ھەرێمی کوردستان و دیمۆکراسیی جەکسۆنی (سایکۆلۆژیای سیاسەت و بەرێوەبردن)

ھەرێمی کوردستان و دیمۆکراسیی جەکسۆنی (سایکۆلۆژیای سیاسەت و بەرێوەبردن)
بەدرێژایی مێژووی پڕسەروەری خەباتی رزگاریخوازی کوردستانیان لە دژی زۆرداری و کەڵەگایی ناحەزان و دەمارگیرانی خۆسەپێن، دوو چین و توێژ و لایەنی سەرەکی پشتەوان و ستوونەکانی راگرتنی ئەو شۆڕشانە بریتی بوونە لە چینی ھەژار و کەم دەرامەت، و ھەروەھا گۆند و گۆندنشینان. زۆرینەی پێشمەگە قارەمانەکانی شۆڕشەکانی بارزان و ئەیلول و گۆڵان، تەنانەت راپەرینە مەزنەکەی کوردستانیان لە دژی سەدامی گۆڕبەگۆڕ و زۆھاک و دیکتاتۆری ھاوچەرخیش، لە چینە ھەژارەکەی کوردستان، لە ھەموو ئایین و نەتەوە و ناوچەکان بوون، و بەتایبەت گۆندنشینانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و کوردپەروەر و خۆڕاگر و ماندوونەناس.
****
ئەو چینە گۆندنشین و ھەروەھا ھەژار و کەمدەرامەتەی باسی لێوەدەکەین و لە ھەموو ئەو نەھامەتی و ئەنفال و کێمیاباران و جینۆساید و بێ سەراوشوێن بوون و جەنگانەی بەسەر کوردستان ھاتوون، لە سەرەتای شۆڕشی ھاوچەرخی کورد تا ئێستا و تەنانەت لە شەڕی تاریکپەرستانی داعشیش، لە کاروانی بێ وچانی خەبات و تێکۆشان و قۆربانیدان و ئاوارەیی و شەھید و برینداربوون پشکی شێریان بەرکەوتووە.
ھەڵبەت بوونی ئەو چین و توێژە لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا، بۆ سروشت و کەلتوور و جۆگرافیای کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژینگەھی کوردستان دەگەڕێتەوە، و خۆدی ھەبوونی ئەو چینە، بەشێک بووە لە تراژێدیای زۆرداری ستەمکارانی دەستھەڵاتدار و داگیرکەری کوردستان. ئەگەر زۆر جار بە زیانیشیان کۆتایی بە شۆڕشەکان ھاتووە، بەڵام ھەمیشەش شانازی ئەوەیان پێبڕاوە کە وەک کێوەسەرکێشەکانی کوردستان، بە گیان و ماڵ، ھەموو ئەو شۆِرشانەیان پاراستوورە و راگرتووە و تا دوایین ھەناسە بەرگرییان لێوەکردووە، و بە دەگمەن چوونەتە پاڵ نەیاران و دوژمنان، و لە دڵسۆزترین چین و توێژەکانی ئەو شۆڕشانە بوونە.
ئێستا و لە سەروبەندی ئەو ئارامیەی لە سایەی خوێنی شەھیدانیان ھاتووتە ئاراوە، و پاش ئەوەی کە نەیارانی نێوخۆیی و ناوچە و زلھێزەکان بۆ بەرژەوەندی و سەپاندنی ویستی خۆیان ریفراندۆمی سەربخۆیی کوردستانیان، کە نزیکەی (٩٣%) دەنگیان بۆ دابوو، بۆ ماوەیەکی نادیار پەکخستووە، و دەیانەوێ بە زۆری زۆرداری بەردەوامی بەو پێکەوژیانە بدەن کە ئاسۆیەکانی ھێشتان نەک ھەر گەش و رووناک نین، بەڵکۆ زۆریش ئاڵۆز و نادیارن، چونکە ویست و حەزی خۆسەپاندن و نکۆڵیکردن لە بەرامبەر، و رێزنەگرتن لە خواستی گشت نەتەوە و پێکھاتەکانی ئەم وڵاتە بۆوەتە کەلتوور و فەرھەنگی سیاسی و ھزری و ئایدیۆلۆژیکی، و بەشێکن لە پێکھاتەی کەسێتی تاکی سیاسی لە دەستھەڵاتی حۆکمڕانێەتی ناوەندی، و ئەگەر ماوەیەک بەدیارناکەوێ یان گۆڕانێکی ئەرێنی بەخۆیەوە دەبینێ تەنھا لەژێر گۆشارەکانی ھۆکار و فاکتەرەکانی ئابووری و سیاسی کاتی، و لایەنەکانی دیکە و بەتایبەت وڵاتانی رۆژئاوا و ...ھتد، بووە و دواتر دیسان تراژێدیای بێ متمانەیی و نەسازان و لێکتەرازان و پیلانگێڕی و شەڕئەنگێزی سەریھەڵداوە. ئەوە ئەزموونی چەندین ساڵەی پێشووی کوردستانیانە، و ئێستاکە، وەک ئاماژەکان دەریدەخەن، یان ھیچ نەبێ خۆیان وا پیشاندەدەن، دەرەفتێک تێگەیشتنێکی نوێ ھاتووتە پێش. ئەو ھەوڵانەی کە ھەمیشە، یان بەلایەنی کەمەوە زۆربەی جار و ئەم جارەش بە دەستپێشخەری کوردستانیان و کورد بووە، و ئەم جارەش جەنابی سەرۆک بارزانی پێی ھەڵساوە وەک "کۆتانێ ئاسنی سارد" وایە، چونکە وەک دەڵێن :" خانوو لە بەری بنیاتەوە وێرانە/ کەچی ھۆستا بەدوای دیکۆری ئەیوانە"[ئەگەر چی ئۆمێد دەکەین ھیچ نەبێ ئەمە دوا وانە و دوا دەرفەت بێ کە دەستھەڵاتی ناوەندی بزانن کورد ھەمیشە پاکانە ویستوویەتی لە گێژاوی ململانێکان خۆی و ئەوان رزگار بکات و ھەموو دەستپێشخەرییەکانی کورد گەواھی ئەو راستیەن]، بەڵام ئۆمێدەکان ھەمیشە مایەی بڕەودانن بە ژیان.
بە واتایەکیتر لەم بوارەشدا ھەردیسان گەشبینی زۆر باشترە لە رەشبینی. ھیچ نەبێ بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە ئاورێک لە چینی ھەژار و کەمدەرامەت (کە بە پێی ئامارەکان رێژەکەی لە ٣٤% زیاترە و بەرەوە ھەڵکشانەوەیە)، و ھەروەھا گۆندنشینان بتوانن لەسایەی دادپەروەری و یەکسانی و ئاشتەوایی ھەناسەیەکی زیاتر ھەڵکشن و بەچاوێکی خۆشبیانەترەوە لەو ژیانە سەختە بڕوانن، کە بۆ سەدان ساڵە و بە تایبەت لە دوای جەنگە نگریسەکانی نێو خۆ و شەڕەسەپێنراوەکەی تاریکپەرستانی کۆنەپەرستی داعش، بووژانەوەیەک لە ژیانیان رووبدات.
ئێمە لەو قۆناغەدا پێویستیمان بە تیۆریسییەنێکی وەک ئەندرۆ جەکسۆنە. جەکسۆن (A. Jankson, ١٧٦٧-١٨٤٥)، ھەفتەمین سەرۆکی وڵاتی ئەمریکا، خاوەنی ئەو بیرۆکە و بیردۆزەی دواتر بەناوی "دیمۆکراسیەتی جەکسۆنی" لە جیھانی سیاسەتدا دەناسرێت، لە ئەمریکا ئەو وڵاتەی ھەر لە سەرەتای جەنگەکانی سەربەخۆیی خۆی لە دوای نیوەی چەرخی ھەژدەھەم و ساڵی دانانی دستوورێ وڵاتەکەی لە ١٧٨٩ وە بەدەست سەدان جەنگی کۆشندە و ماڵوێرانەکەرەوە دەیناڵاند، و بۆ نموونە تەنھا لەسەردەمی جەنگەنێوخۆییەکانیدا بە لایەنی کەم شەشسەد ھزار کوژراوی ھەبووە و ئەمەوە جگە لە زۆریتر و لە ساڵنیتردا، بەڵام ھزاران سەرکردەی دڵسۆز و کەسانی وەک جەکسۆن بنیاتەکەیان وا داڕشتووە کە دەبینین دوای زیاتر لە دوو سەدە ھێشان بناغەی بەھێزبوونی ئەم وڵاتەیە.
جەکسۆن خۆی پەروەردەی بنەماڵەیەکی ھەژار و کەمدەرامەتی ویلایەتی تێنێسی، بە ھۆی ئەو بۆێرییەی لە بەرەی جەنگەکان پیشانیدابوو گەیشتە پلەی ژنڕالی، و دواتر سەرۆکایەتی وڵاتەکەی. تیۆرییەکەی جەکسۆن خۆی لەوەدا دەبینێ کە پێویستە دەولەت و حکومەت پارێزەری بەرژەوەندییەکانی زەحمەتکێشان و خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت، ئەوانەی کە لە پیشەکانی وەک کشتوکاڵ و بەرھەمھێنان و لە شوێنە جۆگرافییەکانی دووردەست و گۆند و شارە دوورەکان دەژین، بێ. جەکسۆن توانی لە ماوەی چوارساڵی حۆکمڕانی خۆ دەستھەڵاتی سەرۆکی وڵاتەکەی خۆی بگەینێتە لووتکە، و بە پێداچووونەوە بە سیستەمی بانکی و پارە ھەموو ئەو قەرزانەی لەسەر حکومەت بوون قەرەبۆبکاتەوە و بداتەوە و رێژەی پارەی نێو خەزێنەی وڵات بگەینێتە ئاستێکی بەرز. ئەگەر چی چاکسازییەکانی جەکسۆن بێ ئاستەنگ نەبوون بەڵام ئەو توانی وەک پێویست خزمەتی وڵاتەکەی بکات. جەکسۆن لەو سیاسەتە تووند و دژوارەی خۆیدا، گرفتی ھەرە سەرەکییەکەی نەیارانی بوون کە لە دژی بیردۆز و چاکسازییەکانی ئەو دا پارتێکیان بەناوی "ویگ"(Whig) دروستکرد. بەڵام ئەمە واقعی جیھانی سیاسەتە و ملمڵانێیەکان لەگەڵ بەرژەوەندیخوازان بەشێکە لەم جیھانە، و بوێرترین سەرۆک ئەو کەسەیە بتوانێ بە متمانە بەخۆبوونەوە و چاکسازییەکانی، بەرگەی نەیارانی بگرێ. دیارە پاڵنەری سەرەکی کۆڕە ھەژارێک کە بووەتە سەرۆکی وڵاتێکی مەزن، و ویستی خزمەتی یەکێک لە چینە دیارەکانی کۆمەڵگەی خۆی بکات، پاڵنەرێکی بچووک نەبووە. ئەم چینە دەتوانێ بۆ وڵات و نەتەوە مەزنترین و پاڵپشت و ھێزی ئامادە و یەدەک بێ.
ئەوەتا ئێمە لەم قۆناغەی حۆکمڕانیدا، زیاتر لە ھەر کاتێک پێویستیمان بەم بیردۆزە ھەیە، چونکە بە پێچەوانەوە ھەر بزووتنەوەیەکی سیاسی، کە چینی ھەژار و کەمدەرامەت و جووتیاران و گۆندنشینان پشتیان تێکرد، ئیتر لە لەنێوچوون و رووخان نزیک دەبێتەوە. بەھاری عەرەبی و تونس و ... ھتد، بچووکترین و نزیکترین نموونەن.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا زیاترین پێویستی بە ھێزی ھەژاران و گۆندنشینان ھەیە و بە ھەمان ئاراستەش دەبێ دوور لە سێبەری ئۆرگانەکانیتری کۆمەڵایەتی، و تەنھا لەرێگەی لایەنە پەیوەندارەکانی راستەوخۆی نێو کۆمەڵگەی کوردەواری و گۆندنشینەکان و تەنھا و تەنھا لە رێگەی کەرت و دامەزراوە حکومییە یاساییە شەرعیەکان، ھەڵسوکەوت لەگەڵیاندا بکات و بە دانانی سیستەمەکی تووند و تۆڵ و دژوار و بێبەزەییانەی یاسایی چاودێری ئەو پەیوەندییە و خزمەتگۆزارییە بکات و کەمترین سەرپێچییەکان بە تووندترین شێوازەکان سزا بدات، بەتایبەت ئەوەی لە بەرژەوەندی تایبەت چینەکانی بەرزترە.
ئەو نھێنی سەرکەوتنی سیاسەت و وڵاتێکە، کە تەنھا لە ماوەی دوو سەدە، توانیویەتی بیێتە وڵاتێکی زلھێزی ئەم جیھانە، و ئێمەی کورد بە زیاتر لە دوو ھزار و ھەوت سەد ساڵ نەمانتوانیوە بگەینە قۆناغی زۆر بچووک، چوونکە چینی ھەژار و کەمدەرامەت و گۆندنشینان، لەبن سێبەری جیھانبینییەکی کۆمەڵایەتی کلاسیکی و ماوەبەسەرچووی نەگۆنجاو لەگەڵ چیان و کێشە و گیروگرفتەکانی ھاوچەرخ، بە گشتی پەروێزخراو و بەڵکۆ بێبایەخ ھەژمارکراون. بەلگەش بۆ ئەم گۆتنە ھزاران گیرو گرفت و پەرێشانی خێزانی و دەروونی و کۆمەڵایەتین کە بەرھەمی نەداری و ھەژاری کۆمەڵگەن، و کۆشندەترینیشیان بەرزبوونی رێژەی جیابوونەوە و لەویش کۆشندەتر پەیوەندیکردن بە تۆڕە تیرۆریستیەکانە بەناو و نیشانی جیاواز بەڵام لە ناوەرۆک و بنەڕەتدا بە ھۆکاری جیاوازی و لاوازی باری ئابووری خێزانەکان بووە. ھەمان ئەو تیۆرییەی بەر لە سەدەیەک کارل مارکس و ئەنگلس و دواتر لێنین پێیانھەڵداوە.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری پێداگۆگیا و سایکۆلۆژی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
-ئەم بابەتە ل لاپەڕە ٦ی ژمارە ٥٦٤٥ ی رۆژنامەی خەبات لە رێکەوتی ٣/١٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە.
Top