کەرکوک فرۆشەکان داوای خۆپیشاندان لە کەرکوکیەکان دەکەن
December 18, 2018
وتار و بیروڕا
بەلای کەرکوک فرۆشەکان کەرکوک ئەو کاتە زۆر ئارام بوو کە ئاڵای کوردستان وەک شکۆی نەتەوەیەک ژێرپێ دەخرا و ئەگەر ئەوکات خۆپیشاندان کرابا، کەرکوک فرۆشەکان دەیانگوت: ئەوە ئاژاوە گێڕییە و دەستی لایەنێکی دیاریکراوی لە پشتە.
کەرکوک ئەو کاتە زۆر ئارام بوو کە پەیکەری پێشمەرگە سووکایەتی پێدەکرا و ئەگەر ئەوکات خۆپیشاندان کرابا، کەرکوک فرۆشەکان دەیانگوت: ئەوانە دژی برایەتی کورد و عەرەبن و دەیانەوێ ئەو برایەتیە تێک بدەن.
کەرکوک ئەو کاتە زۆر ئارام بوو کە وەک قەدەغە کردنی زمانی کوردی نەیان هێشت بەڕیوەبەری پۆلیسی کەرکوک لێدوان بە زمانی کوردی بدات، ئەگەر ئەوکات خۆپیشاندان کرابا، کەرکوک فرۆشەکان دەیانگوت: ئەوە ئاژاوە گێڕییە و ئێمە ئامادە نین لەسەر شتێکی وا بێ بەها کێشە بۆ حکومەت درووست بکەین.
کەرکوک ئەو کاتە زۆر ئارام بوو کە پۆستە کوردیەکان لە کورد وەرگیرانەوە و درانە عەرەب و ئەگەر ئەوکات خۆپیشاندان کرابا، کەرکوک فرۆشەکان دەیانگوت: کەرکوک شارێکی عێراقییە و چۆن سوپای عێراق لە بەسرە هەیە دەبێ لە کەرکوکیش هەبێ.
کەرکوک ئەو کاتە زۆر ئارام بوو کە تەعریب وەک سەردەمی بەعس لە کەرکوک و دەوروبەری دەستی پێکردەوە، ئەگەر ئەوکات خۆپیشاندان کرابا، کەرکوک فرۆشەکان دەیانگوت: کەرکوک شاری هەمووانە و دەبێ بیکەینە نموونەی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان.
کەرکوک فرۆشەکان لە ئاڵای شکۆی نەتەوە و پەیکەری پێشمەرگەی رەمزی بەرگری و شێرپەنجەی تەعریب و زۆر شتی تریان نەپرسیەوە، ئێستا بۆ وەرگرتنی پۆسـتی پارێزگار داوای خۆپیشاندان لەو کەرکوکیانە دەکەن کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هەرزانفرۆشیان کردن.