چارەکە سەدەی رابردوویی حکومرانی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغی سەخت و ھەستیاردا گوزەری کردووە کە ئەگەر بە ھیمەت و شارەزایی و لێھاتوویی سەرکردایەیی سیاسی کوردستان نەبوایە ، مەحاڵ بوو ، کوردستان لەو قۆناغە سەختە بە ئاسانی دەربازی بێ .دوای راپەڕێنە شکۆمەندەکە ١٩٩١ تا ئێستا باشووری کوردستان بە قۆناغی جیاجیا گوزەری کردووە، لە ھەموو بوارەکانەوە پێشکەوتنی بەرچاو بەدی دەکرێت، ئەم دەستەکەوتانەش لە خۆڕاو بێ ماندووبوون نەھاتۆتە ئاراوە. کارەکتەری بەرچاو و لێھاتوو لە قۆناغە جیاوازەکان ئەرکی قورسیان خستۆتە سەر شانیان و ئەم کیانەیان بەڕێوەبردووە، بەسەر کۆسپی گەورەی ناوەخۆ و دەرەکی سەرکەوتن.ئەمە جگە لە دۆخی خەراپی ئابووری لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩١ تا کۆتایی ٢٠٠٤، کە بە تەواوەتی رێگر بوو لە گەشەکردنی کوردستان لە ھەموو سکتەرەکانەوە.دوای ٢٠٠٥ دووبارە شەڕ پێفرۆشتنی بەغدامان بینی بە شیعە و سوونەوە، بڕینی بوودجە و قوتی خەڵک و بە پلە سێ و چوار سەیر کردنی نەتەوەی کورد و کارکردن بۆ لەباربردنی کیانی سیاسی کوردستان و جێبەجێ نەکردنی ماددە دەستوورییەکان و بەردەوامی دان بە سیاسەتی رژێمی بەعس بەڵام لە ژێر ناوێکی دیکە لە دژی کورد.بەر لە ھێرشی داعش لەشکر کێشی ھێزەکانی عێراقمان بینی بۆ شەڕ کردن دژی خواست و ئیڕادەی نەتەوەی کورد لە کەرکووک، دەرکردنی کوردە پلەدارەکانی سەربازیمان بینی لە نێو رێزەکانی عێراق تا رادەیی رێژەیان کمتر بوو لە ٢%. بێ دەستەڵات کردنی نوێنەرانی کوردمان بینی لە بەغدا کە نموونەی ھەڕە بەرچاوی لێسەندنەوەی متمانە بوو لە ھۆشیار زێباری بە فیتی نەیارانی پارتی.ھەروەھا پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان ھەنگاوێکی ستراتیژی تر بوو بۆ پاراستنی مێژوو و دەسکەوتەکان کە ئەندازیارەکەی بەرێز مەسرووربارزانیی بوو کە لە ئێستادا کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ سەرۆکی حکومەتی کوردستان . لەلایەکی ترەوە ھاتنی داعش و ئاوارەکان و کارەساتی جەڕگبڕی شەنگاڵ و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێممان بینی، ھەروەک چۆن بەرگری پێشمەرگەشمان بینی بە سەرۆکایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، دواتریش ھێرشی ناڕەوا و نایاسایی ھێزەکانی سەربازی عێراق و میلیشاکانی حەشدی شەعبیمان بینی. کاردانەوەی ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانیشمان دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧مان بینی کە چۆن کوردستان تا سەر لێوار نەمان بردرا.رزگار کردنی نەتەوەی کورد لە ھەموو ئەو مەترسییانەی رووبەرووی بوونەوە عەقل و ئازایەتی و ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی دەویست.کە لە سایەی سیاسەتی راست و دروستی سەرۆک بارزانی توانرا کوردستان رزگار بکرێت، بێ گومان کەسانی لێھاتوو دەورێکی کارایان ھەبوو بۆ نەھێشتنی ئەو مەترسییانەی ھەبوون، چونکە ئەم پڕۆسانە بە عەقلی گرووپگەرایی دەکرێت.بەڵام کەسیان وەک رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت ھەرێمی کوردستان نەیتوانی ھەم لە بونیادنانی حکومەتی ھەرێم و ھەمیش لە رزگار کردنی ئەم کیانە دەوری کاراتر بگێرێت.بێ گومان بونیادنان کارێکی زۆر ئەستەمە، بە تایبەتی لە دۆخێکی وادا کە کورد تێداگوزەری کردووە، بەڕێوەبردن و بە دامەزراوەیی کردنی دامەزراوەکانیش بەھەمانشێوە ئەرکێکی قورسە، بە تایبەتی کە بەشێکی زۆری بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی وەڵات تا بنەقاقایان لە گەندەڵییەوە تێوەگڵابن و وەک مافیایان لێ ھاتبێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی کۆڵی نەدا، توانی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی ئابووری جیھانی و لە رووی نەوت و سامانە سرووشتییەوە، تا بۆی کرابێت ھەوڵی بە دامەزراوەیی کردنی حکومەتی داوە، لە رووی سیاسییەوە توانی دەورپێچی سیاسی و ئابووری سەر ھەرێمی کوردستان لە پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر بشکێنێت و جارێکی دیکە کوردستان ببێتەوە خاوەن پێگەیەکی جیھانی کە لە مەترسی نەماندا بوو. پەیوەندییە ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانییەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ئاستێکی وایە کە دەتوانێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەکان و بەرەو پێش بردنی کیانەکەمان. بۆیە، دەتوانین بڵێین کە بە بێ سەرکردایەتی بارزانیی تێکشکاندنی پیلانگێری و پاراستنی دەسکەوتەکان مەحاڵ بوو..