بەVIP کردنی خزمەتگوزاریە حکومیەکان جیاکاریەکی نادەستوریە

بەVIP کردنی خزمەتگوزاریە  حکومیەکان جیاکاریەکی نادەستوریە

ھەوڵ و تێکۆشانەکانی مرۆڤ بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی لە پێناوی بەدیھێنانی یەکسانییە لە نێوان تەواوی مرۆڤەکاندا، بۆیە ئێمەی کوردیش داوای ئەوە دەکەین کە لەگەڵ خەڵکی تر یەکسانین بۆیە مافی ئەوەمان ھەیە وەکو ئەوان ببینە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان، ئێمەش مرۆڤین و دەبێت وەکو ھەموو مرۆڤەکانی جیھان کەڕامەتمان پارێزراوبێت. بەڵام سەیرە لەم وڵاتە خێر لەخۆ نەدیوەمان ھەر ڕۆژەی شتێکی سەیر دەبینین، ئەوەی دەمەوێ باسی بکەم خزمەتگوزاری VIPکە کورتکراوەی ( very important person)، کە لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ ئەم خزمەتگوزاریە کراوەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ لەم کارەیان زۆر بە ھەڵەدا چوون، خزمەتگوزاری تایبەت لە کەرتی تایبەت پێشکەش دەکرێت ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام حکومەت موڵکی ھەموو ھاوڵاتیانە بۆیە پێویستە بە یەک چاو سەیری ھەمووان بکات و ھیچ چەشنە جیاوازیەکیان لەنیواندا نەکاتکە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکانیشدا دووپات کراوەتەوە(non-discrimination)، چونکە بەم کارە تۆی ڕق و دووبەرەکی دەخاتە نێو کۆمەڵگا و چینایەتی درووست دەکات، لە لایەکی تریشەوە سوکایەتی و بێڕێزییە بە ھەژاران و کەم دەرامەتانی ئەم وڵاتە، چۆن دەبێت کەسێک لەبەر ئەوەی پارە دەدات بە خێرایی کارەکانی بۆ ڕایی بکەیت، بەڵام ھەژارێک دەبێت چاوەڕوان بکات. بۆ؟ فەرمانگەکە چی گۆڕا کاتێک پارەکەیان دا؟ بۆ شتەکان بە پارە جیاواز دەبن؟ ئەگەر وابێت ئەرکی حکومەتە بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی ئەم خزمەتگوزاریە بەردەست بکات، چونکە ئەمە نە زانکۆی تایبەت و نە قوتابخانەی تایبەتە. بەVIP کردنی خزمەتگوزاریەکانی حکومەت کارێکە پێچەوانەی دەستوورە، چونکە لە ماددەی ١٤ی دەستوری عێڕاقی ساڵی ٢٠٠٥ دەڵێت: (عێڕاقیەکان یەکسانن لە بەرامبەر یاسا بە بێ جیاکاری بە ھۆی....باری ئابووری و کۆمەڵایەتی)بەڵام ئەم جیاکاریە لەسەر بنەمای باری ئابووری خەڵک بڕیاردراوە(discrimination based on status)، بۆیە کارێکی پوچەڵو ناڕەوایە، ئەمە ڕەوایی دانە بە نایەکسانی و جیاکاری، شکۆ شکاندنی ھاوڵاتی نەبێت ھیچی تر نییە.
بەڵێ دەکرێت حکومەت خزمەتگوزاریVIP پێشکەش بکات، بەڵام بۆ چینێکی شایستەی دیاریکراو، وەکو ئەوەی لە ھەندێک وڵات خزمەتگوزاری VIPپێشکەشی بەساڵاچوان دەکرێت، کەسی بەساڵاچوو خزمەتگوزاری بۆ دابین دەکرێت، ئەگەر پێویستی بە چارەسەر بوو لە دەرەوەی وڵات، دەوڵەت تێچووەکەی لە ئەستۆ دەگرێت، وە قەرزی تایبەتیان پێ دەدرێت. بۆیە دەبێت بزانن VIPلەچی و بۆچی دەکرێت؟
کەسی نەخۆش لەوانەیە پێویستیەکی خێرا ھەبێت بۆ ئەوەی فریای چارەسەر بکەوێت لە دەرەوەی وڵات، کەسی بازرگان لەوانەیە پێویستیەکی خێرای ھەبێت تاوەکو زەرەر بە سەرمایە و بازرگانیەکەی نەگات، کە پاشان ئەم زەرەرە بە نیشتیمانەکەمان دەگات، بەڵام ئەم پاساوانە لە کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆدا جێگایان نابێتەوە.
پاشانیش ھەرکەسێک کارێکی ھەیە و فریای مامەڵەکانی ناکەوێت، ژمارەیەکی زۆری پارێزەرمان ھەیە و دەتوانی بریکارنامەیان پێبدات، بەڵام ئەم کارەی کە کراوە و بەم شێوازە نا دەستووری و نا یاساییو نا ڕەوشتانەیە، داوا لە بەرپرسانی ئەم ھەرێمە دەکەین، ئەگەر ناشتوانن جیاوازی نێوان چینی دەوڵەمەند و ھەژار کەمبکەنەوە، تکایە زیادی مەکەن.
Top