ئامۆژگاریەکانی سەرۆک بارزانی و سەرەڕۆیی سیاسی (پەکەکە) لە رۆژئاوا
December 24, 2018
وتار و بیروڕا
لە ساڵی ٢٠١٤ و لە گەرمەی رووداوەکانی سوریا و لاواز بوونی رژێمی بەشار ئەسد بە دیداری سەرۆک بارزانی شاد بووم، ئەوەی لەو دیدارەدا و لەسەر رووداوەکانی سوریا و خەمخۆری بۆ کوردانی ئەو بەشەی کوردستان لە سەرۆک بارزانیم بیست بۆ مێژووە وەک خۆی دەیخەمەڕوو.
لە باسی رووداوەکانی سوریا و پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان فەرمووی: بە هەموو لایەنە کوردیەکانی رۆژئاوام گوتووە تا راپەڕینی گەلانی سوریا، ئێوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بێ ناسنامە بوون و بۆتان نەبووە بڵێن: ئێمە کوردین و کوردستان نیشتیمانی ئێمەیە، ئەو راپەڕینە و ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات دەرفەتێکی باشی بۆ ئێوەی کوردی ئەو بەشەی کوردستان رەخساندووە و ئێستا دەتوانن بڵێن: ئێمە کوردین و کوردستانیش نیشتیمانی ئێمەیە، جا هیوادارم بتوانن کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرن، کاتێکیش دەتوانن کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرن کە کوردانە بیر بکەنەوە و هەر کامێک لە رژێم و ئۆپۆزیسۆن بەدەنگ داواکاریەکانتانەوە هاتن، هەنگاوێک لەویان نزیک ببنەوە، چونکە ئەگەر بەبێ بەدەنگەوە هاتنی داواکانتان لە هەر کامێکیان نزیک ببنەوە دەبنە پاشکۆ، بۆیە پێویستە خۆتان لە پاشکۆیەتی هەر یەکێک لە رژێم و ئۆپۆزسیۆن بپارێزێن و وەک کورد و بە خواست و ئامانجی نەتەوەییەوە بچنە ناو رووداو و هاوکێشەکان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێک لەگەڵ لایەنە کوردیەکانی رۆژئاوا کۆبوومەوە و لە هەموو کۆبوونەوەکانیش راو بۆچوونی خۆم پێڕاگەیاندوون و پێمگوتوون: ئەگەر کوردانە بیر بکەنەوە و کوردایەتی پێش حزبایەتی بخەن، بەڵێن بێ منیش هەموو هاوکارییەکتان دەکەم بە ناردنی هێزی پێشمەرگەشەوە.
بەڵام (پەکەکە) وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی کەوتە سەر رێچەکەی پاوانکاری و ئامۆژگاری و راو سەنجەکانی سەرۆک بارزانی بە هەند وەرنەگرتن, وەک بینیمان باڵیکی خۆی بەناوی (پەیەدە)وە لە رۆژئاوا قوت کردەوە و لە رێگای ئەو باڵەوە کەوتە پاوانکاری سیاسی و سەرەڕۆیی سەربازی و گرتن و راوەدوونانی ئەندامانی لایەنە کوردەیەکانی تر، ئێستاشی لەگەڵدابێ هیچ شرۆڤەکارێکی سیاسی نازانێ (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان داوای چی دەکرد، مێژووی چەوسانەوە و لێسەدنەوەی ناسنامەی کوردی لە کوردانی رۆژئاوا لەبیر کرد و خۆی لە رژێمی بەشار ئەسەد نزیک کردەوە، لەژێر ئاڵای رژێمی بەشار ئەسدی کوردکوژ و داگیرکاری کوردستان دژی ئاڵای کوردستان دەجەنگا.
ئەگەر ئەوکات گوێ لە سەرۆک بارزانی گیرابا و (پەکەکە) خۆی لە پاوانکاری سیاسی و سەرەڕۆیی سەربازی رۆژئاوای کوردستان بە دوور گرتابا و، کورد بە پرۆژەی کوردایەتی چووبایە ناو رووداوەکان و بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی کردبانایە داواکاری خۆی، جیا لەوەی زۆر لە ئێستا بەهێزتر دەبوو، کشانەوەی ئەمەریکاش ئەو کاریگەیەی ئێستای نەدەبوو.
ئێستا وەک دەبینین ئەمەریکا لە سوریا دەکشێتەوە، ئەوەش (پەکەکە)ی خستۆتە بەردەم دوو ئەگەر: ئەگەری یەکەمیان ئەوەیە بگەڕیتەوە سەر ئامۆژگاریەکانی سەرۆک بارزانی و لەگەڵ لایەنە کوردیەکان و هێزەکانی رۆژ رێک بکەوێ و بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بکاتە داواکاری خۆی و بەرگری لە کوردبوون و کوردستانی بوون بکات، ئەگەری دووەمیشیان ئەوەیە خۆیان رادەستی رژێمی بەشار ئەسەد بکەنەوە، جا ئەگەر.. ئەگەری دووەم هەڵبژێرێ دەپرسین: ئایا (پەکەکە) چ وەڵامێکی پێیە بۆ خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد؟ ئەی ئەو هەموو گەنج و لاوەی کوردی بۆچی و لە پێناو چیدا بە کوشتدان؟