رەخنە لە ئەمەریکا مەگرن و خۆتان سەرزەنشت بکەن
December 22, 2018
وتار و بیروڕا
رەخنە لە ئەمەریکا دەگرن و دەڵێن: ئەمەریکا بێوەفایە کە لە سوریا دەکشێتەوە، ئەمەریکا راوچی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی، دوو وڵات یان دوو لایەن تا ئەو شوێنە دۆست و هاوپەیمان دەبن کە بەرژەوەندیەکانیان هاوئاراستەن، هەر کاتێک بەرژەوەندیەکان ئاراستەی جیاوازیان وەرگرت ئەو دۆستایەتی و هاوپەیمانی نامێنێ و زۆر جاران دۆستایەتیەکە دەبێتە دوژمنایەتیش.
ئێمەی کورد رەخنە لە ئەمەریکا دەگرین گوایە دۆست و هاوپەیمانێکی درۆزن بوو، ئەی بۆ سەرزەنشتی خۆمان نەکەین کە وەک کورد لە باشوو و باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا هاوچارەنووسین، کەچی لە پێناو بەرژەوەندی کەسی یان حزبی پشت لە یەکتری دەکەین و پاڵ بە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەدەین.
لە رۆژئاوا ئەو گرووپی کوردی دژایەتی ئەو گرووپی کوردی دەکا و لەگەڵ رژێمە داگیرکارەکەی بەعسیش دەچێتە جێژوانی هاوپەمانێتی، لە باشووریش گرووپی کوردی هەیە دژی خواست و ئیرادەی سەربەخۆخوازان دەوەستێتەوە، دەبێتە چاوساغی دوژمنان و موزایەدەش بەسەر پارێزەرانی وڵاتدا دەکات، شیوەن بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگێڕێ و کوردستانیان بە تاوانبار و پیلانگێڕ ناو دەبات، هەر ئەوانەش رەخنە لە ئەمەریکا دەگرن و بە بێوەفا ناوی دەبەن، ئێ.. کە تۆ وەفات بۆ خاک و گەل و مێژووی پڕ کارەساتی خۆت نەبێ، چۆن و بە چ هەقێک گلەیی لەم وڵات و ئەو وڵات دەکەی و بە بێوەفا ناویان دەبەی؟