من کە دەسەڵاتم گرتە دەست لە ووڵاتێکی زۆر ھەژار گرنگیم بە ئابوری دا زیاتر لە رامیاری، وە گرنگیم بە فێرکردندا زیاتر لە سیستەمی حکومڕانی".
بێگومان سیستەمی فێرکردن لە سەنگاپورە یەکێکە لە سیستەمە ھەرە پێشکەوتووەکان لە جیھاندا لە پێش ژاپۆن وکۆریای باشوریش دێت، کە ئامانجی سیستەمی فێرکردن لە سەنگاپورە بریتیە لە بنیاتنانی کەسایەتی بەھێز بۆ منداڵ و پەرەپێدانی کارامەییەکانی کۆمەڵایەتی کە دیدگای سەنگاپورە دیدگایەکی پەرەپێدان و بنیاتنانە لە فێرکردن لە تاکە بەرووبوومی سروشتی کە ئەویش میللەتەکەیەتی.
ئامانجی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن لە ووڵاتی سەنگاپورە دۆزینەوەی بەھرەی ھەموو قوتابییەکە ھەریەکە و بە جیا بۆ گەیشتن بەو بەھرەیە ھەموو توانایەک بۆی دەڕەخسێنێ وە پەرۆشی فێربوون لە ناخی قوتابی دەچێنێ بە درێژایی ژیانی بۆ دۆزینەوەی بەھرەکەی و پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەبەردەوامی، جودا لەوەی کە لە قوتابخانەش دەردەچێت. بەڵکو ئەو رەخساندنە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بتوانن سوود و قازانج بە ووڵات و نیشتمان و میللەتەکەی بگەیەنێ، وە بەردەوام بێت لەفێربوون ھەر ئەوەش بوو رەنگی دایەوە لە ووتاری (لی کوان یو) لە ساڵی (١٩٧٧)دا لەپێناسەی پیاوی خوێندەوار" ئەو پیاوەیە کە راناوەستێ لە خوێندن و فێربوون ، بەڵکو بەردەوام دەیەوێت بخوێنێ و فێر ببێت"، وە ئەو سیستەمەی فێرکردنەی کە ئێستا لە سەنگاپورە خاوەنداریەتی دەکات دەتوانین بلێین یەکێکە لە دەستکەوتەکانی (لی کوان یو)بۆیەش بە رێکەوت و قەزا و قەدەر نەبووە کە تەرمەکەی لە ناو (زانکۆی سەنگاپورەی نیشتمانی) ناشتراوە.
ئەگەر بە کورتی تەماشای رێچکەی سەنگاپورە بکەین لە گەشەپێدانی فێرکردن لە دوای سەربەخۆیی بوونی لە ووڵاتی مالیزیاوە لە ساڵی (١٩٦٥) دەستیان کرد بە درووست کردنی قوتابخانە و دامەزراندنی مامۆستایان، دواتریش لە سەرەتای حەفتاکان وەزارەتی پەروەردە ھەستی کرد قوتابییەکی زۆر قوتابخانە جێ دەھێلن و قوتابخانەکان ئەو گرنگەیان نییە، بۆیە دەستیان کرد بە چاکسازی کردن لە پرۆگرامەکانی خوێندن و رێکخستنی پەرتووکی قوتابخانەکان و دامەزراندنی دەستەی پشکنینی قوتابخانەکان، دواتر لە کۆتایی ھەشتاکان وەزارەتی پەروەردە چەند قوتابخانەیەکی درووست کرد بە کارگێڕی سەربەخۆ و لە نەوەدەکان بەھەمان شێوە گرنگی بە درووست کردنی ئەو جۆرە قوتابخانانە درا لەگەڵ چەند دەست پێشخەری چاکسازی، یەکەمیان لە ساڵی (١٩٧٧)بوو بە ناوی دەست پێشخەری (قوتابخانەکانی بیرکردنەوە...فێربوونی نەتەوە) ئەوەشیان لە سەر چوار پرەنسیپ و بنەمابوو ئەوانیش (دووبارە ھەڵسەنگاندنی کرێی مامۆستایان، زیاتر سەربەخۆی بوونی قوتابخانەکان، رەتکردنەوەی پشکنین، ھەڵسەنگاندنی قوتابخانە باشەکان) واتە چاکسازی گشتگیر، وە لە ساڵی (٢٠٠٥) حکومەت سیاسەتی نوێی فێرکردنی داھێنا کە ئەویش بریتی بوو لە (خوێندنی کەم....فێربوونی زۆر) کە مامۆستایانی ھاندا لە سەر جەخت کردنەوەیان لە کوالێتی فێرکردن و گرنگی زیاتری پێ بدەن. لە سیستەمی فێرکردنی سەنگاپورە زۆر گرنگی بە توانا و بەرزکردنەوەی لێھاتوویەتی مامۆستا و بەرێوەبەر دەدرێت لە ئەنجامی بەرنامەی راھێنان و مەشق و پەرەپێدانی تواناکانیان و مامۆستاکانیان پەیوەندی بە (پەیمانگای فێرکردنی نیشتمانی) دەکەن کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێر چاودێری دەبن لە پێناو دیاری کردنی رێچکەیەکی تەندروست و گەنجاوبۆیان، دەتوانرێ بەھرە و تواناکانیان بزاندرێ بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بۆ رۆڵ بینی سەرکردە ئامادە بکرێن، لە ھەموو قوتابخانەکان سەنگاپورە لە سەردەرگاکانیان درووشمی (قوتابخانە بیردەکاتەوە... نیشتمان فێردەبێت) نوسراوە کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ گرنگیدان بە قوتابخانە و رۆڵی مامۆستا و بەرێوەبەری قوتابخانە گۆڕینی کۆمەڵگە و ووشیارکردنەوەیان کاریگەرییان لەسەر پێشکەوتنی نیشتمان.
لە کۆتاییدا دەلێم گرنگە ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان تا چەند توانیومانە لە رێگای وەزارەتی پەروەردە سوود لە ئەزموون و شارەزایی وولاتێکی ھەرە پێشکەوتوو لە سیستەمی فێرکردن کە سەنگاپورەیە وەربگرین، چونکە گەربمانەوێ لە پەروەردە و فێرکردن پێشبکەوین، دەبێ تەماشای ئەو ووڵاتانە بکەین کە لە پەروەردە و فێرکردن پێشەنگن و ئەزموونی ئەوان لێرە پەیڕەو بکەین، لە خۆمان دەپرسین ئایا ئێمە دوای ئەو ھەموو ساڵە بە ھەموو ووردەکارییەکانەوە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنمان چەند چۆتە پێش؟!
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top