گەر هەڵوەستەیەك لە سەر خەبات و تێكۆشانی بزاڤی ڕزگاری خوازی كوردستان بەئاشكرا بۆمان دەردەكەوێت، كە هەرچی دەستكەوتێك گەلی كوردستان بەدەستی هێنابێت لە سایەی هزری نەتەوەیی دیموكراتیدا بووە.لە بزاڤی ڕزگاری خوازی هەر گەل و نەتەوەیەكدا، سەركردایەتی ئەو بزاڤە بە هزری نەتەوەیی دیموكراتی دەسپێردرێت و بەڕێوەدەچێت و بگرە سەركەوتوو دەبێت تاوەكو رۆژی سەرفرازی و ئازادی تەواو.بەبێ بوونی ئەو هزرە و بەهێزبوونی زۆر ئەستەمە كە بزاڤی رزگاری خواز تا سەر سەركەوتن بەدەست بهێنێت، هەرچەندە زۆر ئایدیولۆژیای تر هەوڵی داوە سەركردایەتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلان بكات، بەتایبەتی پاش جەنگی جیهانی دووەم و بەهێزبوونی یەكێتی سۆڤێتی جاران، بەڵام ئەوەش مەرحەلەیەكی كاتی بوو پاش هەڵوەشاندنەوەی سۆڤێت، ئەو جۆرە ئایدیۆلۆژیانەش یان پووكانەوە یان بەرەو پووكانەوە دەچن.پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی دروست بوونیەوە تاوەكو ئەمڕۆ هەمیشە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو هزرە نەتەوەییە دیموكراتییەی كوردستانە هەر بۆیە بەهێزبوونی ئەو هزرە واتای بەهێزبوونی پارتییە و بە پێچەوانەشەوە بەهێزبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێزبوونی هزری نەتەوایەتی دیموكراتییە.دوژمنانی هزری نەتەوایەتی دیموكراتی لە كوردستاندا دوو جۆرن، یەكەمیان دوژمنی دەرەكی یە واتە: ڕژێمە داگیركەرەكانی كوردستان و یاریدەدەرەكانیان لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، كە ئەمانە بەهزری ڕەگەز پەرستی و شۆڤێنی بەرەنگاری هزری نەتەوایەتی دیموكراتی دەبنەوە، بۆ گەلی كوردستانیش ڕوون و ئاشكرایە، لە رۆژی دروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە بەداخەوە گەلی كوردستان بەدەست هزری شۆڤێنی و ڕەگەزپەرەستی حوكم ڕانەكانی عێراقەوە دەناڵنێت، هەر لە شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمرەوە تاوەكو شۆڕشەكانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕین و رووخانی ڕژێمی گۆڕ بەگۆڕی صدام، بەمڕۆشەوە. بێ گومان ئەم حوكمڕانانە هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشیان لەگەڵ بووە.شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و رێككەوتنی "11"ی ئازاری ساڵی1970، شۆڕشی گوڵان و دروست كردنی بەرەی كوردستانی و ڕاپەڕینی بەهاری1991 و هەڵبژاردنی1992ی پەرلەمانی كوردستان و جاڕدانی فیدراڵییەت، رووخاندنی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ و چەسپاندنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە نێو دەستووری عێراق و ناساندنی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. كاتێكیش هزری شۆڤێنی و ڕەگەزپەرست و تایەفەگەری عێراق خۆی لە جێبەجێ كردنی دەستوور دەدزییەوە گرنگ بوو وەڵامی دروستی بدرێتەوە بۆیە هزری نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمیدا، هەرچەندە پۆپۆلیست و ئەنارشیست و هەرزەكارە سیاسییەكان دژی وەستان، بەڵام گەلی كوردستان بە 7/92% دەنگی بە بەڵێ دا.پارتی دیموكراتی كوردستان و هزری نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، هەرگیز پەشیمان نییە لە ریفراندۆم و پاش گەزیش نابێتەوە لە دەنگی گەلی كوردستان. هەروەها خەباتی بۆ دەكات لە كوردستان و بەغدا و جیهانیشدا تا ئەو رۆژەی هەموو مافە رەواكانی گەلی كوردستان بەدی دێن لەسەر بنەمای جێبەجێ كردنی هەموو خاڵە دەستوورییەكان، كە پەیوەستن بەمافی ڕەوای گەلی كوردستانەوە. خۆ ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەكرا ئەوا بێگومان پارتی و هزری نەتەوەیی دیموكراتی هەڵوێستی تریان دەبێت.كەواتە هەركاتێك هزری نەتەوەیی دیموكراتی لە كوردستاندا بەهێزبێت ئەوا دەستكەوتەكان زیاتر دەبن و گەشە دەكەن بۆ كوردستان و كوردستانیان، بێگومان هەركاتێكیش ئەو هزرە لاواز بوو دەسكەوتەكان و پێشكەوتنەكانی كوردستان و گەلەكەمان پاشەكشە دەكەن و لاواز دەبن.هەر بۆیە هزروبیری گێرەشێوێن و چاواشەكار و هەڵەوەڕی ناوخۆی كوردستان دەچنە پاڵ شۆڤێنی و ڕەگەزپەرست و تایەفە گەرەكانی داگیركەران بەمەبەستی لاوازكردنی بیروهزری نەتەوەیی دیموكراتی لە كوردستاندا، بەڵام جەماوەری گەلی كوردستان وشیارە و باش ئەم مەسەلەیەی خوێندۆتەوە. ئەوانەی هەموو شعار و داواكارییەكانیان تێكدان و ڕووخاندنە و، هەر بڕوخێ و نەمێنێ یە، هەرگیز ناتوانن دوو بەردی دروست بەسەر یەكەوە بنێن، جا نەخاسمە سەرفرازی و ئازادی و سەربەخۆیی و دیموكراسی و ئاوەدانی لە كوردستاندا بنیات بنێن و بەرجەستەی بكەن. پێگەی سەرۆك بارزانی و قورسایی لە گۆڕانكاری و ئایندەی ناوچەكە بەهەند وەردەگیرێت ئەوەش لەبەر چەندین هۆكاری گرنگ وەك كەسایەتی و رۆڵ و تێڕوانین و خوێندنەوەی سەرۆك بۆ پێشهاتەكان و كاریگەری پارتی و سەرۆك لەسەر گۆڕەپانەكە و مێژوو خەباتی بارزانیەكان وایكردووە لەهەموو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بۆچوونی سەرۆك بارزانی بەهەند وەربگیرێت ،سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەركردە باڵاكانی عێراق، سەردانێكی گرنگ بوو، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەم لەسەر ئاستی دەرەوە دەنگی دایەوە، ئەمریكا، ئێران، هەتا وڵاتانی دیكە پێشوازیان لەو سەردانە كردووە، بۆیە بێ گومان ئەو سەردانە سەردانێكی گرنگ بوو، چونكە پاش ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا كێشەی تێكەوت بوو، بۆیە سەردانی سەرۆك بارزانی هۆكار دەبێت بۆ چارە كردنی هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، پەیوەندییەكان ئاسایی دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی لە بەغداش كێشە هەیە، كە تا ئێستا كابینەی عادل عەبدولمەهدی بە تەواوی تەشكیل نەبووە، دیارە كەسایەتی سەرۆك بارزانی دەوری خۆی دەبینێت لەوەی كە ڕەوشی سیاسی عێراق ئارامی بە خۆیەوە ببینێت و حكوومەت پێك بێت. چونكە بۆ هەمووان ڕوونبۆتەوە كە كلیلی چارەسەری كێشەكان لە كوردستان و عێراق دواتر لای بارزانیە و هەر هەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەكان بەبێ گەڕانەوە و وەرگرتنی سەرنج و بۆچوونەكانی بارزانی هیچ كات ئاكامی نابێت بۆیە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكە و زلهێزەكان ئەمڕۆ بەگرنگیەوە دەڕواننە كەسایەتی و ڕۆڵی بارزانی لە ناوچەكە جا چ بۆ سەقامگیری سیاسی بێت یاخود بۆ چارەسەری كێشەكان لە ناوچەكە لەبەر ئەوەی بارزانی ئەمڕۆ سیمبول و نوێنەرایەتی كوردستانیان هەر چوار پارچە دەكات و كێشەكان لەم وڵاتانە بەبێ گەڕانەوە بۆ مەرجەعی سیاسی و نەتەوەیی كە سەرۆك بارزانیە شتێكی مەحاڵ و بێ هودایە . هەروەها لایەنێكی دیكەی سەردانەكەی سەرۆك لایەنی پتەو كردنی پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابورییەكان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و سود وەرگرتنە لە ئەزموون و شارەزایی ئەوان لە پێشخستنی ئەزموونی كوردستان.