هەژار موکریانی و وەسفی ئاڵا
December 26, 2018
وتار و بیروڕا
شێری ئاڵام و بە با دێم و دەڕۆم
هەرکاتێ بای هەڵنەکا پارچێک پەڕۆم
لە دوای ریفراندۆم و فرۆشتنی کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی وەک سووکایەتی کردن بە کورد و بە تاوان زانینی گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان و رەوایی دان بە داگیرکاری خۆیان، ئاڵای کوردستانیان خستە ژێر پێیان، لە بەرامبەر ئەو رەفتارەی چەکدارانی میلیشیای حەشدی چەعبی، دژە سەبەخۆ و خاکفرۆشەکان دەیانگوت: ئامادە نین لەسەر پارچە پەڕۆیەک بارودۆخی سیاسی تێکبدەین و دڵی برای عەرەبمان بڕەنجێنین.
بەلای عێراقچیەکانەوە ئاڵای کوردستان پارچە پەڕۆیەک بوو، بەلای سەربەخۆخوازانیشەوە ئاڵای کوردستان شکۆی نەتەوەیەک بوو، ئاخر ئەو هەموو نەهامەتیانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەسەر کورد هاتوون لە نەبوونی ئاڵا بووە، ئەگەر کوردیش وەک گەلانی تر خاوەنی ئاڵای خۆی بووایە، وەک ئێستا تووشی کۆمەڵکوژی و کاولکاری وڵاتەکەی نەدەبوو.
ئەو وەسفەی مامۆستا هەژار بۆ ئاڵا و جیا کردنەوەی لە پارچە پەڕۆیەک کردوویەتی، لە کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانیەکان لە کەرکوک بەبێ بەشداری پارتی، راستی و درووستی ئەو دێرە شیعرەی مامۆستا هەژاری دەرخست کە پارتی لە هەر شوێنێک نەبێ ئاڵای کوردستان دەکرێتە پارچە پەرۆیەکی بێ نرخ، بە پێچەوانەشەوە پارتی لە هەر شوێنێک بێ دەبێتە شیری ئاڵا و هەڵوێستە نەتەوەییەکانیشی دەبنە ئەو بایەی کە ئاڵا لە بەرزی دەشەکێنێتەوە.