عەلی و لەیلا و ئەی رەقیب

عەلی و لەیلا و ئەی رەقیب
هیچ کوردێکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر نەبووە بە بیستنی ئەی رەقیب خیرەتی کوردبوون و کوردایەتی نەجووڵابێ و هێزی بەرەنگاری و وزەی شۆڕشگێڕی لەو سروودە بەرز و پیرۆزە وەرنەگرتبێ، هیچ داگیرکار و دوژمنێکی کوردیش نەبووە بە بیستنی ئەی رەقیب رانەچڵکابێ و سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەو گەنج و لاوانەی کورد دەرنەکردبێ کە ئەو سروودەیان چڕیبێ، یان گوێگری بووبن.
هەر کەسێک وەک رێز لێنان لە ئەی رەقیب لە کاتی چڕینی بەرزەپێ هەڵنەستێتە سەرپێ، لە کوردبوون و شۆراون و بۆ خزمەتی داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کورد خۆیان یەکلایی کردۆتەوە، عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی یەکێک لەو بەناو کوردانەیە کە هاوشێوەی داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کورد بە بیستنی ئەی رەقیب تەنگاو دەبێ و چاوی دەچنە پشتی سەری.
ئەو ئەمیرە بیر داعشە بە دوژمنایەتی کردنی ئەی رەقیبیش نەوەستاوە و بۆ عەرەبی فەلەستین قوڕ دەپێوێ و دەنگ و بڕیاری خەڵکی ژێردەستە و خواستی سەربەخۆیی کوردستانیش بە سەقەت و تاوان دەزانێ، بۆ بە دیل گیرانی موحەمەد مورسی میسری خۆپیشاندان ساز دەکا و بۆ دیلە پێشمەرگەکانی ناو قەفەسی داعشی تیرۆریستیش ورتەی لێوە نایات، ئەوە پەیوەندی نێوان ئەی رەقیبی کوردان و عەلی باپیری بیر داعش بوو!
ئەی با بزانین پەیوەندی نێوان ئەی رەقیبی کوردان و لەیلا قاسمی گۆش کراوی بیر کوردایەتی و کچە شۆڕشگێری کوردپەروەر چۆنە؟ لەیلا قاسم پێچەوانەی عەلی باپیر و بیر داعشەکان لە کاتی هەڵکشان بەرەو پەتی سێدارەی دوژمن، بە چڕینی ئەی ڕەقیب ژیانی هەتاهەتایی بە مەرگ بەخشی و بە هەڵوێستی کوردانەی وایکرد پەتی سێدارە کڕنۆش بۆ گەردنی ببات، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە عەلی باپیر و هاوبیرەکانی لە بیری داعش بووندا خەیاڵگیر بوون و لەیلا و هاوهەڵوێستەکانیشی لە سەنگەری نەمریدا لەگەڵ ئەی رەقیب دەژین.
Top