رووداوەكانی ناوچەكە و عێراق ، كاریگەری راستەوخۆیان لە سەر هەرێمی كوردستان هەبوو ، بەتایبەت چوارساڵی رابردوو وشەرٍی داعش و هاتنی لێشاویی ئاوارەكان و ئینجا قەیرانی دارایی و نزمبوونەوەی نرخی نەوت و گەمارۆ سەپێندراوەكانی ساڵانی رابردوو و رەنگدانەوەیان لە دۆخە هەستیارەكاندا ، لە هەمووشی مەترسیدار تر ئەوە پیلانگێرییە ئیقلیمیی و عێراقییە بوو كە گەلی كورد و سەركردایەتییەكەی توانیی بە سەركەوتووانە و حەكیمانە لێی دەرباز بێ. بەتایبەت دوای ڕووداوەكانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، حكوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەك هەڕەشەی لە كورد كرد و هەموو ڕووداوە سیاسییەكانی ساڵی ٢٠١٧ بوونە بارگرانی بۆ ساڵی ٢٠١٨ .ساڵی ٢٠١٨، ساڵی داكۆكی و بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا ــ پەسندكراوی ساڵی ٢٠٠٥ــ و بەردەوامیی ستراتیجیی هەرێم لە بواری نەوت و گاز و سەربەخۆییی ئابووری و خۆڕاگری لە بەرامبەر بڕینی بوودجەی هەرێم و ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی هەرێم بەرامبەر بە هەڕەشە دەرەكییەكان و سەركەوتن لە شەڕی دژی تیرۆر و لەناوبردنی هەوڵەكانی بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێم بوو. هەروها بەردەوامی و سەركەوتنی سیاسەتی هەرێم لە بواری حەواندنەوە و پاڵپشتیی ئاوارەكان و ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆییی كوردستان بوو بە بەرنامەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ كوردستانێكی بەهێز. لە لایەكی دیكەوە 2018 پاراستنی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی و دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریكا و ئەورووپا لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەی هزری تیرۆر و ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و كۆمەڵایەتییە و سیاسەتی پاراستنی پێكهاتەكانی كوردستان و بەهاكانی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا بوو."هەروەها گەلی كورد ، بە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژرادنەكانی ٢١ی ئایاری ٢٠١٨ـدا بەبێ هاوپەیمان و بە لیستێكی سەربەخۆ توانی ٢٥ كورسیی پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنیت و ببێتە حزبی ژمارە یەك لە عێراقدا. لەو هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای مووسڵ سەرەڕای نەبوونی هیچ بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی توانی ٦ كورسی لەو پارێزگایە بهێنێت."پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە هۆی ڕەوشی داگیركەرییەوە لە شاری كەركووك بەشدار نەبوو. لەلایەكی دیكەوە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش كران و پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرجەمی ١٠٠ كورسی، جگە لە ١١ كورسیی پێكهاتەكان، توانی ٤٥ كورسی بەدەست بهێنیت و ببێتە حزبی یەكەم لە كوردستان. هەروەها لە رۆزی3/12/2018 2018، پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی سەركردایەتیی پارتیدا، كە بە سەرپەرستیی سەرۆك بارزانی بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانیی بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم ڕاسپارد.ساڵی ٢٠١٨ سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی توانی لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار كۆ ببێتەوە، كە ئەوە بە ڕیكۆردێكی مێژوویی دادەنرێت و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بە گەورەترین دەستكەوت ھەژمار دەكرێت. ئەمانە لە كاتێكدا بوو كە كەركووك ڕادەست كرابوو، بارودۆخی دارایی خراپ بوو، نرخی نەوت تووشی داڕمان ببوو، تەواوی دەروازە سنوورییەكان داخرابوون و ھەڕەشەكانی عێراق بە ھاوكاریی دوژمنانی گەلی كورد گەیشتبوونە ئاستێكی مەترسیدار.لە یەكەم كۆبوونەوەی ساڵی ٢٠١٨ـدا لە كۆشكی ئیلیزێ، ئیمانوێل ماكرۆن پێشوازیی لە نێچێرڤان بارزانی كرد، كە بە یەكەم شكستی دوژمنانی گەلی كورد و یەكەم سەركەوتنی دیپلۆماسیی ساڵ ناو بران.دواتر سەرۆكوەزیران، نیچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیكان كۆ بووەوە و دەربڕینی پاڵپشتی لە لایەن پاپاوە، هیوای بۆ گەلی كورد زیاتر كرد. لەلایەكی ترەوە سەرۆكوەزیران بە سەردانی ئێران و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە، بە تەواوی مەترسییەكانی لەسەر ھەرێم دوور خستەوە.سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بەشداریكردنی لە گەورەترین كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسدا توانی ژیرتر لە ھەمووان ئەو ھەلە لە سوودی گەلەكەی بەكار بھێنێت و چاوی كەوت بە ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكوەزیران و پادشا و سەرۆككۆماری وڵاتانی زلھێز.سەرۆكوەزیران بەوپەڕی بەھێزییەوە، بەغدا و حكوومەتی ناوەندیی عێراقی ناچار كرد بە خەرجكردنی شایستەی داراییی ھەرێم و باشتركردنی سەرجەم سێكتەرەكان و بووژانەوەی ئابووری و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوورییەكان، كە هەمووی ئەمانە تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا كران.دوای هەستانەوەی ئابووریی هەرێم و كەمبوونەوەی ڕێژەی قەیران، وەزارەتی دارایی، ڕێژەی پاشكەوتی مووچەخۆرانی كەم كردەوە و خشتەیەكی نوێی ئامادە كرد.حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی پێك هێنرا و تا ئێستا دوو وەزارەت بەر كورد كەوتووە، كە هەردووكیان پشكی پارتی دیموكراتی كورستانن و هەروەها دواتر وەزیری وەزری ئەمەریكا رێك بێری سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە دوایین ڕووداودا سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان سەردانی كوردستانی كرد و چاوی بە سەركردە سیاسییەكانی كورد كەوت. ئەم هەنگاوە دیپلۆماسیی و سیاسییانە توانی و پێمان دەڵێت ساڵی 2018 ساڵی پاراستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی وپارستنی یەكپارچەیی ودیپلۆماسی و تێكشكاندنی گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان بوو..