ئەو هەموو ڕک و کینەیە چییە

ئەو هەموو ڕک و کینەیە چییە
هەرچەندە دەیهێنم و دەیبەم ناگەمە ئەنجام ...
ئایا بۆ گەنجی کورد، ئەو هەموو کوڕ و کچە گەنجە جوانانە کە هێشتا تازە وەک خونچە دەپشکوتن وا بە ڕک و کینەیە؟ ئەوە بۆ هیچی پێ باش نییە و لە هیچ ڕازی نییە ؟ بۆ ناتوانن هیچ جوانییەک ببینن یاخود چێژ لە شتی جوان وەربگرن ؟ بۆ ناتوانن یەکتری جیاواز و نەگۆڕاو وەک خۆیان قبوڵ بکەن ؟ بۆ هەموو دەیانەوێت هەمووان کۆپییەک بن لە خۆیان، لە کاتێکدا خودای مەزن هەر یەکەمانی بە جۆرێک دروست کردووە؟ ئاخر ئێوە بەڕێوەبەری دواڕۆژی ئەم کۆمەڵگەیەن، ئێوەن دەبێت هەوڵ بدەن ژیانی خۆتان و وەچەکانی داهاتوو بە گوڵی خۆشەویستی و تاجەگوڵینەی ڕووخۆشی بڕازێننەوە.
لە ماوەی دوو ڕۆژدا و لە دوو بۆنەی جیاوازدا کە یەکێکیان هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان بوو و ئەوەیتریش ناشتنی تەرمی بەڕێز پرۆفیسۆر جەمال نەبەزی گەورە بوو، چەندەها ڕک و کینە و توانج و تانەم بیست ، چەندەها ناشرینی ناخی ئەو ڕوخسار جوانە تازە ئاشنابوانە بە جوانی ژیانم بینی، زۆر لە کۆمێنتە شاراوەکانی پشت کۆمپیوتەر و تەلەفونم خوێندەوە.
هەرچەندە هەر یەک لەو دوو بۆنەیە پێچەوانەی یەکتر بوون بەڵام ذژایەتی و شەڕەنگێزی لە یەک ئاستدا جێگەی بۆ خۆشەویستی و پاکژی و یەکتر قبوڵکردن نەهێشتبووەوە.
بۆنەیەک کە دڵی گەنجێک بەرەو خۆشی و جوانی دەبات یاخود چەندەها کەس هەندێک لە قورسی ژیان و بۆ ماوەیەکی کورت بەم جۆرە لەسەر شانیان دادەگرن، ئاخر خۆشی ئەوە چییە تۆی پاکژ پێی بڵێی نەکەی داینەگریت ئەو بارە قورسە، بۆستە، با من تۆزێکیترت بخەمە سەر شان.
بۆ هەموومان هەر باری شانی یەکتر قورستر بکەین؟ ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە وەک تۆپێکی ئاگرینە وایە، تۆ بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت هەڵیدەدەیت بە دیوارێکی ئاسنیندا، لە دواییدا هەر دەگەڕێتەوە بۆ خۆت و هەر خۆت دەسوتێنێت، ئەوەی دڵی خۆشە و پێدەکەنێت لەودیو ئەو دیوارەوەن، ئاخر تۆ بەو جۆرە هەر خۆت داخدار دەکەیت.
با تۆش وەک ئەوان پێبکەنیت و دەم بە خەندە بیت، تکایە چێژ وەرگرە لە هەموو شتێک، ڕک و کینە ئێنێرژییەکی خراپە و یەخەوبەرۆکی خۆت و دەوروپشتت دەگرێتەوە، بە پێچەوانەوە پێکەنین و خۆشەویستی ئێنێرژییەکی باشە و هەمدیس یەخەوبەرۆکی خۆت و دەوروپشتت دەگرێتەوە، بۆ باشە و خۆشی ژیان هەوڵبدە با خۆشت باش و دڵ خۆش بیت نە ک بۆ خراپە و دڵتەنگی.
کاتێک کیژۆڵەیەکی نازدار نەیزانی پایتەختی چیلی کوێیه، هەمووان کردیانە هەرا و کەمکردنەوەی کەسایەتی ئەم کیژۆڵە ناسکە، وەک وابێت هەموو کورد بەیەک جار بزانن پایتەختی چیلی کوێیه ، بەڵام کەس لە خۆیی نەپرسی ئایا من خۆم دەمزانی ؟ ئایا دەزانم پایتەختی ئۆگەندا کوێیه؟ ئەی پایتەختی پیرۆ؟ ئەی بەرازیل؟
هەڵەی ئەو کیژۆڵەیە ئەوە نەبوو کە نەیدەزانی پایتەختی چیلی کوێیه وەک زۆرینەی ئێمە، بەڵکو ئەوەبوو کە نەیگووت نازانم، ئەویش هەر لەبەر ئەوەیە کە هەمووان دەڵێن هەموو شتێک دەزانین و کەسیش نییە هەموو شتێک بزانێت.
هەر پاش دوو رۆژ تەرمی گەورە و زانای کورد پرۆفیسۆر جەمال نەبەزیان بە خاک سپارد لە سلێمانی، لەسەر داواکاری و بیر و باوەڕ و ئایینی خۆی، هەرچەندە لە کاتێکدا کە پرسیارێک ڕووبەڕووی هەر تاکێک لەو گەنجانە بکرێت، لە بۆنەیەکدا یاخود لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی هەمووان دەبنە پیاوچاک و یەکتری قبوڵکار، هەروەها ئاشکرا کردنی برایەتی موسڵمانان و کریست، جو و هەموو کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکانیدی، بەڵام لە پشت کۆمپیوتەرەکەیەوە کە کەسایەتییە ڕاستەقینەکەی دەردەکەوێت بە تەواوی دژی ئەو ئایین و نەتەوانە قیت دەبێتەوە و دەبێتە ووتەبێژی خودای مەزن و لەجێگەی هەموو پەرییەکانی ئەسمان ئەم دەنێرێتە بەهەشت و ئەویتریان هەڵدەگرێت بۆ جهەنەم، بەمجۆرەش خۆی ئامادە دەکات بۆ بەهەشت.
ڕک و کینە لە زیندوو، لە مردوو، لە جوان، لە هونەر و هونەرمەند، لە بێژەر و لە مامۆستا و لە دکتۆر، لە نوسەر، لە هەرکەسێک وەک ئەو بیرنەکاتەوە، تەنها نابێت بە دیاردە هەژمار بکرێت، بەڵکو بە نەخۆشییەکی دەروونی، کە دەبێت کەسی شارەزا بنەماکەی و چارەسەرەکەی بدۆزێتەوە.
ئەمانە هەمووی دیاردەیەکی ناشرین و ترسناکە، دایکان و باوکان بەرپرسیاری یەکەمن لەم دیاردەیە یاخود ئەم نەخۆشییە دەرونییە، هەروەها پێویستمان بە هەڵمەتێکی فراوانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە قێزوێنە.
هیوادارم ئەم نوسینە بگاتە جێگەی خۆی بۆ چارەسەرەکردنی ئەم هەڵانە بۆ داهاتووەیەکی تەندرووستی کۆمەڵگە.
بیرۆکەکەم لە کاک مستەفا ستوونی وەرگرتووە


Top