ئاڵا ناسنامه‌ی گه‌ل و پێناسه‌یه‌ک بۆ نیشتیمان

ئاڵا ناسنامه‌ی گه‌ل و پێناسه‌یه‌ک بۆ نیشتیمان

گه‌لانی دونیا خاوه‌ن ئاڵا و په‌رچه‌می تایبه‌ت به‌خۆیانن، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی شانازی به‌ ئاڵاكانیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن هاوكات سوورن له‌سه‌ر به‌رگریكردن له‌كیانی سیاسی خۆیان له‌ ژێر سایەی ئه‌و ئاڵایه‌، ئالا ناسنامه‌یه‌ هۆی بوونه‌ شوناس و هێمای نه‌ته‌وه‌یه‌.
كورد وه‌ك میلله‌تێكی به‌شمه‌ینه‌ت و به‌شخوراو له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ كۆششیی كردووه‌ بۆ هه‌بوونی حكومه‌تێكی خۆماڵی كوردی له‌ میدیاكانه‌وه‌ بگره‌ تا میرنشینه‌كان دواجاریش كۆماری مه‌زنی كوردستان له‌مهاباد.
(پێشه‌وا قازی محمد) وه‌ك ئه‌مانه‌تێك بۆ كۆماره‌ خێرله‌خۆنه‌دیوه‌كه‌ی به‌ پێویستی زانی ئاڵا وه‌ك پایه‌كی گرینگی ده‌وڵه‌ت به‌فه‌رمی بكرێت ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌نجام ئاڵای كوردستان له‌ به‌رواری( 17/12/1946) له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی كۆماری كوردستان له‌ مهاباد هه‌ڵكرا له‌وكاته‌وه‌ بووه‌ شه‌وه‌زه‌نگی تاریكی له‌ تاریكستانی ڕژێمه‌ داپلۆسێنه‌ره‌كانی ئه‌و كات ئه‌م ئاڵایه‌ی ئێستا هه‌ر له‌كاته‌وه‌ بووه‌ وڕه‌ و هێزی پۆڵاین بۆ ناخی مرۆڤی كورد.
قازی محمد وه‌ختێك ئاڵاكه‌ی وه‌ك ئه‌مانه‌تێك تسلیم به‌ (بارزانی نه‌مر) باوكی روحی نه‌ته‌وه‌ی كورد كرد دڵنیا بوو كه‌ (بارزانی نه‌مر) وه‌ك بیلبیله‌ی چاو پارێزگاری له‌و ئاڵایه‌ ده‌كات و تا دوا دلۆپی خوێن بۆمانه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌ به‌ شه‌كاوه‌یی به‌رگری ده‌كات له‌م باره‌یه‌وه‌ش مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت.
كاتێك له‌ (به‌هاری 1991 ) خه‌ڵكی كوردستان ڕاپه‌رین و كۆڕه‌ویی پیرۆز دژ به‌ڕژێمی به‌عسیزم ده‌كه‌ن ئه‌وا هیچ گومانی تێدانیه‌ ئیلهامیان له‌ پیرۆزی ئاڵای كوردستان وه‌رگرتووه‌ و وه‌ك هێزێكی روحی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌یریانكردووه‌ بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌نجامی راپه‌رین و كۆره‌و ده‌سكه‌وته‌كه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستانه‌ به‌ته‌واوی داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانیه‌وه‌.
مرۆڤی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان شادومانه‌ له‌ژێر ئه‌و په‌رچه‌مه‌ به‌ ئاسوده‌یی ده‌ژیت، ئه‌وه‌ی گرینگه‌ كۆی پارچه‌كانی تری نیشتمان ئه‌و ئاڵایه‌ وه‌ك هێزێكی مه‌عنه‌وی و روحی سه‌یربكه‌ن، تاوه‌كو له‌ حوكمی سته‌مكاری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ڕزگاریان بێت كه‌ تا ئێستا دان به‌ مافی ڕه‌وایی كورد دانانێن و ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدانیه‌ كورد وه‌ك مرۆڤ له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، هه‌میشه‌ به‌رز و شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
Top