.دوای دەیان ساڵ خەبات و تێكۆشانی رزگاریخوازی و رەتكردنەوەی ژێر دەستی و نەگۆرینی عەقلییەتی دواكەوتوو و دیكتاتۆری دەسەڵاتدارانی بەغدا هاوشێوەی رابردوو، گەلی كورد رۆژی 25/9/2017لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەنگیاندا و بەرێژەی 93%كوردستانیان سەربەخۆییان هەڵبژارد و داوای جیا بوونەوەیان لە عێراقێكی بەناو یەكگرتوو كرد، كە ساڵەهای ساڵە تاوان و ناحەقی بەرامبەر خەلكی كوردستان ئەنجام دەدات .خەڵكی كوردستان لەوەتەی هەیە هیچ خۆشییەكی لەگەڵ عێراق نە بینیوە، تەنیا ئازار و مەینەتی و كارەسات نەبێت، هۆی سەرەكی ئەو نەهامەتی و ئازارانەی كە بەسەر گەلی كورد هاتوون ڕژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق بووە و هەریەكەیان لە ژێر ناوێك و بیانوویەك كوردیان چەوساندۆتەوە و هەوڵی لەناوبردنی كوردیان داوە، هەموو جۆرە مردنێكیان لە سەر تاقیكردۆتەوە تا دەگات بە ئەنفال و كیمیاباران و زیندە بەچاڵ و هتد...كاتێ گەلی كوردستان بڕیار دەدات كە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و بەشێوەیەكی ئاشتیانە تەعبیر لە بۆچوونی خۆی بكات، لەلایەن عێراق بەزمانی هەڕەشە و گەمارۆخستنە سەركوردستان و ئابڵوقەدان و سزادانی گەلی كورد وەڵام دەدرێنەوە و دژی ئەم خواستەی گەلی كورد دەوەستنەوە كە چەندین ساڵە قوربانی ئەدات لەو پێناوەیا و كوردیش وەك هەرگەلێكی تری سەر زەوی حەزدەكات بەئاشتی و ئازادی بژیت و ئەوخوێنەی چەندین ساڵە بە خشیویەتی بە فیڕۆ نەچێت و بگات بەو خەونەی كە ساڵانێكی زۆرە خەوی پێوە دەبینێ. ئەنجامی ڕیفراندۆمیش حەقیقەتی ڕاستیەكی تاڵ بوو بۆ دووژمنان و لەو ڕێیەوە ڕووی ڕاستەقینەیان جارێكی تر پیشان داینەوە، كەئەو فەرهەنگەی چەندین ساڵە لە لایەن ڕژیمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پەیڕەوی دەكەن و دژایەتی كوردی پێ دەكەن تائێستاش هەر بەردەوامە و درێژەی هەیە.!ئەوەی كە لە دەستیان هاتبێت لە دژی گەلی كورد بەكاریان هێناوە و دەستیان نەپاراستووە، وەئەوەی بۆ خۆیان حەڵاڵە بۆ كوردیان حەرام كردووە، چونكە خۆیان خاوەنی 22 دەوڵەتی عەرەبین، بەڵام دەوڵەتێكیان بۆ كورد پێ ڕەوانیە..وەك بڵێی دەبێت ژێردەستەی ئەوانبین، بەڵام ڕیفراندۆم و ئەنجامەكەشی پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو ناحەزان و دوژمنان كە كورد خاوەنی ئیرادەیە و تەسلیمی هیچ دوژمنێك نابێت كە بیەوێ ئیرادەیان بشكێنێت و شەڕی ئیرادە لە گەڵ كورد بكات. ئێستا دوای ئەو رووداوانە جارێكی تر سەركردایەتیی سیاسی كورد ، دەرفەتێكی بە دەسەڵاتدارانی بەغدا داوە تا دەستبەرداری بیری دیكتاتۆری و خۆسەپاندن بن و مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد جێبەجێی بكەن و چیتر سیاسەتی پەراوێز خستن و پاشگوێ خستن نەگرنە بەر ، چونكە ئیتر سەردەمی نكۆڵی كردن و سرٍینەوەی گەلی كورد بە كۆتاهاتووە ...سەردان و بانگهێشتە فەرمییەكان بۆ هەرێمی كوردستان ، ئاماژەیەكی روونن بۆ قورسایی و پێگەی گەلی كورد و هەرێمی كوردستان كە ئەندازیارەكەی سەرۆك مسعود بارزانییە ، كە توانیی لە ماوەی رابردوو رووبەرووی سەخت ترین و پیس ترین پیلانگێرییەكان لەدژی گەلی كورد ببێتەوە.سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەركردەكانی عێراق ئەوە دەسەڵمێنێت كە زۆرجار گوتوومانە، مێژوو سەركردە دروست دەكات، لە ساڵی هەشتاكانەوە وەرە سەرۆك بارزانی لە عێراق و ناوچەكە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە، ڕەنگە هەندێك لایەن باس لەوە بكەن، سەرۆك بارزانی تا ئێستا بانگەشەی بۆ سەربەخۆی كوردستان دەكرد، هەر لەبەر ئەوەش ریفراندۆمی ئەنجامدا، ئەوانە بە هەڵە سیاسەتی سەرۆك بارزانی دەخوێنەوە، چونكە پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم سەرۆك بارزانی بەردەوام جەختی لەوە دەكردەوە یەكەم هەنگاو دوای ریفراندۆم دەبێت دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بكەین، هەتا ئێمە بەشێك بین لە عێراق، بۆیە تاكە ڕێگا ئەوەیە كە هەولێر و بەغدا دانوستاندن بكەن. ئەو پێشوازیە گەرمەی كە لە سەرۆك بارزانی كرا، نیشانەی ئەوەیە كە هەموو لایەنە عێراقییەكان چاوەڕوانی ئەوە دەكەن كە سەرۆك بارزانی دەستپێشخەرییەك ڕابگەیەنێت و لایەنە عێراقییەكان كۆبكاتەوە و چارەسەرێك بۆ بارودۆخی عێراق بدۆزێتەوە. ئەو لایەنانەی وا بیریان دەكردەوە كە پاش 16ی ئۆكتۆبەر دەتوانن كیانی هەرێمی كوردستان، كە كیانێكی دەستوورییە لاواز بكەن و نەمێنێت، هەتا سەركردایەتی كورد لە كوردستان كە سەرۆك بارزانی و پارتیە، بەركەنار دەكەن، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە كە ئەوە بۆ ئەوان خەیال بووە، بۆیە كەسی عاقل زەحمەتە جارێكی دیكە پەنا بباتە بەر ئەو شتانەی كە لە دوای 16 ئۆكتۆبەر كران. سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەس دەبێت بەغداش بێتە پێشەوە و دەرس لە رابردوو وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ڕێگایەك هەبێت كە ئێمە نزیك بكاتەوە لە چارە كردنی كێشەكان سەرۆك بارزانی یەكێكە لەو ڕێگانە. هەموو دنیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و هەموو وڵاتان هیوادارن كە ببێتە هۆكاری چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام جێگەی داخە لایەنێكی كوردستانی و هەندێك كەسی دیكە، پڕۆپاگەندە بڵاو دەكەنەوە، هیوادارم بۆ ئەوان دەرسێك بێت، چونكە لایەنەكانی دیكە هیچ نەما كە نەكەن دژی پارتی و سەرۆك بارزانی، بۆ ئەوەی پێگەی پارتی و سەرۆك بارزانی لاواز بكەن، بۆیە هیوادارم دەرسێك لە رابردوو وەربگرن و چۆن لە بەغدا لایەنی عەرەبی گەیشتووەتە ئەو بڕوایە كە تاكە چارەسەر گفتوگۆ و چارەكردنی كێشەكانە، هیوادارم لایەنە كوردستانییەكانیش بگەنە ئەو ئاستە و واز لە بیركردنەوەی تەسكی حزبی بهێنن، تەنیا بەر پێی خۆیان زیاتر نابینن، بە ئەركی خۆیان دەزانن، كە ڕێگە نەدەن هیچ شتێك بۆ كوردستان لە ڕێگەی پارتی و سەرۆك بارزانییەوە بە دەست بهێت، بۆیە چاوەڕوانكراو بوو كە هەندێك لایەن ژی سەردانی سەرۆك بارزانی بوەستنەوە، بەڵام ئەو هەڵبژاردنانەی ئەمساڵ كە كران ئەوە دەریخست كە ئەو كەسانەی گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد دەنگیان زیاتر دەبێت و ئیمتیازاتی زیاتر وەردەگرن، لە ڕێگەی دژایەتیكردنی پارتی و سەرۆك بارزانی، گەلی كورد ئەوانی سزادا. بۆیە كاتێ كێشەی بوودجە كە دەستی پێ كرد، بەغدا پێگر نەبوو بە ڕێككەوتنەكان و هەرێمی ناچار كرد كە ڕێگە چارەیەك بدۆزێتەوە، بۆ دابینكردنی بژێوی خەڵكی كوردستان، ناردنی نەوت بۆ دەرەوە هۆكارەكەشی هەر ئەوە بوو، بەڵام بە هەبوونی عادل عەبدولمەهدی ڕێگە خۆشتر دەبێت كە بگەنە ڕێككەوتن و ئەو ڕێككەوتنەش لە بەرەژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت، نەك وەكو ئەوەی كە لە ساڵانی رابردوو هەرێم هەموو نەوتی خۆی تەسلیمی سۆمۆ دەكرد و چارێكە بوودجەیەك بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرا، ئەگەر ئەوە بكرێت دەگەڕێینەوە خاڵی سفر، بەتایبەتی كێشەی بوودجە و ماددەی 140 و پێشمەرگە.. ئیتر سەردانی سەرۆك بارزانیی بۆ بەغدا ئاماژەیەكی روون بۆ بۆ بەغدا و هەموو جیهان لەوەی نییەتی كورد بەرامبەر بەغدا روون و ئاشكرایە و گەر ئەمجارە بەغدا پابەندی جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی كورد نەبێ ،جیابوونەوە مسۆگەر دەبێ..