پێویستە کەسێک حاڵیان بکات

پێویستە کەسێک حاڵیان بکات
بەشێک لە برادەرانی یەکێتی و بە تایبەتیش ئەوانەی بە سیاسەتی شارچێتی و ناوچەگەرایی پەروەردە کراون, نایشارنەوە و باسی دوو ئیدارەیی دەکەن، پێش هەموو شتێک دوو ئیدارەیی واتا حاشا کردن لە ئامانجە نەتەوەییەکان و خزمەت کردن بە لاوازکردنی کورد و بروودان بە سیاسەتی داگیرکاری, بیانووەکەشیان ئەوەیە کە دەڵێن چۆن دەکرێ بە کورسی دهۆک حوکمی سلێمانی بکرێ؟! کەواتە نابێ بە کورسی قەزایەک حوکمی قەزایەکی تر بکرێ.
پێم وانییە ئەوانە ئەوەندە ناحاڵی بن و جیاوازی نیوان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکەن, چونکە ئەوەی ئەوان دەیڵێن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان راستە, بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانی هەیە و دەنگی خەڵک و سندووقەکانی دەنگدان بڕیار دەدەن کێ زۆرینەی پەرلەمانی کوردستانی هێناوە و بە پێی زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانی دەسەڵاتەکان دابەش دەکرێن.
گریمان ئەوان راست دەکەن و ناکرێ بە کورسیەکانی دهۆک یان ناوچەیەکی تر حوکمی سلێمانی یان ناوچەیەکی تر بکرێ, لێردەدا بۆ حاڵی کردنی ئەو ناحاڵیانە لە سیتەمی هەڵبژاردنەکان دوو نموونە دەخەمە روو.
یەکەم:ــ لە هەندێ قەزا و ناحیەی سلێمانی دەکرێ بزووتنەوەى گۆڕان یان لایەنێکی تر زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنابێ, کەواتە نابێ بە کورسی قەزایەک یان ناحیەیەکی تر حوکمی قەزایەک یان ئەو ناحیەیەکی تر بکرێ, ئەوکاتەش کوردستان دەبێتە سیستەمی حوکمی موختاری و پێویستە ئەو لایەنە لەو گەڕەکەی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، حوکمی ئەو گەڕەکە بکات.
دووەم:ــ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکرێ دۆناڵد ترەمپ لە چەند ویلایەتێک زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنابن و لە هەندێ ویلایەتیش بەربرژێری تر زۆرینەی دەنگەکانی بردبن, جا بەو سیستەمەی برادەرانی لای خۆمان بێ, دۆناڵد ترەمپ تەنها بۆی هەیە لەو ویلایەتانە حوکم بکات کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناون, هەر بۆ خۆشیش دەڵێم: لە بنکەی دەنگدانی گەڕەکی ئێمە کۆمەڵی ئیسلامی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنابوون, کەواتە پێویستە حوکمی ئەو گەڕەکە حوکمێکی ئیسلامی و مەیلەو داعشی بێ.
Top