وەڵامێکی سەرپێیی بۆ سۆران عومەر
December 31, 2018
وتار و بیروڕا
سۆران عومر لە باسی بەشداری کردن و راکردنیان لە کابینەی پێشوو دەیگوت: دوای ئەوەی تێگەیشتن کە گەندەلێ هەیە و حکومەت چاکسازی ناکات لە حکومەت کشاینەوە، ئەوەش ئەو نوکتەیەم بیر دەخاتەوە کە دەڵێ: مەیمون نوکتەی دەگێڕانەوە, (کەر) گوێدرێژ بۆ بەیانی پێدەکەنی، دیارە سۆران عومەریش دوای چوار ساڵ زانیویەتی حکومەت چاکسازی ناکات، بەڵام هەموو خەڵک دەزانێ بۆیە بە ئاخیری عومری لە حکومەت کشانەوە کە پێیانوابوو ئەو حکومەتە کوتایی هاتووە و نۆرەی حکومەتی (ئینقاز)ە.
لە باسی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش دەیگوت: ئەگەر لە حکومەتیش بین لە پەرلەمان ئۆپۆزیسۆن دەین و ئەرکمان چاودێری کردنی حکومەتە، ئەوە راستی تێدایە، بەڵام حزبەکەی سۆران عومەر لە حکومەت دەلەوەڕا، لە پەرلەمان کاوێژی دەکرد، لە شەقامیش دەڕشایەوە و درووشمی (ارحل)و بڕووخێیان هەڵگرتبوو، هەڵیان دەکوتایە سەر بارەگاکانی پارتی و دامودەزگا حکومیەکان و دەیان سووتاندن.
لە باسی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک هەموو ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی پارتی و نەیدەوێرا بەلای کەرکوک فرۆشەکاندا بچی، لە کاتێکدا رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر خودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشی کردە دوو بەش و بەشێکیان خۆی بە شەریک نەدەزانی و کەرکوک فرۆشەکانیشی بە خیانەتکار ناو دەبردن، بەڵام دەبێ سۆران عومەر بزانێ کە فرۆشتنی کەرکوک و کارەساتەکەی خورماتوو دوو قۆناغن، قۆناغی یەکەم هێنانی حەشدی شەعبی و رادەست کردنی کەرکوکە، قۆناغی دووەمیش بوونی بارەگای حزبەکانە لە کەرکوک بە زەلیلی و بێ هەڵدانی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانیان و رازی بوونیان بەو واقیعە داسەپاوەی ئێستای کەرکوک، لە کاتێکدا بەرەی تورکومانی و هەموو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئاڵای خۆیان هەڵداوە.