ئەزموونی مالیزیا لە پەروەردە و فێرکردن

ئەزموونی مالیزیا لە پەروەردە و فێرکردن
چوارەم سەرۆک وەزیرانی مالیزیا(١٩٨١-٢٠٠٣)،وەئێستاش مھاتیر محەممەد دەلێ" ھەرکاتێک ویستمان نوێژ بکەین ئەوا روومان دەکەینە مەککە، وەھەر کاتێک ویستمان ووڵات بنیات بنێین ئەوا روومان دەکەینە ژاپۆن".
بێگومان مھاتیر محەممەد سیاسەتمەدار و سەرکەوتووترین سەرۆک وەزیران بوو لە مێژووی مالیزیا لە نێوان ساڵانی (١٩٨١تا٢٠٠٣) کەتوانی مالیزیا لە ووڵاتێکی کشتوکالی ھەژار، سەرکەوتووانە بگوازێتەوە بۆ ووڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوو کە داھاتی تاک لە (١٢٠٠)دۆلار ساڵانە بۆ (٩٠٠٠)دۆلار بەرز بکاتەوە و رێژەی بێکاری لە (٥٠% بۆ٥%) دابەزێنی ، بێگومان ھەموو ئەوانە لە ئەنجامی گرنگیدانی زۆر بە فێرکردن بە یەکێک لە سێ تەوەرە گرنگە ھات کە مھاتیر ئیشی لە سەرکرد ئەوانیش لایەنی (فێرکردنو ئابوری و کۆمەڵایەتی ووڵات) بوون.
بۆ گرنگیدان بە ووڵات سوودی لە شارەزایی ووڵاتی ژاپۆن وەرگرت، سەرەتا فێرکردن لە پلان و گرنگیدانی سەرەکی ئەو پیاوە بوو ھەر ئەوەش وایکردووە ئەزموونی ووڵاتی مالیزیا لە خوێندن و فێرکردن شایانی خوێندنەوە و رێزگرتن بێت، لەوە وە توانی مالیزیا بگوازێتەوە بۆ ئەو ووڵاتەی کە ئێستا ھەیە. بێگومان گرنگیدانی مھاتیر محەممەد کە سەرۆک وەزیران بوو بە فێرکردن لە کارە ھەرە لە پێشەکانی بوو لە قۆناخی باخچەی ساوایان و بنەڕەتی و ئامادەیی تا زانکۆ کە قۆناخی باخچەی ساوایان بەشێکی گرنگ بوو لە سیستەمی فێرکردن ، سەرجەم باخچەی ساوایان پاپەند بوون بە پرۆگرامێکی زیندوو کە لە وەزارەتی فێرکردنەوە بڕیاریان لە سەر دەدرا، بە ھەمان شێوە لە قۆناخی بنەڕەتی بابەت و پرۆگرامەکان گوزارشت بوون لە مانای نیشتمانی بوون و گەشەکردنی گیانی ھاووڵاتی بوون لای قوتابیان پەروەردە دەکرێن بە پڕەنسیپەکانی خۆشەویستیان بۆ نیشتمان و فێرکردنیان بۆ بەھا کۆمەڵایەتیەکان و لە قۆناخی دواناوەندیش پرۆسەی فێرکردن پرۆسەیەکی گشتگیر بوو کە قوتابی لەگەڵ خوێندنی بابەتی زانستی و وێژەیی بابەتە ھونەری و پیشەییەکانیان دەخوێند و پسپۆرییەک فێری قوتابیان دەکات لە داھاتوودا سوودی لێ ببینن. جگە لەوەش گرنگی زۆر بە بابەتی کۆمپیوتەر و ھێلی ئەنتەرنێت درا، ئەوە بوو لە ساڵی (١٩٩٩) توانرا (٩٠%) قوتابخانەکانی مالیزیا بە تۆری ئەنتەرنێت ببەسترێنەوە، جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە درووست کران ، لە ھەمووی گرنگتر راھێنانی مامۆستاکان بوو پەرە بە تواناکانی پسپۆڕییان دەدرا و بەرێوەبەری قوتابخانەکان لە کەسانی بەتوانا و دڵسۆز پشتگیری کراو لەلایەن مامۆستاکان و ھەروەھا قوتابیان ماف و سەرپەرشتیان ھەبوو لە دەستنیشان کردنی پرۆگرامەکانیان بە ڕەچاوکردنی لایەنی ھەمە رەنگی و گەشەپێدانیان بۆ خوێندن و ھەروەھا یاساکانی مالیزیا سزای بۆ ئەو دایک و باوکانە دانابوو کە منداڵەکانیان نە دەناردە قوتابخانە سەرەڕای ئەوەش خوێندن بە خۆڕایی بوو، وە گرنگی بە لایەنی نەھێشتنی نەخوێندەواری دەدرا و لەگەڵ فێرکردنی ئافرەت و ھەروەھا یارمەتی خێزانە ھەژارەکان دەدرا بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە.ئەوکاتەی مھاتیر محەممەد وەزیری فێرکردن بوو لە یەکێک لە چاڵاکیەکانی کۆتایی قوتابخانەیەکی مالیزیا بەشداری کردبوو, لەو چاڵاکیەدا داوای لەمامۆستاکان کرد بەشداری پێشبڕکێیەک بکەن، دەبدەبەی بە سەر ھەموو مامۆستاکان دابەش کردوو داوای لێکردن ھەموویان فوو لە دەبدەبەکان بکەن و پڕی ھەوای بکەن و لە قاچی خۆیان بیبەستن، مھاتیر محەممەد مامۆستاکانی لە گۆڕەپانێکی دیاری کراو کۆکردەوە و ووتی کۆمەلێک دیاری بە سەر ئەو مامۆستایانە دابەش دەکەم ئەوەی بتوانێ دەبدەبەی بپارێزێ لە تەقین بۆ ماوەی یەک خولەک، کاتی دەستی پێکرد مامۆستاکان ھەموویان ھێرشیان دەکردە سەر یەکتر بۆ ئەوەی بتوانن ھەر یەکەو دەبدەبەی ئەوی تر بتەقێنێ و کات تەواو بوو مھاتیر لە نێوان مامۆستاکان بە سەرسوڕمانی راوەستاو پێیانی گوت بۆ واتان کرد؟ خۆ من نەمگوت دەبدەبەی یەکتر بتەقێنن من دیاریم دەدا ھەموو ئەوانەی دەبدەبەکەی بمابایە، ئەوەش ئەوەمان پێ دەلێت ئەگەر ھەر یەکێک لە ئێمە بڕیارێکی نەرێنی و خراپ لە سەر ئەوەی تر نەدات، ئەوا ھەموومان دیاری و میدالیا وەردەگرین، بۆیە بیرکردنەوەی خراپ رەفتاری خراپ ھەموومان لە ناو دەبات، ھەموومان بیر لە سەرکەوتن دەکەینەوە لە سەر حسابی خەڵکی تر و سەرکەوتنەکانمان بەدی دەھێنین لە ئەنجامی درووست کردنی شکست بۆ ئەوانی تر.
گرنگەو زەرورە ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نوێ گرنگی و بایەخی زۆر بە فێرکردن و پەروەردە بدەین و ھەرگیز بوار بۆ ئەو کەسانە نەڕەخسێنین و رازی نەبین چیتر ئەو کەسانەی بوونەتە بارگرانی و کۆسپ و تەگەرە لە پێش پەروەردە و فێرکردن و پێشکەوتنی کوردستان لە بڕیاردان نزیک بن و بڕیار بەدەست بن ئەوانە ھەردەم سەرکەوتنەکانی خۆیان لە ئەنجامی شکستی خەڵکانێک دەبینن کە خۆیان بۆیان درووست دەکەن ھەردەم خەریکی دەبدەبە تەقاندنن.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی


Top