کورد یان تیرۆریستە یان ئیسرائیلی دووەمە

کورد یان تیرۆریستە یان ئیسرائیلی دووەمە
تورک و فارس و عەرەب وەک چوار داگیرکار نیشتیمانی کوردانیان داگیر کردووە و لە چوار لاشەوە هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن، هەر کوردێک دژی ئەو داگیرکاریە بوەستێ و بەرگری لە مانەوەی کوردبوون بکا و داوای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بکات، بەلای تورک و فارس و عەرەبی داگیرکار ئیسرائیلی دووەمە، ریفراندۆم و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ رزگار بوون لە ژێردەستەیی و بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی و، گەلەکۆمەی تورک و فارس و عەرەب دژ بەو هەوڵە پیرۆزەی سەرۆک بارزانی و ناوهێنانی کورد بە ئیسرائیلی دووەم، باشترین بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەی سەرەوەیە.
هەزاران کوردی رۆژئاوای کوردستان بۆ رزگار بوون لە مەرگی حەتمی و چەوسانەوەی رژێمی بەشار ئەسەدی عەرەبی پەنایان هێناوە بۆ باشووری کوردستان و دەپارێزرێن، دەیان هەزار عەرەبی هەڵاتووی عێراق لە ترسی داعش کوردستانیان کردووە بە پەناگە و دەپارێزرێن، دوای نەمانی داعشیش لە ناوچەکانیان لە ترسی حەشدی شەعبی ناوێرن بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لەگەل بوونی ئەو راستییە و زۆر راستی تریش تورک و فارس و عەرەب ناوە ناوە کورد بە تیرۆریست ناو دەبەن، سەگوەڕەکەی رژێمی بەشار ئەسەد گوایە مەسرور بارزانی پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستیەکان دەکات، جا ئەگەر مەسرور بارزانی پشتیوانی گرووپە تیرۆریستیەکان کردبا، ئەو هەموو عەرەبە لە ترسی عەرەبی تیرۆریست پەنایان بۆ باوەشی وڵاتەکەی مەسرور بارزانی نەدەهێنا، یان ئەگەر مەسرور بارزانی پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستیەکان کردبا، بە باوک و برا و حزبەکەیەوە نەدەبوونە پێشەنگی تێکشکێنەری ئەفسانەی رێکخراوی تیرۆیستی داعش.
بۆ مەسرور بارزانی گەورەییە رژێمێکی داگیرکاری کوردستان و کوردکوژ وەک سوریا یان هەر داگیرکارێکی تر بە تیرۆریستی بزانێ، چونکە بەلای داگیرکارانی کورستانەوە باپیری تێکدەر و یاخی بوو، باوکیشی ریفراندۆمچی بووە و ناکرێ بەلایانەوە مەسرور بارزانیش تیرۆریست نەبێ، ئەو بە تیرۆیست زانینەی مەسرور بارزانی بەڵگەی ئەو راستییەیە کە وەک باوک و باپیری پشت و پەنای هەموو سەربەخۆخوازانی کوردستانە.
ئاساییە داگیرکارانی کوردستان کورد بە تیرۆریست و ئیسرائیلی دووەم بزانن، یان هەر تۆمەتێکی تری بۆ هەڵبەستن، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە و مایەی گاڵتەجاڕی و پێکەنینە، کورد هەیە شاگەشکە بووە کە داگیرکارێکی کوردستان و دوژمن بە کورد مەسرور بارزانی بە پشتیوانی گرووپە تیرۆریستیەکان ناو بردووە، ئێ ئەوەش ئاساییە! کوردێک وڵاتفرۆشی بە وڵاتپارێزی ناوبەرێ و شانازیشی پێوە بکات، زۆر ئاساییە بە هەموو بۆچوون و بڕیارێکی داگیرکارانی کوردستان شاگەشکە ببێ.
Top