قوتابخانەی كوردایەتیی لە پێناو كوردستانێكی بەهێزو سەربەخۆ دامەزرا ..

قوتابخانەی كوردایەتیی لە پێناو كوردستانێكی بەهێزو سەربەخۆ دامەزرا ..
لەو كاتەوەی مستەفا بارزانی شۆڕشی لەسەر بنەمای پێناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی، رەتكردنەوەی ناوچەگەری و جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی بە كۆڵەگەی یەكەمی شۆڕشی سەرتاسەری كوردستان دەستنیشان كردووە، كوردایەتی هەوێنی شۆڕشەكانی كوردستان بووە، ئەوجا ئەو شۆڕشە شۆڕشی دووەمی بارزان بووبێت، یان بەشداریی مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی بووبێت لە پاراستنی كۆماری كوردستاندا، یاخود شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووبێت.كوردایەتی لە میتۆد و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا، پێناسەكردنەوەی ئەو چەوسانەوەو زوڵم و زۆر و غەدرە بووە كە داگیركارانی كوردستان هەوڵیانداوە وەك ئیرادەیەكی دەرەكی، ئیرادەی خۆیان بەسەر تەواوی گەلی كوردستاندا بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و چینایەتییەوە بسەپێنن و هەموو تاكەكانی كوردستان ملكەچ و بێ ئیرادە بكەن. ئەمەش بەو مانایەی هاووڵاتیانی كوردستان سەر بەهەر نەتەوەیەك، یان ئایینێك بووبن، یاخود هەژار بن، یان دەوڵەمەند، هەموویان وەك یەك لەژێر زەبری چەوسانەوەو رەفتاری داگیركاراندا وەكو یەك چەوسێندراونەتەوە، بۆیە قۆناخی خەبات و قوربانیدان بۆ رزگاری و سەرفرازیی یەكجارەكی، قۆناخی یەكڕیزی و تەبایی و یەكخستنی هەموو توانا و جیاوازییەكان بووە بۆ ئەوەی لەژێر دەستی داگیركاران رزگاریان بێت و گەلی كوردستان كیان و ناسنامەیەكی تایبەت بۆ خۆیان دروست بكەن.لەسەر ئەم بنەمایە، گشت تێكۆشان و بەرخۆدانەكان تا ئێستا بە هاوشێوەی شۆڕشی بارزان و پاراستی كۆماری كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول، سەرچاوەی هێز و ئیرادەی گەلی كوردستانی لە پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و پێكەوەژیانی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان سەیردەكرد، كە زۆر جار ئەم بەرەیە فراوانتریش دەبوو، ئەو هێزە عێراقییانەشی لە خۆی دەگرت كە دژی رژێمی دیكتاتۆری لە كوردستانەوە خەباتیان دەكرد، بۆیە، گشت تێكۆشانە بەردەوامەكان هەموو لە پێناو یەكریزی گشت هێز ولاینە سیاسییەكان و دواتر بەدەسهێنانی مافەرەواكانی كوردستانە .بە درێژایی مێژووی خەباتی پر شانازی هەر لە شۆرشەكانی كانی رابردوو تا پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵ و ئامانجی بۆ ئەوە بووە كە رایەڵەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی جیاوازییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و فرەیی و هاوخەباتی لەنێوان حزبەكاندا بەردەوامی هەبێت، هەر بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شۆڕشی گوڵان، هیچ كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنیا لەبەرەیەك نەبووەو لایەنەكانی دیكە لەبەرەیەكی دیكەدا بووبێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەر لایەنێكی سیاسی بە مەبەست و بە ئەنقەست و لە پێناوی بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆی هەوڵیدابێت، ململانێی شكۆ و نفوزی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، ئەوا ئەو لایەنە بەتەنیا لە بەرەیەكدا بووەو پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی حزبە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان لەبەرەیەكی دیكەدا بوون. ئەم ئاماژەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی ناسۆرەكانی ناكۆكییەكانی سەردەمی خەباتی چەكداری لە شاخ نییە، بەڵكو بۆ وەرگرتنی پەندو وانەی ئەو مێژووەیە كە فێرمان دەكات، لە قۆناخی رزگاری نیشتمانی و پێش دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، فاكتەری سەرەكی بۆ بوون و مانەوەی نەتەوە، تەنیاو تەنیا یەكڕیزی و تەبایی و هاوخەباتیی نێوان تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بۆ ئەمەش ئەزموونی بەرەی كوردستانی كە لە رۆژە سەختەكانی ئەنفال و كیمیاباراندا دروست بوو، دەریخست یەك ئیرادەیی و یەكڕیزی و هاوخەباتی لە پێناوی كوردایەتی ئەو توانایەی هەیە هەموو بەربەستەكان لابەرێت و بەرەو ئاسۆیەكی گەش بۆ كوردستان هەنگاو هەڵبگرێت. كە ئەم ئاسۆیەش لە راپەڕینی بەهاری 1991 خۆی بەرجەستە كردو پاشانیش هەر لەسەر بنەمای ئەم ئیرادەیە، هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجامدراو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێندران. دواتر چەسپاندنی فیدراڵی و ئینجا هەنگاونان بەرەو مافی چارەی خۆنووسین و بە دەسهێنانی دەوڵەتبوونی كوردستان.واقیعی ئێستای كوردستان سەردەمێكی نوێ و قۆناخێكی جیاوازە لە قۆناخەكانی پێشتری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و، ئێستای كوردستان بۆتە ئەو چراخانەی كە تەواوی مێژووی شۆڕش و خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان رووناك دەكاتەوە، بەردەوامیی ئەم ئێستایەی كوردستان و هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئایندەیەكی رۆشنتر، بەندە بە پابەندبوون بەو پرەنسیبی تەواوی شۆڕشەكانی كوردستان بۆ ئامانجی سەربەخۆیی پێكەوە كۆدەكاتەوە، دیارە ئەو پرەنیسیبانەش هەر هەموویان جەخت لەسەر یەكڕیزی و رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز و تەبایی و هاوخەباتیی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەنەوە بۆ گەیشتن بە دوائامانج كە سەربەخۆیی و سەرفرازی یەكجارەكی خەڵكی كوردستانە.بۆ ئێستای كوردستان بارودۆخێكی ئەوتۆی نێودەوڵەتی هاتۆتەپێشەوە كە پێشتر لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا وێنەی نەبووە، بۆیە لەناو ئەم بارودۆخەدا سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە ئامادەباشیدایەلە پێناو كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهێز و زەمینەسازی لە پێناو كیانێكی سەربەخۆ. بۆیە ،رەوشەكە دەخوازێت و پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، دەبێت هەموو حزبەكان كێشە و ناكۆكییە لاوەكییەكانیان بخەنەلاوە. كار بۆ یەكهەڵوێستی و بەهێزبوونی كوردستان بكەین . ئەگەر ئاورێكی خێرا لە مێژوو و رابردوومان بدەینەوە و باوەرێكی پتەومان بەو خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانەی دوێنی ئەمرۆ هەبێ‌ ، دەبێ‌ ئەو راستییە بزانین كە ئامانج لە دروستبوونی حزب و خەبات و سیاسی و سەربازی دوێنی و ئەمرۆمان هەموو كورد لەیەك بازنە دا كۆدەكاتەوە و بۆ ئامانجێك بووە ئەویش بەرژوەندییە باڵاكانی گەلی كورد و بەدەستهێنانی دەوڵەتی كوردستان ،ئیتر بە گوێرەی بارودۆخ و رەوشی هەر بەشێكی كوردستان ، دەبێ‌ تێبكۆشین و بە جیدی هەوڵەكان چرٍ بكرێنەوە تا چیتر گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی ماف داگیركراویی 40 میلیۆنی چیتر بە هۆی بێ‌ دەوڵەتییەوە لە ژێر هەرەشە و گوشار و چەوسانەوەی داگیركەران و بەرژوەندیی زڵهێزان نەبێ‌ . لەم سەردەمەدا پێویستە، تەوەری سەرەكیی خەبات ‌و تێكۆشانی گەلی كورد هزری‏ نەتەوەخوازی ‌و پێناسەی نەتەوەیی، بەرژەوەندی نەتەوەیی، سەروەری نەتەوەیی، ئاسایشی نەتەوەیی ‌و سەلماندن ‌و چەسپاندنی مافی دیاری كردنی چارەنووسی نەتەوەی كورد بێ‌.
لەم بارودۆخەدا پێویستە، نەتەوەی كورد لە سیاسەتی واقعبینانە ‌و رێئالیستی پەیڕەوی بكات، بۆ هەلومەرجی دیاریكراو هەڵسەنگاندن ‌و لێكدانەوەی دیاری كراوی هەبێ‌، خوێندنەوەی دروستی بۆ باڵانسی هێز ‌و هاوكێشە سیاسییەكان‌ و پێكهاتە و رووداوە جۆراوجۆرە ناوچەیی ‌و جیهانییەكان هەبێ‌، بەگوێرەی هەلومەرجی گونجاو لە هەموو شێوەكانی خەبات ‌و دەرفەتە سیاسییە ناوچەیی ‌و جیهانییەكان كەڵك وەرگرێ‌، میكانیزم‌ و رێكارەكانی خەبات بەپێی پێویست بگۆڕِێ‌، بەها و پڕەنسیپە دێمۆكراتیكەكان نۆژەن بكاتەوە، پەرە بە پێوەندییە نیشتمانییەكان بدات، پێوەندییەكانی لەگەڵ نەتەوەكانی دراوسێ ‌‌و گەلانی ناوچە بەهێز بكات، دیپلۆماسی نێونەتەوەیی بەربڵاو ‌و بەهێزتر بكات ‌و پێوەندیی لەگەڵ زلهێزە بڕیار بەدەستەكانی جیهان پتەوتر بكات.پێویستە لە پێناوی بەرز ‌و بەهێزتر كردنی وشیاری ‌و ئیرادەی یەكگرتوویی سیاسی ‌و هەستی نیشتمانپەروەری ‌و سەلماندنی شوناسی نەتەوەیی كورد، بە شێوازی جۆراوجۆر ‌و شێلگیرانە خەبات بكرێ‌ بۆ ساخ كردنەوە ‌و یەكلایی ‏و بەرجەستە كردنەوەی بەها ‌و هێما نەتەوەییەكانی لە پێناو بەدەسهێنانی دەوڵەتبوونی كوردستان كە تەنها رێگەیە بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە دا ..
Top