رۆل و کاریگەری مامۆستا لە پەروەردە و فێرکردن

رۆل و کاریگەری مامۆستا لە پەروەردە و فێرکردن
نووسەرئەدیبی بەناوبانگی میسری نەجیب مەحفوز دەلێ" مامۆستایەتی گرنگترین پیشەیە کە ھەموو پیشەکانی تر لە سەر دەستی مامۆستا دەردەچن".
بێگومان مامۆستا بەردی بناغەی پێشکەوتن و گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنەکە رۆلی سەرەکی و کارای ھەیە لە سەر شانۆی ژیان بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنی تاکەکان بە گشتی، چونکە ئەوە مامۆستایە دەتوانێ قوتابی بە باشترین شێوە ئامادە بکات لە ھەموو روویەکەوە کە پێشکەوتن و گەشەسەندن و بەرقەراربوونی ئاسایش و خۆشەویستی خاک و نیشتمانی لێ دێتە بەرھەم چونکە تەنھا زانیارییەکان ناگوازێتەوە بۆ مێشکی قوتابی ، بەڵکو رۆلی مامۆستا بریتی دەبێت لە بیناتنانی تواناکان و پەروەردەکردن و گەشەسەندنی بیرو ھزری قوتابی بە شێوەیەکی تەندروست و راست کە لە پاشە رۆژدا ببنە کەسانی دڵسۆز وچاڵاک و ویژدان زیندوو بۆ خاک و نیشتمانو نەتەوەکەمان بە ھیچ شێوەیەک دەست بەرداری رێژە نەگۆڕەکان نەبن، شاراوە نییە لای کەسمان کە ھەر یەکێک لە ئێمە رۆژێک لە رۆژان لە خۆمان یان لە ھەر یەکێک بپرسین ئایا لە قۆناخی خوێندن یان دوای خوێندن گرنگترین شت چی بووە کە لە ژیانی خوێندن و فێرکردن و یان دوای ئەوەش لە بیری ناکەین و کاریگەری راستەوخۆی ھەبووە لە سەر ئاستی خوێندن و ژیانت، ئەوا دڵنیابە زۆربەی وەڵامەکان نالێن فلان پەرتووک یان فلان ووتار یان فلان فلیم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی، بەڵکو بەردەوام گوێ بیستی ناوی فلان مامۆستا و فلانە مامۆستا دەبین ئەوەش شتێکی سروشتیە، چونکە مامۆستا زۆر بە ئاسانی دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی لە سەر ژیانی قوتابییەکانی درووست بکات چونکە سروشتی کەسەکان پێویستیان بە یەکێک ھەیە ببێتە پێشەنگ و سەرچاوەی ھەستە زیندووەکان و ئاراستەکردنیان بەرەو کارو کردەوەی باش و باشتر، بێگومان ئەوەش مامۆستایە کە بەردەوام دەتوانێ جێ پەنجەی ئەرێنی و سەرکەوتوو لە سەر ژیانی قوتابییەکانی جێ بھێلی ببێتە کەسێکی کاریگەر، چونکە مامۆستا دەتوانێ ببێتە کەسێکی کاریگەر و سەرکەوتوو لە ژیانی قوتابیدا ئەویش بەردەوام گوتومانە مامۆستا ویژدانە و قوتابیش ئەمانەت ئەوە ویژدانەکانن ئەمانەتەکان دەپارێزن و بۆ کۆمەڵگەیان ئامادە دەکەن و بە قۆناخەکانی تێگەیشتن و پێگەیشتن دا دەڕۆن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا لە ئاییندەدا ببنە کەسانی کارا و بوێر و قازانج بەخش بۆ کۆمەڵگە، چونکە مامۆستایەتی بەتەنھا گواستنەوەی زانیاری و باس کردنی بابەتەکان نییە بۆ قوتابیان بەڵکو لە ھەمان کاتدا وەکو باوک و براو خوشک و دایک رەفتاردەکات لەگەڵ قوتابیەکانی جگە لەوەش ھەردەم وەکو نموونەیەکی باڵا و پێشەنگ تەماشا دەکرێت لەلایەن قوتابیەکان و ھەردەم وەکو شارەزا و لێزان و رابەر و توێژەر و بەرپرسیار و ئاراستەکراو و یارمەتیدەرێکە بۆ قوتابییەکان و لەگەڵیان دەژی و پەروەردەیان دەکات و چاودێری رەفتارو کردارو گوفتاری قوتابییەکان دەکات و پەرەیان پێ دەدات. ھەر مامۆستایە بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامەکان بە گشتی چونکە ئەوە مامۆستایە تاکە سوارچاکی گۆڕەپانی پەروەردە و فێرکردن کەواتە لە سەرجەم ئاستی قوتابیان و رەفتارەکانیان و دەرئەنجامەکان مامۆستایان بەرپرسیار دەبن، چونکە دەتوانن رۆلی ئەرێنی خۆیان ببینن و قوتابیەکانیش بە ئاوات و ئامانجی خۆیان بگەن لە سەر دەستی مامۆستاکان دڵنیام ویژدانتان ئاسودە دەبێت ئەوکاتەی بزانن ئامانجەکانتان پێکاوە لە پەروەردەکردنی قوتابیان بە شێوەیەکی پەروەردەیی و تەندروست ھەر ئەوەش چاوەڕِێی کۆمەڵگەیە لە مامۆستا دڵسۆزەکان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top