قادر عەزیز و پۆستی سەرۆکی هەرێم

قادر عەزیز و پۆستی سەرۆکی هەرێم

بەرپرسانی یەکێتی ئەگەربیانەوێ شتێک بڵێن و زۆریان پێ عەیب بێ بیڵێن، بە قادر عەزیزی دەدرکێن و پێی دەڵێن: بڕۆ کەناڵەکان و ئاوا و ئاوا بڵێ، کاک قادریش دێ و چییان پێگوتووە وەک تووتی دەیڵێتەوە و بە موو لێی لانادات.
ئەگەر قادر عەزیزیش لە بیری چووبێ یان پێان گوتبێ لەبیر خۆتی بەرەوە، هەموو خەڵکی کوردستان لە بیریانە کە لە دوای پرسی سەربەخۆیی کوردستان، یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان پارتی و لایەنەکانی تر میکانیزمی هەڵبژاردندی سەرۆکی هەرێم بوو، هەرچی پارتی بوو دەیگوت: دەبێ سەرۆکی هەڕیم راستەوخۆ لەناو خەڵک هەلبژێردرێ و نابێ ئەو مافە لە خەڵکی کوردستان زەوت بکرێ، هەرچی لایەنەکانی تریش بوون بە لایەنەکەی کاک قادر عەزیزیشەوە دەیانگوت: دەبێ سیستەمی فەرمانڕەوایی کوردستان پەرلەمانی و هاوشێوەی سیستەمی (بەغا) بێ و سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێ.
ئێستا کاک قادر عەزیز دەڵێ: لەناو یەکێتی رایەک هەیە کە سەرۆکی هەرێم لەناو خەڵک هەڵبژێردرێ، چونکە ئەگەر لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێ پارتی دەیباتەوە، دیارە بەلای کاک قادر عەزیز و ئەو رایەی ناو یەکێتی ئەو شێوازی هەڵبژاردنەیان قبوڵە کە پارتی بدۆڕی، بەڵام بێئاگان لەوەی کە سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان یان لەناو خەڵک هەڵبژێردرێ هەر دەیباتەوە، چونکە ئەو خەڵکەی دەنگی بۆ پەرلەمان داوە ئەگەر سەرۆکی هەرێم لەناو خەڵکیش هەڵبژێردرێ، هەر ئەو خەڵکەیە دەنگ دەداتەوە.
Top