سەركەوتنی بەرەی سەربەخۆیخوازن و نیشتیمانپارێزان ..

سەركەوتنی بەرەی سەربەخۆیخوازن  و نیشتیمانپارێزان  ..
لەگەڵ ئەوەی چوارساڵی رابردوو، ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان بە رەوشێكی زۆر قورس و ناسك دا بە تایبەت لە هەمبەر دۆزی كورد لە هەرێمی كوردستاندا گوزەری كرد ، بەڵام گەلی كورد زۆر بوێرانە و فیداكارانە لە یەك كاتدا بە یەكدەست شەڕی جیهانی تیرۆری كرد و بە دەستێكی تر دەنگی سەربەخۆیخوازی گەلی كورد گەیاندە نێوەندەكانی دونیا ...لە ماوەی رابردوو دا، نەیارانی ئەزموونی كوردستان ، چەندین پیلان و گوشاریان گرتەبەر تا بتوانن رێرەویی كاروانی خەبات و سەربەخۆیخوازی گەلەمان بگۆرن و بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی هەستیاری ناوچەكە زیان بە دۆزی كورد بگەێنن ، لەگەڵ هەموو ئەو هەڕەشە و مەترسییانەدا ، سەركردایەتیی سیاسی گەلی كورد بە رٍابەرایەتی سەرۆك بارزانیی پاشگەز نەبۆوە لە بریاردانی مافی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و رێگەی نەدا گەمارۆكان ئەو ویستەی كە دەیان ساڵە خەباتی بۆ كراوە و قوربانیی لە پێناو بەخشراوە بە " بەڵی" بۆ سەربەخۆیی سەركەوتنی گەورەی بە دەستهێنا.
ئەو پەیامە ، لە راستیدا كابووسێكی ترسناك بوو كە هەمیشە ناحەزان و داگیركەرانی هەراسان كردبوو و بەدرێژایی مێژوویی بە هەموو توانایەكەوە رووبەرووی دەبوونەوە .. بینیمان كە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و پیلانگێری و خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧وە ئەمەیان گرینگترین ڕووداوە، كە كۆشكی سپی دەخوازێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەك تەنیا نەپچڕێت، بەڵكوو قووڵتر لە جارانیشی بكاتەوە. بەڵام پێویستە پۆمپیۆ و بەرپرسە باڵاكانی تری ئەمریكا و ئەوروپا ئەوە بەباشی تێ بگەن و ئیتر خۆ لەوە بپاریزن كە كورد تەنیا وەكوو "شەڕكەر" لە ناوچەكەدا ببینن، چونكە كورد هەرێمی كوردستان لە جوگرافیای سیاسیی عێراقدا خاوەن ئاڵا، حكوومەت، پەرلەمان و دامەزراوەكانی تری حوكمڕانییە و پێویستە هەر لەو چوارچێوەیەدا سەیری كورد بكەن. لەسەر بەرپرسە باڵاكانی هەرێمی كوردستانیش ئەركە كە لەو بوارەدا قسە و هەڵوێستی خۆیان هەبێت و بەئاشكرا ئەمە بە ئەمریكی و ئەوروپییەكان بڵێن كە پەیوەندیی ئێوە بە ئێمەوە كوردەكانلەسەر بنەمای جەنگاوەر نییە، بەڵكوو بە بوونی هەرێمی كوردستان و دامودەزگە حوكمڕانییە ڕەسمییەكانییەوە، هاوكێشەیە و ئێوەیش پەیوەندی بە یەكەیەكی فیدراڵی و هاوكێشەیەكی ناوچەیییەوە دەكەن نەك گرووپێكی "شەڕكەر"ەوە. "بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز" ئەركێكی لەو چەشنە دەخاتە سەر شانی بەرپرسانی حكوومی و حزبییەوە لە هەرێمی كوردستان.
لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ، دوای ئەو رووداوانە ، ئەوانەی نەخشەی لە ناوبردنی كوردیان كێشابوو ، وەك بەفر توانەوە ، خۆراگری و گیانبەخشی و سیاسی حەكیمانەی سەرۆك بارزانیی گشت هاوكێشەكانی باشتر لە جاران بە شكاندنی ئابڵوقەكان گۆریی و لە ئێستادا ترافیكە نێودەوڵەتییەكان لە گشت ئاستەكاندا دەستیپێكردۆتەوە و ئەو راستییە نابێ‌ فەرامۆش بكرێ‌ كە هەرێمی كوردستان خاوەن پێگەیەكی بەهێزە و ناكرێ‌ نایدە بگیرێ‌. هەروەها ئەمەریكا بڕیاری داوە كە لەو گەڕەی دانوستان و چاوپێكەوتنی وەزیری دەرەوی ئەمریكا لەگەڵ هاوكێشە ناوچەیییەكان كە هەرێمی كوردستانیش لەو بازنەیەدا جێگەی دەبێتەوە، گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران لە دەڤەرەكەدا بێنێت؛ بۆیە ئەگەری ئەوە زۆرە كە كۆشكی سپی لەو پەیوەندییەدا گرینگییەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان بدات. هەرێمی كوردستان هاوسنوورە لەگەڵ ئێران ، كە ئەمەیان جێی سەرنجی بڕیاردەرانی واشنگتۆنە. هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی سیاسی، نەوتی، وزەیی و ژیۆپۆلیتیكیی باشی لە ناوچەكەدا هەیە و دەتوانێت بۆ دابینكردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی یاریكەر بێت.لەلایەكی دیكەوە سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان و كۆبوونەوە لەگەڵ ئاڵاهەڵگری سەربەخۆیی كوردستان ـ بە گرنگییەوە راوێژكاری لە سەر پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، جەنگی دژی تیرۆر و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، باسی لێوە كراوە و، هەر دوو لا لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە لە عێراقدا دەرفەتێكی نوێ لە ئارادایە و وەزیری دەرەوەی ئەمریكایش جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە.وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەجیا كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هەبووە و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانیش هەمان پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیرۆر، عێراق و پرس و كێشەكانی نێوان دوو پایتەخت (هەولێر و بەغدا) بوو. بێ شك دەبێ باس لە پرسی كێشەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران كرابێت، چونكە سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو گوشارە دیپلۆماسی و گەمارۆ ئابوورییەیە بۆ سەر كۆماری ئیسلامی و، هەر لەو كۆڵانەیشەوە ئەمریكا بە دوای هاوپەیمان و یارمەتیدەر لەو بوارەدا دەگەڕێت. كورد دژی هیچ نەتەوەیەك نییە ، تەنها بۆ گەڕانەوەی خاكی داگیركراوە خەباتی كردووە
گەلی كورد ،یەكێكە لەو نەتەوە ڕەسەنانەی رۆژهەڵاتی ناوین و لاپەرەكانی مێژووش شاهیدە هیچ كاتێ‌ چاویی لە داگیركردنی خاك و نیشتیمانی گەلێكی تر نەبووە ، هیچ گەلێكی نەژاد پەرست و رٍەگەز نەبووە لە پێناو سەركەوتكردن و چەوسانەوەی گەلانی تری ناوچەكە نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی، لە دنیای نوێدا بە نەخۆشی چاوی لێ دەكرێت. ئەوە من نیم ئەو نەخۆشییەم هەیە، منێك جگە لە زمانی دایكم، بە دوو سێ زمانی تر دەدوێم و دەخوێنمەوە. منێك جگە لە ئاوازی كوردی، گوێ بۆ ئاوازی هەموو گەلان ڕادەدێرم. منێك جگە لە تێكەڵبوون بە هاوخوێنەكانم، تێكەڵی و هاوڕێیەتی هەموو میلـەتان دەكەم. منێك ڕێز لە جیاوازیی زمان و پۆشاك و خواردن... تاد بگرم، نەخۆشیی ڕەیسیزم نەیگرتووم، ئەوانەی ئەو نەخۆشییەیان گرتووە، ئەوانەن كە بە بیستنی ناوی كوردبوون ژان دەیانگرێت. ئەوانە نەخۆشن كە هەر دژ بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ نین، بگرە لە بنەڕەتەوە دژ بە بوونی كوردن و ددان بە هەبوونی نانێن. ئەوانە نەخۆشن كە ڕێگری لە زمانی دایكت دەكەن، گاڵتە بە پۆشاكت دەكەن، لەبری خۆت مێژووی خۆتت بۆ دەنووسنەوە. كێشەی ئێمە لەگەڵ ڕشتەی دەستەڵاتەكانە لە عێراق، سووریا، ئێران، توركیا. ناسیۆنالیزم و كۆششی ڕزگاریخوازیی كوردیش، دژ بە جەوروستەمی سیاسی و كولتووریی ئەو دەستەڵاتانە بووە، نەك خەڵك و خاكیان. بۆیە دەبێت ئێمە لەو قۆناغەدا، بە هەموو شێوەیەك خۆ لە فاشیزم و ڕەیسیزم دابماڵێنین، ئەو هەڵەیە دووبارە نەكەینەوە كە خۆمان بەدەستییەوە دەناڵێنین. خەباتی كورد لەپێناو ماف و خودشكۆیی خۆیدا، نە فاشیزمە نە ناسیۆنالیزمی ڕاسیستانە، دەبێت پارێزیی لەو تایبەتمەندییەی بكرێت و تاكی كورد لەسەر ئەوە پەروەردە بكرێت، لە ئاستی خەڵك و زمان و شتی تریش، هەرگیز یەك وشە و یەك ڕەفتاری ڕەیسیزم و فاشییانە بەرانبەر نەتەوەكانی دەوروبەری لێ نەبیسترێت و نەبینرێت. بۆیە، تەنها رێگەی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەرٍاست گەڕاندنەوەی خاك ونیشتیمانی داگیراوەكە بۆ گەلی كورد كە دەیان ساڵە بەو هۆیەوە هەوڵی جینۆساید و سڕینەوەی دراوە .دابەشكەران و داگیركەران دەیان ساڵە بە هۆی خۆدزینەوە لە چارەسەری پرسی خاك و نیشتیمانی كوردستان ، ئارٍامیی و سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیووە ،گۆرانكارییەكان و دۆخی ئەم ناوچەیەدا دۆزی كوردی وەك كێشەیەكی زیندوو و چارەسەرنەكراو لە ڕۆژئاوا دەركەوت و دوو دەسكەوتی زۆر گەورەی بە دەست هێنا لە لایەكەوە لە لایەن خودی رژێمی سوریاوە دان بە بوونی نەتەوەی كورد نرا لە لایەكی ترەوە بوو بە یاریزانێكی گرنگ و كاریگەری هاوكێشە سیاسی و سەربازیە نێو دەوڵەتیەكەی دژی داعش ، لە باشووریش هاوزەمانی هەرج و مەرجی دۆخی شلۆقی ووڵاتانی دوورو نزیكەكانی كوردستان و هاتنی لێشاوی داعش حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەم بەشداریەكی كاریگەرانەی لە شەڕی دژی داعشدا كرد هەمیش بە هۆی شكست و هەڵوەشانەوەی حكومەتی بەغدا كە بۆشاییەكی سیاسی ئیداری سەربازی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان پەیدا ببوو ئەم دەرفەتەی قۆستەوەو بە شاهیدی و بەرچاوی هەموو دۆست و نەیارانی كورد ڕیفراندۆمێكی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە سەركەوتویی بەڕێوەبرد بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە وەكو شاكارو دەسكەوتێكی نەتەوەیی مێژوویی مایەی شانازی هەموو كوردێكی دڵسۆزو نیشتیمان پەروەرە ، هەوڵەكانی عەبادی و مالیكی و دەست و پێوەندەكانیان بۆ لەباربردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەركەوت كە هەر بە مردوویی لەدایك بوون، چوونكە نەك هەر ئەوانەی لەبەرامبەر داعشدا تێك شكان بەڵكو ئەگەر هەموو هێزوو توانای تریشیان لە پشت بێ ناتوانن ئەم دەسكەوتە لە كورد بسێننەوە چونكە هیچ كەس و هێزێك ئەم چەكەی نییەو ناشیان بێت وە دەشزانن ئەم چەكە چیەو چۆنە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەزانن خۆیان شایستەی ئەم چەكە نین وە بە دەستهێنانیشی مردنی خۆیانە ..! ئەو چەكەش بریتیە لە دامەزراندنی حكومەتێكی دیموكرات مەدەنی لە بەغدا كە تیایدا سەرجەم مافە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و مافی مرۆڤ و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەرجەستە كرابێت و هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە لە ماف و ئەركدا یەكسان بن ئینجا دەبی دیسان رای میللەت وەر بگیریتەوە جگە لەمە هەموو هەوڵەكانیان وەكو بڵقی سەر ئاو دەبن و كوردیش لە هەموو پلانە گڵاوەكانیان خەبەردارەو خەوی لێ نەكەوتووە ئەنجامی ڕیفراندۆمیش پرۆژەو شكۆی میللەتێكە بۆیە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەو.بۆیە تا زڵهێزان و داگیركەران بە هۆش خۆیان نەینەوە و كێشەی كورد چارەسەر نەكەن و دان بە هەڵەكانیان دانەنێن و كوردیش وەك باقی وڵاتانی جیهان نەبێتە خاون دەوڵەتی خۆی نابێ چاوەروانی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە بكەن ..
ڕێبازی بارزانی، رێبازێكی كوردانەی خۆرسكە كە لە دژی داگیركەرانی نەتەوەیەك هاتۆتە مەیدانی مەردایەتی و كۆڵنەدان و بەرخۆدان ، خاوەن ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی بە دنیابینییەكی ئینسانییانەوە. پێداگری و سووربوونی هێمنانەش لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ناهەقی و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیی، یەك لە پایە سەرەكییەكانی ئەم ڕێبازەیە. سەرباری دیمەنە ئەوەی مایەی دڵنیاییەكی زیاترە، كۆكبوونی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان و زۆرینەی بێدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئەو ئامانج و ئاواتە نەتەوەیی و نیشتمانییەی پارتی نەك خەباتی بێووچانی بۆ دەكات، بگرە خۆی بۆ تەرخان كردووە.
Top