كابینه‌ی داهاتوو، با كابینه‌ی یاسا پارێزی و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان بێت

كابینه‌ی داهاتوو، با كابینه‌ی یاسا پارێزی و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان بێت
كاندید كردنی كاك نێچیرڤان و كاك مه‌سرور بارزانی بۆ دوو پۆستی گرنگی هه‌رێمی كورستان،لای زۆر كه‌س به‌ تایبه‌ت جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی پارتی و ئه‌وانه‌ی كه‌ پارتی نین، به‌ڵام پێیان وایه‌ بوونی كه‌سانی به‌هێز و خاوه‌ن ئه‌زموون له‌ ئاستی باڵای به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به‌ تایبه‌ت له‌و بارودۆخه‌دا كار و پێویستیه‌كی ژیارییه‌، به‌ خۆشبینی و خۆشحالیه‌وه‌ پێشوازی لێكراوه‌، زۆر سروشتییه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وای دیموكراسی كه‌سانێكیش ڕای جیاوازیان هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئاماژه‌ی پێ بده‌م، له‌ بەدبەختی گه‌لی كوردستانه‌ تاكو ئێستا كه‌شێكی ئارام و سه‌قامگیری ئه‌وتۆ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ خایه‌ن دروست نه‌بووه‌ كه‌ ئیتر بڵێین قۆناغه‌كه‌ هه‌ستیار نیه‌ و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانیش ڕه‌گی خۆیان به‌ قوڵی داكوتاوه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌و قۆناغه‌ش زۆر هه‌ستیاره‌ و پێویستیمان به‌ سیاسەتمەداری شاره‌زا و خاوه‌ن ئه‌زموون و ناسراو هه‌یه‌ كه‌ بتوانن وه‌كو یه‌ك تیم به‌ پێی به‌رنامه‌ی سیاسی و ستراتیژی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم كار بكه‌ن، به‌ر له‌ هه‌موو شتێكیش مانه‌وه‌ی كیانی سیاسی هه‌رێمی کوردستان بپارێزن و پاشان له‌ هه‌موو ڕووه‌كانی سیاسی ، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی پێشی بخه‌ن.
لەداهاتوودا ئه‌ركی ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ ئاسان نابێت و گه‌رچی زۆر له‌ به‌رپرسارێتییه‌كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی هه‌ردووكیان به‌ڵام به‌ ته‌نیا به‌وانیش ناكرێت، نه‌ك ته‌نیا تیمی حكومه‌تی داهاتوو به‌ڵكو تیمی په‌ڕله‌مانیش له‌ پارتییه‌كان و له‌ وانه‌ی كه‌ به‌شدار ده‌بن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی ئیئتیلافی داهاتوو زۆر گرنگه‌ ته‌واو كه‌ری یه‌كتری بن، نه‌ك دژی یه‌كتری بن ، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لایان سه‌ركه‌وتنی هه‌رێم وگه‌له‌كه‌ی بێت.
ئه‌وە ڕاستییه‌كه‌ کە كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم درێژه‌ پێده‌ری كابینه‌كانی ڕابردووه‌، میراتگری هه‌ردوو لایه‌نی باش و خراپی كار و بڕیار و كرداره‌كانی كابینه‌كانی پێشوتره‌، زۆر شتی باش كراوه‌ به‌ڵام كه‌موکوڕیش هه‌ن كه‌ عه‌قڵی سه‌لیم پێمان ده‌ڵێت كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ ده‌بێت چاك بكرێن.
له‌ به‌رئه‌وه‌ی پارتی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌ڕله‌مانی هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ پێم وایه‌ ئێمه‌ی پارتییه‌كان زیاتر له‌ لایه‌نه‌كانیتر به‌رپرسیارییەتیمان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان، له‌ نوسین و قسه‌ كردن و له‌ وتاردان نابێت هێرش بكه‌ینه‌ سه‌ر هیچ كه‌س و لایه‌نێك، ده‌بێت بەکارهێنانی زمانی نه‌رم و لۆژیک باشترین شێوازی ده‌ربڕینی باوه‌ره‌كانمان بێت، ئه‌و جۆره‌ له‌ گوفتار و ره‌فتاره‌ نه‌رم و لۆژیكیه‌ نابێت ته‌نیا بۆ كاتێكی كورت و دیاریکراو بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ هه‌لپەرستی له‌ قه‌ڵه‌می نه‌ده‌ن، به‌ڵكو پێم وایه‌ ئه‌بێت ببێته‌ كه‌لتوری سیاسیمان كه‌ له‌ ئه‌نجامدا كاریگه‌ری زۆری بۆ پاراستنی ئاسایشی كوردستان ده‌بێت.
كاك نێچێیرڤان و كاك مه‌سرور وه‌كو دوو كارەکتە‌ری سیاسی پارتی و هه‌رێم ته‌واوكه‌ری یه‌كتر ده‌بن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم ، ئه‌زموونی سیاسی و دیپلوماسی و ئه‌منی ئه‌وان له‌گه‌ڵ تیمێكی به‌ هێزی كارگێڕی و ته‌كنوكراتی دلسۆز وپاك و شاره‌زای حكومه‌ت ده‌توانێت هه‌رێم به‌هێزتر و گه‌ر خوا و گه‌لی كوردستان پشتیوانی ئه‌وان بن دەتوانن له‌ خزمه‌ت كردنیان سه‌ركه‌وتوو بن.
له‌ سه‌ر هه‌ر كه‌سێك كه‌ پۆستێك وه‌رده‌گرێت له‌ حكومه‌ت به‌ كاك نێچیرڤان و كاك مه‌سروریشه‌وه‌ پێویسته‌ كه‌ وه‌رگرتن و به‌ڕێوه‌ بردنی پۆست به‌ ئه‌رك بزانن نه‌ك مافی خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ست به‌ به‌رپرسارێتی بكه‌ن و ئه‌ركی سه‌رشانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و ببنه‌ جێگای ره‌زامه‌ندی هاووڵاتیان.
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، بە پارتییه‌وه‌ش پێم وایه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سروشتییه‌ وه‌كو استحقاقی هه‌ڵبژاردن له‌ كۆبوونه‌وكانی پێكهێانی حكومه‌ت و دابه‌ش كردنی پۆستەكان داوای به‌شی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر بوونی کارنامەیەکە كه‌ حكومه‌ت وه‌كو یه‌ك تیم كاری له‌سه‌ر بكات و كه‌سانی شاره‌زا كه‌ به‌ دور بن له‌ ده‌مارگیری بێ مانا و كه‌سانی به‌ توانا و پاك و دڵسۆز بن كه‌ بتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ كاری حكومی و ئیداری بگونجێنن و به‌ كاری تیمی و به‌ به‌رنامه‌ هێز بده‌ن به‌ دامه‌زراوه‌كانی فه‌رمی و حكومه‌تێكی به‌ هێز پێك بهێنن.
حكومه‌تی به‌هێز واته‌ حكومه‌تی خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی به‌هێز كه‌ بتوانن یاسا و هاووڵاتیان بپارێزن ، حكومه‌تێك كه‌ به‌ دور بێت له‌ میزاجی كه‌سی و خاوه‌ن به‌رنامه‌ وپلانی پێش وه‌خته‌ بێت و هه‌ڵی كار بۆ بێكاران بڕه‌خسێنێت، حكومه‌تێك كه‌ كوردستانیان سه‌ره‌ڕای جیاوازی باوه‌ڕی سیاسییان به‌ هی خۆیان بزانن .
پێم وایه‌ له‌ ئێستادا بارودۆخی نێوخۆی هه‌رێم به‌ تایبه‌ت له‌ نێو پارته‌ سیاسییه‌كان گونجاوتره‌ بۆ دیالۆگ كردن، ئه‌زموونی سیاسی ڕابردوومان ئه‌وه‌ی دره‌خست نابێت بیر له‌ سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری بكه‌ین، با سڕینه‌وه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ مه‌یدانی كاری سیاسی بۆ بڕیاری گه‌لی كوردستان بێت له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان، گه‌ل كێی پێ باش بێت با هه‌ڵیبژێرێت، هه‌ر بۆیه‌ گه‌ر ڕای گه‌ل ببێت به‌ پێوه‌ر، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ناچارن كاری باش هه‌ڵبژێرن له‌ بری كاری چه‌وت و هه‌ڵه‌ و خۆیان له‌ دیماگۆگیه‌ت و فریودانی خه‌ڵك به‌ دور بگرن. هه‌روه‌ها پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌كات ده‌بێت زۆر كار بكات به‌ڵام نه‌فه‌سی درێژی هه‌بێت، حزبه‌ مه‌زن و مێژوییه‌كانی كوردستان له‌وانه‌ پارتی به‌ خه‌بات و كاری سیاسی زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵ گه‌یشتووە‌ته‌ ئاستی ئێستا كه‌ بتوانێت گه‌وره‌ترین پارتی سیاسی هه‌رێم و عێڕاق بێت ، ئه‌و حزبه‌ به‌ قسه‌ و به‌ دروشمی هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن له‌ نێو ناچێت.ئه‌وه‌ هه‌ڵەی پارته‌ سیاسییه‌كان و خۆ نوێ نه‌كردنه‌وه‌و خۆ نه‌گونجاندنیانه‌ كه‌ لاوازیان ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆكاری پوكانه‌وه‌یان.
له‌ كۆتاییدا پێم وایه‌ هه‌روه‌ك چۆن پاراستنی كوردستان و گه‌له‌كەی ئه‌ركی هه‌موومانه‌ ، پشتگیری كردن له‌ كابینه‌ی داهاتووش ئه‌ركی هه‌موومانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ بتوانێت حكومه‌تی یاسا پارێزی وخزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان بێت.
Top