تاجە گوڵینە و گۆڕی سەربازی ون
January 9, 2019
وتار و بیروڕا
ئەرێ ئەو سەربازە ونەی تاجە گوڵینەت لەسەر گۆڕەکەی دانا, لەکام پەلاماری سەر کوردستان کوژراوە؟
ئەرێ ئەو سەربازە ونەی تاجە گوڵینەت لەسەر گۆڕەکەی دانا، بەدەستی کام پێشمەرگە و بەرگریکاری کوردستان کوژراوە؟
ئەرێ ئەو سەربازە ونەی تاجە گوڵینەت لەسەر گۆڕەکەی دانا، چەند کوڕ و کچی کوردی زیندەبەچاڵ کردووە؟
ئەرێ لە سەد و هەشتا و دوو هەزار ئەنفال و پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە و هەشت هەزار بارزانی تاکە گوڵێکت لەسەر گۆڕی کامیان دانا؟ دەبڕۆ تاکە گوڵێ لەسەر نوگرە سەلمان دانێ و باخێکی گوڵیش لە بیابانەکانی عەرعەر بچێنە و با چیتر لە چاوەڕوانیدا نەبن، خۆ ئەگەر پێتوابێ ئێمەی کورد گۆڕێکی ونی شایان بە تاجە گوڵینەمان نییە، فەرموو تۆ و گۆڕی سەربازی ونی مامۆستا (عەبدوڵا پەشێو)ی شاعیر.
گۆڕی سەربازی ون
کە وەفدێ دەچێتە شوێنی
بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون
تاجە گوڵینەیەک دێنێ
ئەگەر سبەی
وەفدێک بێتە وڵاتی من
لێم بپرسێ:
کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟
دەڵێم:
گەورەم!
لە کەناری هەر جۆگەیێ
لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ
لەبەر دەرگای هەر ماڵێ
هەر کڵێسەیێ
هەر ئەشکەوتێ
لەسەر گابەردی هەر شاخێ
لەسەر درەختی هەر باخێ
لەم وڵاتە:
لەسەر هەر بستە زەمینێ
لە ژێر هەر گەزە ئاسمانێ
مەترسە کەمێک سەر داخەو
تاجە گوڵینەکەت دانێ