حزبی رۆژ

حزبی رۆژ
لەوەتەی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان هەیە، خاوەنی بڕیار و ستراتیج و ئامانجێکی روون نەبووە, حزبێکی میزاجی بووە و لەگەڵ بەڕێ کردنی کات بووە و رۆژانە هەڵوێست و کارنامەی سیاسی خۆی گۆڕیون و کورد گوتەنی لە کوێوە بای هاتبێ لەوێوە شەنی کردووە.
بە درووشمی کوردایەتی دامەزرا و بە موزایەدەی مافی چارەی خۆنووسین دەستی بەکاری ریکخراوەیی کرد، لەسەر عێراقچێتی پێنج ساڵ مەلا بەختیاری زیندانی کرد و ئێستا جگە لە مەلا بەختیار کە بڕوای بە کوردایەتی و مافی چارەی خۆنووسین هەیە، ئەوانی تر وەک یەکێتی فوول عێراقچین و کوردایەتی و مافی چارەی خۆنووسین بە تاوان و یاخی بوون لە دەستووری عێراقی دەزانن.
لە سەرەتا و دەستپێکی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران هێزی پشتیوانی دەنارد بۆ یارمەتی دانی کوردانی رۆژهەڵات و دژی سوپای پاسداران دەجەنگا، لە گەرمەی شەڕیشدا وەک چاوساغێک سوپای پاسدارانی دەبردنە کەرکوک و هەڵەبجە و لە ١٦ی ئۆکتۆبەریش لە کەرکوک لەگەڵ سوپای پاسداران دەجەنگا.
رۆژانێک پلار و توانجی لە پارتی دەگرتن گوایە داوای حوکمی زاتی دەکا و ئێمەش داوای مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتی کوردی دەکەین، ئێستاش دژی مافی چارەی خۆنووسینە و سەربەخۆیی و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان بە خیانەت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەزانێ.
رۆژێک کەرکوک قودسی کوردستانە و یان کەرکوک و خانەقین، یان تا ماوە دەجەنگێ، رۆژێکیش دابەشکاری سیاسی بۆ کەرکوک دەکا و بۆ هەر پێکهاتەیەکیش سەدا سی و دوو دادەنێ، دوا رۆژیش کەرکوک شارێکی عێراقییە و بەبێ گەرانەوە بۆ عێراق ئارامی بە خۆوە نابێ.
دۆست و دوژمن دەزانێ ئەمڕۆ یەکێتی چی دەوێ و داوای چی دەکات، بەڵام کەس نازانێ سبەی چی دەوێ و داوای چی دەکات بە سەرکردە باڵاو بڕیار بەدەستەکانی خۆشیانەوە، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات کە یەکێتی بێ ئامانج و ستراتیجە و حزبی رۆژە و ئامادەیە رۆژانە هەڵوێست و سیاسەتی خۆی بگۆڕی، لە کاتێکدا ئامانجی خەڵکی کوردستان دیاریکراوە و لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش دەیان ساڵە خوێن دەبەخشێ کە سەربەخۆیی کوردستانە.
Top