بەرهەم ساڵح و پۆستی سەرۆک کۆمار

بەرهەم ساڵح و پۆستی سەرۆک کۆمار

کورد با دڵی بەوە خۆش نەکات کە کوردێک بۆتە سەرۆک کۆماری عێراق, چونکە پێش ئەویش کوردێک سەرۆک کۆماری عێراق بوو, بەڵام هەڵوێستێکی کوردانەمان لێنەدی و بتێکی بە عەربکراو بوو لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار دانرابوو.
بوونی بەرهەم ساڵحیش بە سەرۆک کۆمار لە سەرۆک کۆماری پێش خۆشی جیاوازە, ئەو بەمەرج و مەرجکاری و تەنازوول و تەسلیم بوون کراوەتە سەرۆک کۆمار، لەو پێناوەشدا هەموو ئەو مەرجانەی قبوڵ کردوون کە بەسەریدا سەپێنراون. بۆ ئەو مەبەستەش دوو حزبی خستنە هەراجخانەی سیاسی، حزبی یەکەمیان یەکێتی نیشتیمانی بوو, بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەست بێنێ یەکێتی نیشتیمانی هەراج کرد و هاوپەیمانی دامەزراند، دوای ئەوەی بە هەراجکردنی یەکێتی و دامەزراندنی هاوپەیمانی نەیتوانی پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەست بێنی, هاوپەیمانیشی هەراج کردەوە و بە گرەنتی پۆستی سەرۆک کۆمار خۆی بە ماڵە کۆنەکادا کردەوە, ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ کە بەرهەم ساڵح لە پێناو گەیشتن بە پۆستی سەرۆک هەموو ئەو کارە نابەجێیانەی کردن کە سیاسیە نیشتیمان پەروەرەکان شەرم لە کردیان دەکەن, دوو لەو کارە خراپانەش:ــ
یەکەمیان هەڵگەڕانەوە و سووکایەتی کرن بوو بە مێژووی سیاسی خۆی, دووەمیشیان بەناوی دامەزراندنی هاوپەیمانیەوە کۆمەڵێ خەڵێکی فریودا ودوایی خستنیە ناو سەودایەکی سیاسی و وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێ بەجێی هێشتن, بۆیە بۆ مانەوەشی لەو پۆستە ئامادەی هەر کارێکە کە لەو پۆستەدا بیهێڵێتەوە, جا ئەگەر ئەوە بەرهەم ساڵح و روانینە سیاسیەکانی بن، دەبێ کورد بە گشتی و لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتی چاودێری وردی بکەن و گومان لە هەر هەنگاوێکی بکەن کە بە ناوی سەرۆک کۆمار و پۆستە دڵخوازەکەیەوە دەینێت.
Top