رۆژی ئاڵای کوردستان

رۆژی ئاڵای کوردستان

ھەروەکو دەلێن" لام گرنگ نییە کەی و لە کوێ دەمرم، بارتەقای ئەوە لام گرنگە نیشتمانم ھەبێ و ئاڵاکەم بشەکێتەوە".
بێگومان ئاڵا گرنگی و بایەخی گەورەی ھەیە بۆ میللەتان و جێگای شانازی و ستایش کردنە ھەردەم بۆ ھەموو میللەتێک، جگە لەوەی خۆی لە خۆیدا رەمزێکە بۆ میللەتان . بیگومان میللەتی کوردیش زیاتر لە میللەتانی دونیا شانازی بە ئاڵای کوردستان دەکەین کە خەبات و تێکۆشانی بێ ووچان کرا بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواکانی میللەتەکەمان و سەربەستی وسەربەخۆی و شەکاوەیی ئاڵاکەمان لە سەر ھەر بستێکی خاکی پیرۆزی کوردستان ھەروەکو میللەتانی تر کە خاوەن ئاڵا و ووڵاتی خۆیانن، بۆیە ئاڵای کوردستان گرنگی و بایەخی تایبەتی ھەیە لای میللەتی کورد بە گشتی، وە یەکەمجار ئاڵای کوردستان بە شێوەی فەرمی لە کۆماری مھاباد لە ساڵی (١٩٤٦)ھەڵدرا وەکو ئاڵای کۆماری مھاباد و لە بەرواری (١٧/١٢/١٩٤٦)لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد درا بە خوالێخۆشبوو بارزانی نەمر کە ئەوکات سەرۆکی ئەرکانی حکومەتی مھاباد بوو، ئەو ئاڵایە بە ئەمانەتەوە پارێزرا تا ئەوە بوو پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری(١١/١١/١٩٩٩) بڕیاریدا بەرواری (١٧/١٢)ی ھەموو سالێک بکرێتە بە رۆژی ئاڵا ئەو ئاڵایەی کە بە ئەمانەتەوە لە دەستێکی پارێزراو پارێزرابوو ، ساڵانە لە (١٧)کانوونی یەکەم ھەموو کوردستانیان ئاھەنگ و رێوڕەسم ساز دەکەن بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان کە رۆژێکی زیندووە لای میللەتەکەمان .
ئەوەی من دەمەوێت لەم ووتارەدا باسی بکەم ئەوەیە گرنگە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ساڵانە بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان ووتارێکی یەکانگیرئامادە بکرێت و گشتاندنی بۆ بکرێت بۆ سەرجەم قوتابخانەکان لە رێگای بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکان تا لە رۆژی (١٧)ی کانوونی یەکەم بە ریز بوون و ئامادەبوونی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان ووتاری وەزارەت تایبەت بە رۆژی ئاڵا بخوێنرێتەوە و دواتریش ووتاری مامۆستایان و قوتابیان تایبەت بە ئاڵا بخوێنرێتەوە باسی پیرۆزی ئاڵای کوردستان بکرێت بۆ قوتابیان کە ئەوە تەنھا پارچە قوماشێک نییە و لە چەند رەنگێک پێک ھاتبێت ، بەڵکو ئەوە رەمزێکە لە ناخ و دڵ و دەروونی ھەمووان زیندووە ھەموو شتێکی گران و پڕ بەھای لە پێناو دەبەخشین بۆ ئەوەی بە شەکاوەی و بەبەرزی بمێنێتەوە بە قوتابیان بلێن ئەو ئاڵایە بوو پێشمەرگە قارەمانەکان گیانی شیرینی خۆیان بەخشی لە پێناو مانەوە و شەکاوەیی ئەو ئاڵایە، لەو رۆژەدا بە قوتابیان بلێن کە بەرامبەر ئەو ئاڵایە دەوەستین وا دەزانین بەرامبەر ھێزی ژیان دەوەستین لە سەر خاکی پیرۆز وەستاوین کە ناوی کوردستانە بە خۆر و خاک و ئاو و ھەوای بەرامبەر ئەو ئاڵایە بەرامبەر رەنگەکانی (سور و زەردەو سپی و سەوز)کە ھەر یەکەیان مانای تایبەتی ھەیە و بریتییە لە ناسنامەی کوردستانی ھەموومان لە ناو کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان، لە بیرمان نەچێت پێویستە ئاڵای سەر باڵەخانەی قوتابخانەکان و ناو گۆڕەپانەکان لەو رۆژەدا نوێ کرابێتەوە قوتابیە خۆشەویستەکانمان ئاشنا بکەین بە مێژووی ئاڵا و مانای ئاڵا وبوونی ئاڵا بۆ ھەر میللەتێک و لە بیریان بھێنینەوە میللەتان دەرۆن و نامێنن، بەڵام مێژوو دەمێنێ و تۆماری دەکات و ئاڵای کوردستانیش بە شەکاوەیی و پارێزراوی دەمێنێ لە سایەی جەنابی سەرۆک بارزانی وبەرگری پێشمەرگە قارەمانەکان وکوردە دڵسۆزەکان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top