بە هەڵە چوون یان بە هەڵە براون؟

بە هەڵە چوون یان بە هەڵە براون؟
ئەوانەی هیچ ئاشنایەتیان لەگەل سەنگەری بەرگری نەبوو، یان ئەوانەی لە سەنگەری خیانەتدا فێری ورتەورتی سیاسەت بوون، ئەوانەی لە بڕیارەکانی مێژووی خەبات و قوربانیدان بێئاگان، یان مێژووی رزگاری نیشتیمانی بێز لە رابردوویان دەکاتەوە، لە بچووکی خۆیانەوە سەیری سەرۆک بارزانیان دەکرد، بۆیە بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کورسی سەرۆک بارزانی گەورە کردووە و ئەگەر کورسیەکە نەمێنی سەرۆک بارزانی بچووک دەبێتەوە.
کورسی نەما و سەرۆک بارزانی هەر بە گەورەیی مایەوە، چونکە ئەوەی سەرۆک بارزانی گەورە کردووە سەنگەری بەرگری بوو لە کوردستان و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان، ئەو مێژووە بوو کە وەرچەرخانی لە خەباتی رزگاری نیشتیمانیدا درووست کرد، نەک وەک ئەوەی بە هەڵە چووەکان پێیان وابوو کە کورسی سەرۆک بارزانی گەورە کردووە.
نازانم ئەوانە بە هەڵە چوون یان دەستێکی دوژمنکارانە لە پشتیانە و بە هەڵەیان بردوون، جا ئەگەر بە هەڵە چوون پێویستە داوای لێبووردن لە سەنگەرەکانی بەرگری بکەن و بۆ ئەوەی چیتر بە هەڵە نەچن پرس و رایەکیش بە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بکەن, خۆ ئەگەر بە هەڵە براون پێویستە لەو راستییە بگەن کە ئەو دەستەی بە هەڵەی بردوون لە ئاستی گەورەییەکەی مامەڵە لەگەڵ گەورەیی سەرۆک بارزانی دەکات، دوا سەردانی بۆ بەغدا و راخستنی فەرشی سوور و ئەو پێشوازیەی لێی کرا، بەڵگەی گەورەیی سەرۆک (بارزانی)یە بەبێ کورسی.
لێرەوە لە سۆنگەی بەزەیی هاتنەوەم بەو بە هەڵە چوانە و بە هەڵە براوانە پێیان دەڵێم: ئینکاری کردن لەگەڵ گەورەیی سەرۆک بارزانی یاخی بوونی زیاترە لە سەنگەرەکانی بەرگری کردن لە کوردستان، ئینکاری کردنی بڕیارەکانی مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانە، چونکە سەرۆک بارزانی لە سەنگەرەکانی بەرگری لە کوردستان و بە بڕیاری مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد گەورە بووە و بە هیچ هێزێک بچوو نابێتەوە، ئەوانەش کە ئیرەیی بە گەورەیی سەرۆک بارزانی دەبەن، ئەگەر زوو فریای خۆیان نەکەون و بەردەوام بن لەسەر یاخی بوونی سەنگەرەکانی بەرگری و ئینکاری کردنی بڕیارەکانی مێژوو، ئەوا رۆژ لە دوای رۆژ بچووک دەبنەوە تا دەگەنە ئەو ئاستەی کە هیچ نامێنن.
Top