ئەوەی خزمەت بکات ئەو مەزنە

ئەوەی خزمەت بکات ئەو مەزنە

ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ندێک به‌ڕێز له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایەتییه‌كان و هه‌ندێ سایت، باسی گۆڕانكارییه‌كانی پێشبینیکراوی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن، هه‌ندێ له‌و به‌ڕێزانه‌ش ناوی به‌نده‌ ده‌هێنن كه‌ كاندیدی وه‌رگرتنی پۆست بم لەو کابینەیە،
بۆ ئاگاداری به‌ڕێزتان تاكو ئێستا هیچ شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ فه‌رمی له‌گه‌ڵ من باس نه‌كراوه‌، خۆم له‌ ژیانم داوای هیچ پۆست و پایه‌كم نه‌كردووه‌، هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ پۆست و پایه‌ نییه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی لای من خزمه‌تكردن مه‌بەسته‌، ئه‌و باوه‌ڕه‌شم ساڵانێكه‌ بۆ دروست بووه‌، له‌و كاته‌ی كه‌ له‌ كۆتایی ساڵانی هه‌شتا‌كان كه‌سێك له‌ باوكمی پرسی، (مام حالی) گه‌ورایه‌تی (مه‌زنایه‌تی) له‌ نێو بارزانییه‌كان چۆنه‌؟ باوكم وەڵامی دایه‌وه‌ و گوتی ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بكات ئه‌و مه‌زنه‌، ئه‌وه‌ش له‌ مێژوو و ژیان و خه‌باتی ڕاسته‌قینه‌ی بارزانییه‌كان ڕه‌نگی داوەتەوە‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر گه‌یشتبوونه‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی به‌ خزمه‌ت و ماندوو بوون و خه‌بات و تێكۆشان بووه‌.
زۆر جار ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنانه‌م دێنه‌وه‌ یاد كه‌ هه‌ر كات هاوڕێیه‌كیان شه‌هید ده‌بوو گله‌ییان ده‌كرد و له‌ خوا ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ گوله‌یه‌كیش ببێت به‌ به‌شیان و شەهید ببن.
هه‌ر بۆیه‌ لای من یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌ جێگای بایه‌خ نه‌ بووه‌ پۆست و پایه‌ بووه‌، لای خۆم ئه‌و باوه‌ڕه‌ له‌ قوڵایی ناخمەوە جێگیر بووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بكات ئه‌و مه‌زنه‌ و به‌رپرسیارێتیش ئه‌ركه‌ نه‌ك ماف، تاكو كاری فه‌رمی ده‌كه‌م له‌ پۆست و پایه‌ی نزمتر بم نیگه‌ران نابم، له‌ ئاست پۆستی ئێستا بم بێ هیواو و نائومێد نابم ، پۆست و پایه‌ی گه‌وره‌تریش وه‌ربگرم مه‌غرور و له‌ خۆبایی نابم، چونكه‌ پله‌ به‌ پله‌ گه‌یشتوومه‌ته‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی و كار و ئه‌ركی من هه‌میشه‌ خزمه‌ت كردنی گه‌ل و نیشتمان ده‌بێت .
هه‌میشه‌ و بەردەوام حه‌زم كردووه‌ خه‌لكی به‌ توانا و پاك و دڵسۆز پێشبكه‌ون و ئه‌ركیان پێ بسپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كارێكی دامه‌زراوه‌یی باشتر ئه‌نجام بده‌ن و خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان بكه‌ن.
Top