پارتی حزبە بێخەمەکەی کوردستان

پارتی حزبە بێخەمەکەی کوردستان

هیچ حزبێک لە دونیادا ئەوەندەی پارتی بێخەم نییە، تەنانەت تاقەتی ئەوەی نییە ژیانی پەرجووئاسا و پڕ لە هەڵوێستی نەتەوەیی و گیانبازی دامەزرێنەرەکەی و مێژووی دەستکەوت و سەروەریەکانی خۆی بە دیکۆمێنت بکات.
کاتێک بە وێستگەکانی ژیانی بارزانی نەمردا دەگەڕێی تووشی شۆک دەبی، ئاخر ئەوەی بارزانی نەمر کردوویەتی لە هێز و تواناکانی سەرکردە بەناوبانگەکانی دونیا بەدەرە، کام سەرکردە توانیویەتی وەک ئەوەی بارزانی نەمر لە مەسیرە تۆڵەستێنەکەی رووباری ئاراس کردی و لە یەک کاتدا سەرکەوتنی بەسەر سێ دوژمنی وەحشی ئاسادا بەدەست هێنا و سێ داگیرکاری وڵاتەکەی خەجاڵەتی بەردەم مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی گەلان کرد؟
کام سەرکردەی دونیا توانیویەتی وەک ئەوەی بارزانی نەمر سنوورە دەستکردەکانی نیشتیمانە پارچە پارچەکراوەکەی بخاتە ژێر پێ و گەلە ژێردەستەکەی لە کام پارچە پێوێستی پێی بووبێ، ئەو پارچەیەی کردۆتە نیشتیمانی خۆی و لەو پارچەیەوە پەیامی سەربەخۆیی کوردستانی بە دوژمنان و داگیرکاران گەیاندووە؟
ئەگەر بارزانی نەمر کورد نەبووایە و لەناو کوردیشدا ئەگەر دامەزرێنەری پارتی نەبووایە، ئێستا عێراقچی و دژە سەربەخۆکان و ژێردەستە ویستەکان دەیان و سەدان چیرۆکی شۆڕشگێڕی و شانامەی وڵاتپارێزیان لەسەر دەنووسی و دەیانگوت: ئەگەر کوریش وەک فڵان نەتەوە خاوەنی (بارزانی)یەک بوایە ئەو هەموو چەوسانەوە و کۆمەڵکوژی و کاولکاریەی وڵاتەکەی نەدەدی و ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی دەبوو.
هەڵەیەکی مێژوویی گەورە دەکەین ئەگەر بڵێین: پارتی وەک حزب خاوەنی بارزانی نەمرە، چونکە هەموو کوردە خاوەنی بارزانی نەمرە و زۆر لەوەش گەورەترە لە هەگبەی حزبیدا جێی ببێتەوە و حزبێک بتوانێ خۆی بکات خاوەنی، بۆیە کاتێک دەڵێم: پارتی بێخەمە، مەبەستم ئەوە نییە کە پارتی وەک حزب خاوەنی بارزانی نەمر بێ، زیاتر مەبەستم ئەوەیە کورد خاوەنی بارزانی نەمر بووە و هەندێ کەس و دەستە و گرووپیش خیانەتیان پێکردووە و ئێستاش خیانەت بە رێبازەکەی دەکەن، ئەو خیانەت کردنەش بە رێبازەکەی بەشێک لە بەرپرسەکانی ئێستای پارتیش دەگرێتەوە، لە کاتێکدا خیانەت بە بارزانی نەمر خیانەت بووە بە مێژوو، خیانەت بووە بە داهاتوو، خیانەت بووە بە هەموو کورد و ئەو ئامانجانەی بە درێژایی مێژوو لە پێناو بەدیهێنانیاندا جەنگاوە و قوربانی زۆری بۆ داون.
Top