ژیان و سیاسەت

ژیان و سیاسەت
سیاسەت پەیوەستە بە ژیانەوە، هاوكات دەچێتە نێو وردترین وردەكاریی ژیانەوە، جا چ بەو چەمك و تێگەیشتنە بێت كە ماناكەی لەسەر جێگیربووەو حكومەت و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان یان باڵادەستەكان دەیخەنەڕوو، یاخود بەو چەمك و تێگەیشتنەی كە تاك لەنێو كۆمەڵی ناسیاسی پیادەی دەكات، بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو.
ئەگەر مرۆڤ سیاسەتی كردبێتە پیشە، یان نا، ئەوا هەر كاری تێدەكات، هەتا ئەگەر لێشی دووربكەوێتەوە، چونكە دواپەرەسەندنی سیاسەت ئەوەیە كە ئەو دەوڵەتەی بەرهەمهێناوە كە مرۆڤ كایەیەكی گرنگە تێیدا، جا نیشتمانپەروەر بێت، یان بیانی، مرۆڤ گوێڕایەڵی یاساكانە كە لە پڕۆژەیەكی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووەو بۆ هەمووانە، چونكە هیچ ناوچەیەك بەدەر نییە لە چەترێكی یاسایی كە دەیپارێزێت و كۆڵەگەیەكیش كە رایگرتووە.
من لەو كەسانە نیم كە گوێڕایەڵی بۆ هەموو یاسایەك قبووڵ دەكەن، پێموایە زۆریش وەك من هەن، ئەگەر وا نەبوایە سیاسەت ئۆپۆزسیۆنی بەرهەم نەدەهێنا، ئەوەیە ململانێی دووەمی فیكر، دوای ئەو ململانێیەی كە رەنگدانەوەی جیاوازییەكە كە سیاسەتێكی رەتكراوەی لێ دەبێتەوە، ئێمەش لە پێشەوەی ئەوانەین كە پێگەیەكی پێچەوانەمان هەیە لەهەمبەر ئەو سیاسەتەی كە دەیەوێت گوێڕایەڵی بین.
لەوەتەی پەنجا ساڵە یان زیاتر، من و هەڤاڵەكانم سیاسەت كاری تێكردووین، ئێستا دەموچاوی عەبدولكەریم قاسم و هەردوو برا سەلام و رەحمان عارفم لە یادە، لە یادمە كە سیاسەت جیاواز بوو، هەروەها بیروهزری نەیارانی دەسەڵات لە عێراق دژەیەك بوون، ناسنامەیەكی شێواوی پێشكەش كردین كە رەنگدانەوەی ئەو شتە بوو كە سەرۆكانی وڵاتان دەربارەی خەڵكەكانیان دەركی پێدەكەن، من خۆم هاونیشتمانیبوونم مەرجدارە بە چەند بەندێكی نهێنییەوە، بە شێوەیەكی نائاسوودە پرسیار لە نەتەوە دەكات، هەروەها لە عەشیرەت و ئاراستەی بیروباوەڕ، بە هەوڵ نەبێت، دەوڵەت پێمان رازی نابێت، رازی نەبوونیشی بە ئێمە لەگەڵ گۆڕینی رژێم و سیاسەتەكەی دووبارە دەبێتەوە، كە تەنیا بۆ هاونیشتمانییەكانی جێگیرە.
مستەفا بارزانی واتاگەلێكی گەورەترمان لە واتاكانی نایار بۆ بەرجەستەدەكات، رۆژێك رێبازەكەی پەیوەست نەبووە بە گۆڕینی دەسەڵات بە دەسەڵات، ئەوەی لەم كورتەیە تێگەیشتبێت لە بارزانی، هیچ لەو وێنەیەی نەدیوە مەگەر ئەوەی كە ویستوویەتی.
بارزانی سەركردەیەكە نەتەوەیەك هەڵیانبژاردووە، ئەو رزگاركار بووە بۆ نەتەوەكە، ئەوەی ئەو كردوویەتی كەسانی دیكە نەیانتوانیوە بیكەن. هاوكات ناكرێ بە هیچ شێوەیەك ستەم لەوانی پێش خۆی بكەین، یان لەبیریان بكەین، خودی بارزانی فێری كردووین كە ئەوانی پێشان كە لە خزمەتی خەڵكدا بوون، ئەوانە رێزی زۆریان هەیە.
بارزانی لەخۆیەوە دەستی پێكرد، ئەو بۆ ئێمە رێباز بوو، بەڵام زوهدی خۆی بە سەرماندا نەسەپاند و بە زۆریش ناچاری رەفتارێكی نەكردین، تەنیا لەو كاتانەدا نەبێت كە ئەگەر ئەمە زیان بە مافەكانی خەڵك بگەیەنێت. هەموو شتێك لە سیاسەتدا دەبێت، بەڵام ئەگەرەكان پێویستە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بن، ئەمە وانەی یەكەمە لە رێبازی شێخی گەورە، كە زۆركەس بە زیندووێتی و دوای كۆچی دواییشی ستەمیان لێكرد.
ئەو سیاسەتی فێری كردین، بۆیە هەرچەندە ئەو حكومەتەی ئێمە دژین، چونكە خراپەمان بەرامبەر دەكات، بەڵام ئێمە هەر خۆڕاگرین و بەردەوامین لەسەر كاركردن بۆ وەدەستهێنانی مافەكانمان، لەوەش دەگەین كە ئەو باندە هەژموونخوازەی یاسا پشتگیرییان دەكات، تەنیا نوێنەری خۆی و تاقمەكەیەتی، عێراقییەكانیش لێی بێ بەرین، بۆیە سیاسەتی دەسەڵاتخوازان شكستی هێنا كە ناكۆكییەكانی نێوخۆیان بۆ ناكۆكیی نەتەوەیی بگۆڕن و وامان لێ بكەن گوێڕایەڵیان بین.
چەمكەكانی بارزانی فێری ئیجتهادی سیاسی كردم لە بازنەی خۆڕۆشنبیركردنی ناوخۆیی و پەیوەندییەكاندا، گرنگیدان بە نەوەی تازەپێگەیشتووی حزبی و هەموو توانایەكیش وەك ئەزموون و هۆیەكان بخرێتە بەردەستیان، ئەو نەوەیە رادەهێنێت كە بەرپرسیارێتی قۆناخ بە قۆناخ لەئەستۆ بگرێت، هەروەها بە كەسانی دیكەوە پەیوەست بن كە خاوەن بیروباوەڕی حزبیی دیكەن، ئەگەر كورد بن، یان غەیرە كورد.
فیكرو سیاسەتی بارزانی بۆ گەیشتن نەبووە بە لێكگەیشتن دوای خەباتێك كە رێكەوتننامەی ئادارو ئۆتۆنۆمی لێ بكەوێتەوە، ئەوەی روویدا هەرگیز نەدەكرا رۆژێ لە رۆژان ببێت، دەستكەوتێكی مەزن بە هەموو پێوانەیەك، هیچ حزبێكی كوردی و حكومەتێك لە نەتەوەیەكی دیكە لە ناوچەكەدا پێشتر نەگەیشتوونەتە ئاستی داننان بە مافەكانی نەتەوەیەك كە حزبێك نوێنەرایەتیی دەكات.
فیكرو سیاسەتی بارزانی كە هیچ ئالۆزییەكیان تێدا نییە، مەبەستیان بۆ نەتەوەی كورد ئەوەیە كە نەتەوەیەك بێت لە دەرەوەی چەمكی توانەوە، ناسنامەكەی روون بێت و دانی پێدانرابێت بە بوونی نێودەوڵەتی و كۆمەڵایەتی، بێ چاودێریكردن، پێگەی خۆی هەبێت.
ساڵانی كاركردنم لەنێو حزبدا بەردەوام بوو، خۆم و هەڤاڵانم كە بەرپرسیارییەتییەكی قورسمان پێ دەسپێردرا، بوونی ئیدریس بارزانی- ی كۆچكردوو، هەروەها بوونی سەرۆك مسعود، كە هیوای تەمەندرێژیی بۆ دەخوازم وەك سەركردەو هەڤاڵ، ئەو ئەركەی لەسەر سووك كردین، كۆچكردنی مستەفا بارزانی سەخت بوو، كە هەلومەرجی نێودەوڵەتی بۆ ئێمە هاوكات بوو لەگەڵ ئەم كۆچكردنە.
بەڵام ژیان چاوەڕوان ناكات، تەنانەت بەرپرسیارێتیی كەسیش شەفاعەت بۆ رەواندنەوەی خەمەكان ناكات، بۆیە سەرباری ئەم ئازارە، هەر یەكێك لە ئێمە لە دۆسێی خۆیدا ئەو تیۆرە سیاسییەی بەرجەستەكرد كە حزبمان لە مامۆستای یەكەمەوە پەیڕەوی كردووە.
كاری سیاسیمان ئاسان نەبوو و ئاسانیش نابێت، ئێستاش ئەو كەسانەم لەبیرە كە دڕندەترین كردەوەی ئەمنی و سەربازی و پڕۆپاگەندەیی دژی ئێمە ئەنجام دەدا، ئەمەش پیشەی حوكمڕانانی عێراق و هەندێ سەركردە سیاسییەكانیانە، كە هەركاتێ هێرشیان هەڵبژاردبێت، ئێمەش بەرپەرچی پیلانەكانیانمان داوەتەوە، تەنیا پڕۆپاگەندەكانیان لە مەعدەنێك بوو كە تەنیا لەنێو ئەو عەقڵانەدا بوو كە رێبازی بارزانی-یان قبووڵ نەبوو، دژی بەرژەوەندیی گشتی رەفتاریان دەكرد.
وانەكانی سیاسەت فێریان كردم كە گەلان بەهێزترن و زیاتریش لە نەخشەكانی سەر كاغەز دەمێننەوە، گەلان ئەو ئازاو بەجەرگانە بەرهەمدێنن كە رووبەڕووی فیكری دەسەڵاتخوازیی نەزۆك و سەربازە مردنخوازەكان دەبنەوە. بە چاوی خۆم بینیم و ئاگام لێ بوو كە چۆن لەهەمبەر سیاسەتی لایەنی دیكە ئاراممان گرت كە ماڵكاولی و وێرانییان بۆ هێناین، ئەمەش راستەڕێ بوو لەگەڵ وشەكانی پەروەردگار «إِنَّ اللَّهَ يُدَافِعُ عَنِ الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ كُلَّ خَوَّانٍ كَفُورٍ ».
لە كۆتاییدا و لەگەڵ پیرۆزباییم بۆ هەموو خوشك و برایەكی خوێنەر بە ساڵی تازەی زایین، من ویستم هەندێ یادوەرییەكانم كورت بكەمەوە، بۆ ئەوەی جەماوەری خۆشەویستی ئەم سەردەمە ئاشنابكەم بەوەی كە لە ژیاندا رێگەگەلێكی سیاسی هەن، هاوكات ناوەڕۆكی فیكری خێرخوازو مەزن هەیە، كە هاوشێوەی ئەو سیاسەتە باوە نییە كە لەگەڵ قووڵایی گەورەی عێراق و گەلانی ئەو وڵاتەو گەلی كوردستانیشمان گونجاو نییە.
هەموو ساڵێك هەر لە خۆشیدا بن....




* سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
Top